بەپەلە

ئۆلیگارشی دێرین و کوردایەتی

سلێمان عەبدوڵا یونس - 17-06-2018 - 28236 جار خوێندراوەتەوە


ھەتا ئەم فۆڕمە لە حزب ماڵئاوایی نەکات ڕەنگە دیموکراسی و ھەڵبژاردن ھیچ بەھایەکی نەبێت، چونکە ئەوەی دەگۆڕێت تەنھا جۆر و میکانیزمی ساختەکاریەکانە. لای ئەم فۆڕمە لە حزب کە «ئۆلیگارشی دێرین» خاوەندارێتی دەکات، ھەموو شتێک بە کۆنی و دێرینیەوە، ڕەونەقدارە. لەناو کۆنەستە تەقلدییە کوردیەکەی ئەم فۆڕمەدا، باسی دەستاودەسکردنی دەسەڵات و ھێنانەکایەی نوێبونەوە، بەمانای بێڕێزکردنە بە مێژوو. چونکە لە دنیابینی ئەوەوە، ئایندە لە سۆنگەی ڕابردوەوە، بەرجەستە دەبێت و ئێستا بۆ مانەوەی جەنگاوەران و پیاھەڵدانی دوێنێیە.

پێشمەرگەی دێرین ، تێکۆشەری دێرین ، ڕێکخستنی دێرین، وێڕای ئەوەی گەورەترین قوربانی ئەو فۆڕمە لە حزبن، کەچی ھەردەم بەناوی ئەوانەوە، بە پیرۆزیەتی ئەوانەوە، بە ڕابردووی ئەوانەوە، بەرگری لەم حزبۆکڕاتیەتە دەکرێت، کە سەرچاوەی نەھامەتی ئەوان و مایەی قەڵەوبونی ئولیگارشیە دێرینەکانە.

زۆرجار ئۆلیگارشیە دێرینەکان، پڕوپاگەندەی قەبە دەکەن و عاتیفەی عەوام بۆ سەلەفیەتی مێژوویی و سەلەفیەتی حزبی و سەلەفیەتی شۆڕشگێڕی دەبزوێنن و زۆڵانە بەرگری لە پێویستیەکانی بوونی خۆیان وەک ئەبەدیترین فریادڕەس دەکەن، وەک ئەوەی بۆ سەربەخۆیی و کەرکوک و پێشمەرگە کردیان.

لەناو ئۆلیگارشیە دێرینەکاندا، دەرەبەگایەتی سیاسی و فەرمانڕەوایی بنەماڵە پەیدا بوو، بەڵام ھەرگیز ناتوانرێت ببێت بە ئەرستۆقراتیەتێکی قەومی ڕاقی. جەنگاوەری ئازا و شەڕکەری بەجەرگ پەیدا بوون، کە سڵ لەگیانبازی ناکەنەوە، بەڵام ھەرگیز ڕێبەری نیشتیمانی و کارێزمایی نەتەوایەتی لەناویاندا ھەڵناکەوێت. کەئەوەش بەدبەخیە ئەزەلیەکەی کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستانە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP