بەپەلە

دزی و حکومڕانی !

توانا ئەحمەد خەیات - 18-06-2018 - 5215 جار خوێندراوەتەوە

لای هەموو کەس ئاشکرایە  کە دز بەو کەسە ئەوترێت کە ماڵ وسامانی کەسێکی تر ئەدزێت ، بە تایبەتی ئەم کرداری دزی کردنەش بەشێوەیەکی نهێنی دەبێت بەبێ بەکارهێنانی هێز ، توندوتیژی  تۆقاندن . وە یاخود بەهۆی بەکارهێنانی  هێز و توندو تیژی و تۆقاندنەوە ئەو کارە ئەنجام ئەدرێت .

بۆیە لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا ئەو کەسەی ئەم کارە ئەنجام ئەدات  ڕووبەڕوی  دادگایی کردن یاخود تۆڵە لێسەندنەوە  ، هەروەها  سزادان ئەبێتەوە ... لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەم ڕێکارانە دژ بە کەسانی دز  رێکخراوە چ لە ڕێگەی یاسای مەدەنی یاخود یاسای ئاینی  وە یان بە ڕێگەی عورف وعادەتی کۆمەڵایەتییەوە ..

بەڵام لەم ووڵێتەی کە پێی دەوترێت عێڕاق بەگشتی و کوردستانی خۆشمان بەتاییبەتی   کارەکە لە واقیعدا تەواو پێچەوانەیە  چونکە  لە ڕووە میدیای و ڕوکەشییەکەیدا  هەمان تێڕوانین بەرامبەر بە کەسانی دز هەیە  بەڵام دەبیبین کە لە هەموو کایەکانی ژیاندا  ئەو کەسانەی کە لێپرسراون یاخود ڕاستر بڵێن دەسەڵاتدارن ئەگەر دزیش بن   کەس ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات و سزایان بدات. 

ئەم کەسانە  نەک هەر خۆیان بەڵکوو کەسانی چواردەوریان واتە ئەو کەسانەی کاریان بۆ دەکەن یاخوود ڕاستر بڵێین ئەو کەسانەی  سەر بەوانن  بە هەمان شێوە  لە کاتی تاوانبار کردنیان بە دزی یاخود ئەنجامدانی دزی هەر گیز ناتوانرێت  لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن  بەڵکو زۆر کات بووە لە پای ئەو دزی کردنەیان  پلەو پۆستیان بەرزتر و دەسەڵاتی زیاتریان  پێ بەخشراوە.

 بە دیوێکی تردا  جێبەجێکردنی یاسا وسزا دان لە پای دزی کردن  زۆر بە ووردی  بەسەر کەسانی بێدەسەڵات و بێ پشت وپەنادا جێبەجێ دەکرێت  و لەسەر دزینی شتێکی زۆر  بچووک بە بەراورد بە دزینی سەروەت وسامانی وڵات یاخود دزینی داهاتی نەوت .

زۆر ڕاستە دەوترێت دزی هەر دزییە  ئەگەر ئەو دزی کردنە  بچوک بێت یان گەورە پێویستە تاونبار سزای خۆی وەربگرێت . بەڵام کارەستەکە لەوەدایە کە  دزە گەورەکانی ووڵات  ئێستە بونەتە کاربەدەست و بەردەوامن لە دزینی هەموو شتێک کە سەرچاوەی داهاتە وەک  ( نەوت ،  باج ، قازانجی  کۆمپانیا زەبەلاحەکان ، گومرگەکان ....هتد )

ساڵ بەساڵ  بە مەبەستی جێگیر کردنی پایەکانی دەسەڵاتیان و خۆ دزینەوە لە بڕیاری میللەت  داهێنان ئەکەن لە دۆزینەوەی جۆری تازە لە دزی کردن  هەر وەک چۆن لە کاتی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە دارییە دروست کراوەدا  بەمەبەستی پڕکردنەوەی  کورتهێنان لە دەستکەوت و داهاتی خۆیان کەوتنە دزی کردن لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی کوردستان بەناوی پاشەکەوتی موچەوە  دزیەکی زۆر زۆریان لە  فەرمانبەران و مووچەخۆران کرد .

ئەمساڵیش لە سەرو بەندی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێڕاقدا ئەیان زانی گەر هەڵبژاردنێکی پاک وپێگەرد ئەنجام بدرێت ئەوا دڵنیان کە خەڵکی  دەنگیان پێنادات و پێگەو دەسەڵاتیان ئەکەوێتە مەترسییەوە  بۆیە داهێنانێکی تریان کرد لە دزی کردندا ئەویش دزینی دەنگی ڕاستەقینەی هاوڵاتیان بوو  بە ئەنجامدانی ساختەکاری گەورە لەو هەڵبژاردنەدا.

کەواتە لەجیاتی سزادان و لێپێچینەوە ، دزی کردن بۆتە هۆکاریك بۆ بەهێزکردن و مانەوە لە پێگەی دەسەڵاتدا....


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP