بە نیشتمانیکردنی پێشمەرگە، لەدایک بوونی دیموکڕاسیە

ئارام قادر حەمەسور - 13-06-2018 - 5165 جار خوێندراوەتەوە

ناوی پێشمەرگە بەردەوام وێنای ئازایەتی و نیشتمان پەروەری بوە، لەسەردەمی سەدام حسێن بونە پێشمەرگە گەورەترین بڕوانامە بوە، سەدان گەنج شارو زانکۆیان جێدەهێشت و ڕویان دەکردە شاخ بۆئەوەی ببنە پێشمەرگە.

بەردەوام پێشمەرگە وێنایەکی جوانی نیشتمانیی داوە، بۆیە گەنجان زۆر ئازایانە ڕوبەڕوی مەرگ دەوەستان و پێشوازیان لە مەرگ دەکرد.
 
هەر لە قۆناغی شاخدا بو پێشمەرگەیان دابەشکردو توشی شەڕی کورد کوژیان کرد. مێژوی ساڵانی حەفتاو  هەشتاکان پڕە لە دیمەنی کوردکوژی!؟ نمایشی ماسولکە ساسیەکان لەڕێگەی هێزی پێشمەرگەوە کراوە! لەم ناوچەیەدا حیزبی چەکدار بەردەوام دەبێتە مەترسی، چونکە بەردەوام  عەقڵی چەکداریی و خێڵەکیی   دەیجوڵێنێت و ململانێکانی پێ یەکلادەکاتەوە. دوای ڕاپەڕین یەکێتی و پارتی ئەفسانەی پێشمەرگەیان تێکشکاندو خۆشەویستی بۆ پێشمەرگەیان کەمکردەوە، بەهۆی بەرژەوەندی ئابوری و داهاتی گومرگەکان شەڕی براکوژیان کردە دیاری دوای ڕاپەڕین، لەجیاتی خەمی پەوەردەو بونیادنانەوەی نیشتمان شەڕیان بۆ تێرکردنی گیرفانەکانیان ڕاگەیاند. شەڕی ناوخۆ هەزاران پێشمەرگەی کردە قوربانی و پێشمەرگەی لەپاسەوانی نیشتمانیەوە کردە پاسەوانی حیزب.

هەرکاتێک حیزب خاوەنی هێزی چەکداری خۆی بوبێت، لەهێزی نیشتمانی کەوتوە. حیزبی خاوەن هێزی چەکدار بەردەوام بەڵای دیموکراسی بوە، زۆرکات ئەم هێزانە بۆ ترسان و شەڕی ناوخۆ جوڵێندراون. پێشمەرگە دەبێت ببێتە هێزێکی نیشتمانی نەک بۆ نمایش و ململانێی حیزبیی مانوڕ و مانگرتن و خۆپیشاندانی پێبکرێت.

 لەهەرێمی کوردستاندا یەکێتی و پارتی کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەیان کردوە، هەر خۆشیان لە شکۆی پێشمەرگەیان کەمکردۆتەوەو ئەم هێزەیان بچوک کردۆتەوە، بەهەزاران بندیوار لەم وەزارەتەن،  بەمەش هێزەکانی پێشمەرگەیان توشی شڵەژانی دەرونی کردوە، بەشێکیان لەبەرەکانی جەنگن و بەشێکیان تەنیا ڕۆژی موچە دەردەکەون، دواکەوتنی موچەو خراپی موچەی پێشمەرگە کارێکی ئابڕوبەرانەیە. کاتێ پێشمەرگەیەک لە کەناڵەکانەوە دەگریات و داوای هاوکاری دەکات ئەوە ئەوپەڕی سوکایەتی کردنە بەم هێزەو جوتحیزب لێی بەرپرسن. ئێوە هەرگیز ڕێگەتان نەداوە پێشمەرگە لەبەر خراپی موچەکەی بێتە سەرجادەو داوای مافی خۆی بکات. ئێوە بێوەفان بۆ هێزی پێشمەرگە چونکە لەشەڕی دژی داعشدا پێشمەرگە بەم بارودۆخە ئابوریە خراپە بەرگری دەکرد، بەڵام بازڕگانی  نەوت و ئۆتۆمبیل لەگەڵ داعش دەکرا! ئەمە کۆتایی ئەخلاقی سیاسی بو چونکە ناکرێت مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دوژمن بکرێت لە کاتی شەڕدا. پاشان بەجێهێشتنی لیوایەکی پێشمەرگە لە 16ی ئۆکتۆبەر لەکەرکوک شکاندنی شکۆی پێشمەرگە بو. ئێستاش هێنانی سوپای توکیا بۆ ناو قوڵایی هەرێم شکاندنی شکۆی پێشمەرگەیە.

 بەکار هێنانی پێشمەگەر بۆ تەقەکردن لە بارەگا حزبیەکان و تەڵاق پێخواردنی پێشمەرگە بۆ دەنگدان کارێکی نا ئەخلاقیە.

هێزی پێشمەرگە لەم دو هێزە بێزارە و گەر ئازادی هەبێت زۆرینەیان دەنگ بەم جوتحیزبە نادەن، بەڵام هیچیان ڕێگەنادەن پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نێشتمانیی و ئەم هێزانە بۆ ململانێی حیزبیی بەکار دەهێنن. دەبێت پێشمەرگە ببێتە هێزی نیشتمانیی و یەکەم کاری حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی دەبێت ڕزگار کردنی پێشمەرگە بێت لەژێر دەستی حیزب. پێشمەرگە نیشتمانی ئازادکردوە و پاراستویەتی و جوانیکردوە، کەی ناشیرینیەک دروستبوبێت ئەوە بە فەرمانی حیزب و بەزۆرەملێ پێیکراوە. 

سەرەتای دروستبونی دیموکڕاسی و گۆڕانکاری سیاسی لەهەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە ڕزگارکردنی هێزی  پێشمەرگە لەژێر دەستی حیزب، ئەگەرنا لەداهاتودا دیمەنەکانی براکوژی زیاتر دەبن و دیموکڕاسی دەبێتە خەون و چەککڕاسی بەردەوام جێگیر دەبێت. چونکە حیزبی چەکدار مەترسیدارەو بەردەوام مۆتەکەی دیموکڕاسییە. 
نابێت چیتر پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی بەکاربێت، دەبێت ئازادی و پێداویستیەکانی ژیانکردنی هەبێت، ئەرکی ئەو پاسەوانیکردنی نیشتمانە نەک حیزب. نابێت هیچ حیزبێک  پێشمەرگە بۆ شەڕی ڕاگەیاندن بەکاربێنێت بەڵکو دەبێت هەموان خزمەتی بکەن و بیکەنە هێزێکی نیشتمانیی. بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە مانەوەی ئەم هێزەیە بەگەورەی و خاوەن شکۆیی. ئەمە سەرەتای دیموکڕاسی و گۆڕانکاری سیاسی دەبێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP