ئەو پشیلەیەی تەزویرە گەورەکەی ئەنجامدا

دانەر ڕەشید - 23-06-2018 - 11442 جار خوێندراوەتەوە


بەروار ۳۰ ئازاری ۲۰۱٤ یەو هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، وردە وردە کات بەرەو ئێوارە دەچێت و وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنەکە کۆتایی دێت. کاتژمێر حەوت بنکەکانی دەنگدان داخران و پاش پشویەک دەست بە ژماردنی دەنگەکان کرا. لەم سەروبەندەدا و لەگەرمەی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا کارەبای زیاتر لە ۲١ پارێزگای تورکیا پێکەوە کوژایەوە و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لە نیوەشەودا لەبەرژەوەندی ئاکپارتی زۆرێک لە هاوڵاتیانی تورکیای توشی شۆک کرد.

بۆ ڕۆژی دواتر تانەر یڵدز وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، "بەڕێزان تکایە گاڵتەتان لێ نەیەت، هۆکاری بڕانی کارەبای ئەو پارێزگایانە بەهۆی خۆهەڵدانی پشیلەیەک بوو بۆ ناو یەکێک لە وێسگەکانی کارەبا و دروستبوونی شۆرتی کارەبا". ئەم قسەیەی جەنابی وەزیر هەرزوو بوو بە جێی گاڵتەجاڕی و نوکتەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و مەسەلەی "پشیلە تەزویرچیکە" بوو بە چیرۆکی فۆلکلۆری ناو خەڵک.

ئەوەی جێی سەرسوڕمان بووبەپێی هەموو ئەو ڕاپڕسیانەی کە پێشتر دەزگاکانی نزیک لە ئاکپارتی ئەنجامیدابوون، ئاکەپە ڕێژەی ٤۲% دەنگەکان زیاتری بەدەستنەدەهێنا بەتایبەت دوای ئاشکرابونی سکانداڵی چوار وەزیری ئاکپارتی بە تێوەگلانیان لە وەرگرتنی بەرتیل. بەڵام پاش ئەوەی پشیلەکە خۆی هەڵدایە ناو وێستگەی کارەباکەوە، ئەنجامەکانی ئاکپارتی بەشێوەیەکی شۆکهێنەر بەرزبووەوە و دواین ئەنجامەکان گەیشتە لەسەدا ٤۹%.

وابریارە سبەینێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامبدرێت و مەترسی ساختەکاری گەورە دەکرێت لەلایەن ئاکپارتیەوە چونکە دەنگۆی ئەوە هەیە زیاتر لە ٢ ملیۆن ئاوارەی سوری ناویان تۆمارکراوە و دەتوانن دەنگ بدەن. سەرکردەی پارتەکانی ئۆپۆزیۆنیش بەئاشکرا ڕایانگەیاند کە ترسیان لە ئەنجامدانی ساختەکاری هەیە و کەمال کلچدارئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە دڵنیایی دایە هاوڵاتیان کە بە گیانیان سندوقەکانی دەنگدان دەپارێزن.

بەکوردیەکەی لە نەبونی یاسا و دامودەزگای سەربەخۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێ خەوش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەونێکی شاعیرانەیە و ئەنجامدانی ساختەکاری بووە بە نەریتێکی باو بۆ مانەوەی پارتە دەسەڵاتدارەکان. با چاوەڕێکەین بزانین سبەینێش پشیلەکە خۆی هەڵئەداتە ناو وێستگەی کارەباکەوە و سەرجەم سندوقەکانی دەنگدان هاک بکات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP