کامیان باشترە بۆ کورد، ئەردۆغان یان ئینجە؟

دانەر ڕەشید - 19-06-2018 - 5166 جار خوێندراوەتەوە


ڕۆژی ۲٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت و تێیدا شەش کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسی سەرۆک کۆمار. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئاکەپه، موحەڕەم ئینجە لە جەهەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەدەپە، و مێرال ئاکشەنەر لە ئیی پارتی دیارترین کاندیدەکانی سەرۆکایەتین. گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا کە ئەردۆغان دەسەڵاتدار بووە، ئەمە یەکەمین جارە ئەردۆغان ڕوبەڕوی ڕکابەرێکی بەهێز دەبێتەوە کە مەترسی لەسەر کورسیەکەی دروست دەکات و کێرڤی جەماوەری ئاکپارتی بەشێوەیەکی دراماتیکی دادەبەزێت و مەترسی لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی لای ئاکپارتی دێتە ئاراوە.

بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی تا ئێستا ئەنجام دراون هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەچێتە خولی دووەم، هەروەها هەدەپە بە مسۆگەری دەتوانێت بەربەستی لە سەدا ۱۰% دەنگەکان تێببەڕێنێت و پێگەی خۆی لە ناو پەرلەمانی تورکیا بپارێزێت. بێ شک کاندیدی دڵخوازی هەرچوار پارچەی کوردستان سەلاحەدین دەمیرتاشە و ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی لەسەر هەموو کوردێکە پشتیوانی لە ستراتیژی هەدەپە بکات و هەوڵەکانیان بەرزبنرخێنرێت لە بەرەنگاری جەور و ستەمی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان. بەڵام ئاماری نێو ڕاپرسیەکان دەریدەخەن لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، ئەردۆغان و ئینجە دەمێننەوە و دەمیرتاش دەنگی پێویست بەدەستناهێنێت. لێرەدا ئەرکی مێژویی کوردەکان دەستپێدەکات کە دژی سیاسەتی تاکڕەوانەی ئەردۆغان پشتیوانی لە موحەڕەم ئینجە بکەن چونکە سەرکەوتنی ئینجە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لە فاشیزمی ئاکەپە و بوژاندنەوەی بنەماکانی دیموکراسی لەو وڵاتە.

بۆچی ئینجە لە ئەردۆغان باشترە؟
موحەڕەم ئینجەی ٥٤ ساڵ کاندیدی پارتی گەلی کۆماری جەهەپەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار. ئینجە کەسێکی موحافزکارە بە ڕواڵەت، دیموکراتخوازە بە پرەنسیپ، وتاربێژێکی بەتوانا و ڕەخنەگرێکی توندی سیاسەتەکانی ئەردۆغانە. ئینجە پیشەی سەرەکی مامۆستای فیزیا بووە و ۱٦ ساڵە پەرلەمانتاری جەهەپەیە و خاوەن پێگەیەکی جەماوەری بەهێزە لەناوە و دەرەوەی حیزبەکەشی.

ئینجە وەک خۆی دەڵێت بڕوای بە جیاوازی چینایەتی و نەتەوایەتی و مەزهەبی نیە و بەرگی ڕەگەزپەرستی لەبەری داکەندووە. لای ئینجە سەنتەر مرۆڤە و ڕێزگرتن لە بەهامرۆییەکان ئەرکی لەپێشینەی دەوڵەت. وەک خۆی باسی دەکات ئەزمونی پەروەردەیی و مامۆستایەتی وانەیەکی گرنگی چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری فێری ئینجە کردووە کە بە یەک چاو سەیری هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بکات. ئینجە چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئەو دەیەوێت تورکیا ڕزگاربکات لەو جەمسەربەندی و دابەشکاریەی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان سەپاندویەتی و دەیەوێت ببێتە سەرۆکی ٨۱ ملیۆن هاوڵاتی بەبێ جیاوازی. 

لەبەرامبەردا شەش ساڵی کۆتایی دەسەڵاتی ئەردۆغان شاهیدی ئەو ڕاستیەیە کە ئەردۆغان تورکیای کردووە بە "زیندانێکی بچوک" بۆ نەیارەکانی، مافەکانی مرۆڤی و پرەنسیپەکانی دیموکراسی ژێرپێخستووە و شتێک نەماوە بەناوی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان. لای ئەردۆغان ئەگەر هاوڵاتی ئینتیمای بۆ سەڵتەنەتی تاکڕەوانەی ئەو نەبێت و بەشێک نەبیت لە ئەجێندای ئاکپارتی، ئەوە لە دەرەوەی بازنەی مافەکانی هاوڵاتیبوونە و باشترین نمونەش داپڵۆسینی ئەندامانی هەدەپە و لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن و ڕۆژنامەنوسانی ڕەخنەگری دەسەڵاتن کە بەبێ بڕیاری دادگا لە کونجی زیندان خزێنراون. لەناوخۆ و دەرەوەی تورکیاش، تەنها کەسانێک پشتیوانی لە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان ئەکەن کە بە دیدێکی ئایدۆلۆژی ئیسلامی بیردەکەنەوە و پێیان وایە ئیسلامیەکی زۆردار باشترە لە عیلمانیەکی دیموکراتخواز، کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی بنەما ئیسلامی و ئینسانی و ئەخلاقیەکانە.

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین چینە چەوساوەکانی تورکیا و لەنێویشیاندا کورد سودمەندی ئەم گۆڕانکاریانەی تورکیا دەبێت. ئەگەر ئینجە سەرکەوتن بەدەستبێنێت، کورد لە ماسکە فریودەرەکەی ئەردۆغان ڕزگاری ئەبێت، چیتر ئەندامانی هەدەپە لەسەر بیروڕای سیاسی ناخرێنە زیندانەوە، کوردانی ڕۆژئاوا لە چنگی داگیرکەرێک ڕزگاریان ئەبێت، چیتر گەلی تورکیا بە دوژمنی وەهمی فەتۆ و داعش ناترسێنرێن. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین گرنگ نیە سەرۆکی داهاتوی ئەو وڵاتە ئیسلامی بێت یان کورد بێت، بەڵکو پێویستە شکۆ بۆ هاوڵاتیان بگەڕێنێتەوە و ڕێز لە یاسا  بگرێت و کار بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی بکات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP