ئابوری موزەفەری "پاشەکەوتی حەکیمانە"

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 30-06-2018 - 3141 جار خوێندراوەتەوە

دەگێڕنەوە لە سەردەمی موزەفەرەدین شای قاجار، کیلۆی گۆشت لە ئێران بە دوو ریاڵ بووە و ڕۆژێک لە ڕۆژان قەسابەکانی تاران لە خۆیانەوە کیلۆی گۆشتیان کردە سێ ریاڵ.

کاتێک خەڵکی بەمەیان زانی ڕژانە سەر شەقامەکان و بە بەرزکردنەوەی هۆتاف و درووشمی جۆراوجۆر دژی ئەم بڕیارەی قەسابەکان وەستانەوە.
ئەم هەواڵە گەیشتە لای موزەفەرەدین شا و کابینەی حکومەت داوای پێدانی راوێژ و ڕێگە چارەی دۆخەکەیان لێ کرد. 

سوڵتانی ساحێب قران ( نازناوی پاشاکانی قاجار بوو و فەتحەلی شای قاجار لە سەردەمی خۆی دایهێنا)، دوای نەختێک بیر کردنەوە و تێفکرین، فەرمانی دەرکرد قەسابەکان ئەمجارە بۆ هەر کیلۆ گۆشت پێنج ریاڵ وەربگرن. واتە دوو ڕیاڵ گرانتر لە نرخی بازار. 
ئەم جارە خەڵکی ناڕازی بۆ جاری دووەم ڕژانە سەر شەقامەکان و چی دوکان و بازاری قەسابەکان هەبوو، ئاگریان تێ بەردا و سووتاندیان و خاپوریان کرد.

ئەندامانی کابینەی حکومەت ئەمجارە چوونە لای خاوەن شکۆو بە جەنابیان ڕاگەیاند، گەورەم خەڵکی دوکان وبازاری قەسابەکانیان وێران کرد و ئەم ڕێگە جارەی جەنابتان دەرەنجامی پێچەوانەی لێ کەوتەوە!

موزەفەرەدین شا ئەمجارە فەرمانی کرد بۆ هەر کیلۆ گۆشتێک لە جیاتی پێنج ڕیاڵ، چوار ڕیاڵ وەرگرن. واتا کیلۆی گۆشت کاتی خۆی بە دوو ڕیاڵ بوو، بەڵام ئەمجارە بوو بە چوار ڕیاڵ ههههههههه!!!

خەڵکی کە زانیان گۆشت لە پێنج ڕیاڵەوە بووە بە چوار ڕیاڵ ( کاتی خۆی بە دوو ڕیاڵ بوو)، کەوتنە نزا و پاڕانەوەو کرووزانەوە دەستی دوعایان بۆ سەلامەتی و تەمەن درێژی و پایەدار بوونی جەنابی شای خاوەن شکۆی دەوڵەتمەدار بەرەو ئاسمان بەرز کردەوەو لەسەر شەقامەکان نوێژی شوکرانەیان بە جێ گەیاند و داوایان دەکرد خوا لە تەمەنی ئەمان کەم کاتەوەو بیخاتە سەر تەمەنی پاشاوە!


 ( خدایا خدایا از عمر ما بکاه و بر عمر شاه بیفزا...)

وێنە: خاوەن شکۆ موزەفەرەدین شای قاجار، پێنجەم پاشای قاجار کوری ناسرالدین شا و باوکی محمد علی شای قاجار لە ساڵی ١٩٠٧ لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و ماوەی دە ساڵ پاشای ئێران بوو.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP