هاوپەیمانی براوەی یەكەمە

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 12-06-2018 - 6322 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەكاتێكدابوو كە قەیرانە ئابوری و سیاسیی و كۆمەڵایەتیەكان لە هەرێمی كوردستاندا گەیشتبوونە چڵەپۆپە.

لەدوای سەپاندنی زۆرەملێی بڕیاری پاشەكەوتی مووچەش باری گوزەرانی خەڵك ئەوپەڕی روی لە خراپی كرد و لەهەمانكاتدا كەرتەكانی حكومەت بە هەموو جۆرەكانیەوە روویان لە هەرەس كرد و گەندەڵی زۆر خراپتر لەجاران گەشەی كردەوەو بازاڕ و پەروەردە و تەندروستی و تەنانەت پەیوەندیە خێزانی و كۆمەڵایەتیەكانیش بەشێوەیەكی بەرچاو لاوازبوون و هەرەسیان كرد.

لەڕووی سیاسەتی دەرەوەش بەهۆی نەبوونی پلانێكی ستراتیجیەوە، كوردیان لەبەردەم دوژمنانی دەرەوە سوك و كەم بایەخ و بێ‌ رێز كرد و كورد كەوتە بەردەم شاڵاوی سەربازی ناوەند و بەشێكی زۆر لە خاكەكەیان لەدەستداو زۆربەی كانە نەوتەكان كەوتنە دەست ناوەند و بەشێكی زۆری دانیشتوانی ناوچە جێ‌ ناكۆكەكانیان تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری و ماڵا وێرانی بوون، بۆ ئەم مەبەستەش نە یەكێتی و پارتی و نە پارتەكانی دەرەوەی ئەمانیش نەیانتوانی چارەسەرێك بۆ دۆخەكە بدۆزنەوەو لە هەردوو ئاستەكەدا دۆخەكە بە بنبەست گەیشت.

لەم كاتە ناهەموارەدا كە زۆربەی هاوڵاتیانی كوردستان و هێزە سیاسیەكان بێ‌ ئومێد بوون لە چارەسەری ئەم دۆخەدا، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاتە مەیدان و وەك هێزێكی چالاكی سیاسی نوێ‌ بە بەرنامە و گوتارێكی نوێوە ئامادەبوو كە رابەرایەتی جەماوەر بكات بۆ جارێكی تر گێڕانەوەی خەونی خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و دیموكراسی، هاوپەیمانی هات بۆ ئەوەی بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بڵێت گەلی كورد شكستی نەخواردووە، بەڵكو ئەوەی شكستی خواردووە سیاسەت و پلانی پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەكانە، هەركاتێك بزاڤێكی سیاسیی كراوەو دڵسۆز و نیشتمانپەروەر سەر هەڵبدات و رابەرایەتی ئەم گەلە بكات، دەتوانێت بە كەمترین ماوە جارێكی تر گەشەی پێ‌ بدات و ئیرادەی بەرز بكاتەوەو كوردستان بكاتە نمونەی پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و دیموكراسی.

هاوپەیمانی وەك قەوارەیەكی سیاسی نائایدۆلۆژی هاتە مەیدان و بە چەند مانگێك توانی شوێنی خۆی بكاتەوە لەناو دڵی جەماوەری كردستان و لە بانگەشەكان بۆ هەڵبژاردی نوێنەرانی عێراق ئەو راستیە دەركەوت كە هاوڵاتیانی كوردستان چەند بە پەرۆشن بۆ وتارەكانی هاوپەیمانی، بەتایبەتی پشتیوانی خەڵك لە وتارەكانی دكتۆر بەرهەم لە هەموو شار و شارۆچكە و قەزا و ناحیە و گوندەكان.

هاوپەیمانی براوەی یەكەمە لەوەی كە توانی جارێكی تر هیوا بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵك كە ئەگەر هاوڵاتی هۆشیار و هێزی سیاسی چالاك و راستگۆ هەبێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانین كۆتایی بەهێزە گەندەڵا و ستەمكارەكان بهێنین و ئەو دەسەڵاتە بنیات بنێین كە خۆمان دەمانەوێت.

بە ئەزموونی و دڵسۆزی سەرۆكی هاوپەیمانی كە( كەسایەتیەكی بە ئەزمونی سەركەوتوبوە  لە عێراق و كوردوستان ولە لایەن ووڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپاو هەرێمایەتیەوە جێگەی متمانەیە)  هەروەها  دەستەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنە باڵاكان  و لێهاتوویی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو راستیەی سەلماند كە ئەم بزاڤە سیاسیە نوێیە دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە لە ئایندەی كوردستاندا بكات و لەگەڵا عێراقدا پەیوەندیەكان رێك بخاتەوەو لەسەر ئاستی دەرەوەش كوردستان بكاتەوە بە هەرێمێكی جێگەی متمانە بۆ گەشەپێدانی دیموكراسی، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی، هەروەها بنیاتنانەوەی پەیوەندیەكی هاوسەنگ لەگەڵا وڵاتانی هەرێمایەتی و گۆڕینی دژایەتی و ناكۆكی بۆ پەیوەندیەكی دۆستانە و بەیەكەوە ژیان و بەرژەوەندی هاوبەش.

بەشێكی زۆر لە راپرسیەكان باس لەوە دەكەن كە هاوپەیمانی سەرەڕای تەمەنێكی كورتی چەند مانگی، بەڵام لە هێزە براوە دیارەكان دەبێت لە هەرێمی كوردستان و ئەمەش هیوایەكی گەورەیە بۆئەوەی بتوانێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ببێتە خاوەنی كوتلەیەكی كاریگەر و بەهاوكاری و هاوپەیمانی لەگەڵا لایەنەكانی تریشدا دەتوانێت لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسی دا رۆڵی ئیجابی باش بگێڕن بۆ بەدەستوری كردنی مافەكانی گەلی كورد لە عێراقدا.

لەهەمانكاتدا ئەمە سەرەتای هیوایەكی گەورەیە بۆ گەلی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا بتوانێت ببێتە كوتلەیەكی پەرلەمانی بەهێز و ئەمەش ببێتە سەرەتایەك بۆ كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پارتە گەندەڵەكان لە هەرێمی كوردستان و دەستكردن بە بنیاتنانی حكومەتی چاك كە لەسەر بنەمای شەفافیەت و دیموكراسیەت و دادپەروەری بنیات نرابێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP