پێشمەرگە لە نێوان نیشتیمان و سەرکردە ڕاکردووەکاندا

عوسمان گوڵپی - 15-06-2018 - 10544 جار خوێندراوەتەوە


پێشمەرگە وێڕای توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەن لە هەمانکاتدا پارێزەری توێژەکانیترن و ئەرکێکی گەورە جێ بەجێ دەکەن چ لەڕووی ئاینی و چ لە ڕووی دنیاییەوە، چونکە ئەوان بەشێکن لە هێزی پاراستنی ژیانی خەڵك و پاراستنی خاكی خەڵك کە بێگومان ئەم پاراستنەش بە گرنگترین و بەبەهاترین شتێکە کە گیانی مرۆڤە، بۆیە کاتێك ژیانی لەدەست دەدات لە دنیادا خۆی و کەسوکاری ڕێزلێگیراون و بۆ هەرکەسێکیش پەیڕەوی ئاینی ئاسمانیە ئەوا بەرگریکردن لە خاك ئەرکێکی ئاینیەو مردن لە پێناویا شەهیدبونە.

بۆیە بەلاڕێدابردنی ئەرکو مهامی پێشمەرگە تاوانێکی گەورەیە و ناکرێ نە پێشمەرگە خۆی و نە هاوڵاتیانیش قبوڵی بکەن، چ گەورەییەکە مرۆڤ پاسەوانی خاكبێت و لە ڕیزی جەنگاوەرانی وڵاتەکەیدا بێت، بۆ یە ناکرێ ئەم گەورەییە بچوك بکەینەوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزی و بنەماڵەیی و شەخسیدا، کە بەداخەوە بەهۆی ئەوەی هێزە بەرژەوەندی خوازەکان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵەیان کردوە نەك بەرژەوەندی گشتی، هاتوون تەواوی دامەزراوەکانیان خستۆتە خزمەت خۆیانەوە و بەمەش لە بەهایان کەم کردونەتەوە، ئاخر ناکرێ پێشمەرگە لە بەرگریکار لە نیشتیمانەوە ببێتە بەرگریکار لە بەرپرسی تەزویرچی و فەرماندەی ڕاکردوی جەنگ، ناکرێ لە ئەرکی نیشتیمانیەوە بیکەیتە پاسەوانی موڵک و ماڵی تاکەکەس و ڤێلای بەرپرسان، چۆن ئەبێ ئەوانەی لە شەڕدا ڕاکردون فەرماندەی قارەمانەکانی جەنگبن، چۆن ئەبێ ئەوانەی خاك دەفرۆشن بڕیار بەدەستی خاك پارێزەکانبن، زۆر دوور نییە و تەنها دووساڵێك بەرلە ئێستا بوو پێشمەرگە شەڕی قارەمانانەی لە بەرامبەر هێزێکی دڕندەی وەك داعش دەکرد و بەرگری لە هەموومان دەکرد کەچی ژمارەیەك بەناو فەرماندە تجارەتی نەوت و ئۆتۆمبێلیان لەگەڵ داعش دەکرد؟ دەزانن چ تاوان و خیانەتێکی گەورەیە مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن.

زۆر دوور نیە ئەوانەی بەڕۆژ لە کەرکوك لەبەردەم کامێرادا شانیان بادەدا و بە دوژمنیان دەوت کوان ئەگەر ئازان بابێن، کەچی هەرزوو بێ ئەوەی پێشمەرگە ئاگادار بکەنەوە لەدواشەوەنەوەستان و ڕایان کردەوە بۆلای ڤێلاو دۆلارەکانیان، بۆیە حەقی پێشمەرگەیە بپرسێت بۆ ڕاتان کرد؟

حەقی خۆیەتی پێشمەرگە بپرسێت ئەرێ جەنابی فەرماندە ئەم هەموو سەروەت و دۆلارەت لە کوێوە هێنا و من بۆ کرێی خانوم نیە؟ حەقیەتی بپرسێت ئەرێ بەڕاست ئەم هەموو نەوتە دەفرۆشن پارەکەی دەچێتە گیرفانی کێ وا بۆ من موچەیەك بە ڕەوا نابینن؟ 

من دەزانم ڕۆژانە هەزاران پێشمەرگە ئەم پرسیارانەی بە مێشکادێ و لەبەر خۆیەوە دەیانکات، بۆیە لە هەر گۆڕانکاریەکیشدا ئەوان ڕێزلێ گیراو شکۆ پارێزراون و هێزو ئیرادەی میللەتێکن و پارێزەری نیشتیمانن نەك بەرپرسە ڕاکردوەکان، بۆیە هیچ کات ڕێگەنادەن لە پاراستنی خاکەوە ببنە پارێزەری بەرژەوەندی شەخسی، کە خۆشبەختانە هەزاران پێشمەرگەو فەرماندەی ئازا حیزبیان تێپەڕاندوە و هەنگاوێك نانێن لە خزمەت نیشتیماندا نەبێت، بۆیە جێگای شانازی ئێمەی هاوڵاتین


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP