ڕێگای دەربازبوون لە ساختەکاری!

سلێمان عەبدوڵا یونس - 12-06-2018 - 21324 جار خوێندراوەتەوە


لەنوێترین ھەڵوێستیدا بارزانی، بە دۆگلاس سلێمانی باڵیۆزی ئەمریکا لەبەغدای ڕاگەیاند: پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە لە دوای ساختەکاریە گەورەکە، ڕووی لەسەرانسەری عێراق کردوە، ئامادەی ھەموو ڕێوشوێنێکە، بە دووبارە ھەڵبژاردنەوەشە.

ئەو ھەڵوێستەی بارزانی، تێپەڕاندنی ھەڵوێستی پارتەکەیی و ھاوپەیمانە ستراتیژیەکەشیەتی، کە پێشوتر لەکۆبونەوەیەکی ھاوبەشی ھەردوو مەکتەبی سیاسی ئەو دوو حزبە پەرچەکرداری توندیان دژی بڕیاڕەکەی پەرلەمانی عێراق دەربڕی و ڕایانگەیاند: لەدژی ئەو بڕیاڕە دەوەستنەوە و لەدادگای فیدڕاڵی تانەی لێدەدەن، چونکە نادەستوریە.

ڕازیبونی بارزانی بە بڕیارەکەی پارلەمانی عێراق و لەوەش زیاتر؛ ئامادەیی نیشاندان بۆ ئەگەری دووبارە ھەڵبژاردنەوە «کە ھێشتا تەنھا پڕۆژە یاسایەکی گەڵاڵە کراوە» واتای ئەوەیە؛ پارتی ئیدی نەکدەبێت بە بڕیاڕەکەی پەرلەمان ڕازی بێت، بەڵکو ئامادەسازیش بکات بۆ چونە پاڵ دەنگە ناڕازیەکان لە کۆبونەوەی داھاتوی پارلەمانی عێراق.

ئەو ھەڵوێستەی بارزانی وێڕای ئەوەی ھەوڵێکە بۆئەوەی پارتی لەگوناھەکانی ساختەکاری پاک بکاتەوە، لەھەمانکاتدا بەجێھێشتنی پڕاگماتیکیانەی یەکێتیشە، کەھەتا ئێستاش خەیاڵی لەسەر پەرپەپۆشکردنی دۆخەکەیە، بەناوی چارەنوسی کوردستانیبونی کەرکوک و تاوانی پوچەڵکردنەوەی دەنگەکانی پێشمەرگەوە!

لێرەدا یەکێتی وەک پارتی پێویستی بە بڕیاڕدەرێکی بەھێزە بۆئەوەی لەدۆخی بەرگری سلبی لەم سکانداڵی ساختەکارییە دەربازی بکات و وەک حزبەکەی مام جەلال، بەئیرادەی دانوسان بۆ چارەسەر، لەگەڵ حزبە دەنگ دزراوەکان، بەقازانجی دۆخی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، بیگەڕێنێتەوە گۆڕەپانەکە. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP