شیوەن و لاوەندنەوەتان بۆ نەوتە نەک کەرکوک

هانا قاسم - 10-06-2018 - 5904 جار خوێندراوەتەوە


٥/١٢ پرۆسەی ھەڵبژاردن و دیموکراسی بە ھۆی ساختەکاری و یارکردن بە ئەنجامەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کەوتە ژێر پرسیاری گەورەوە، ساختەکارییەک کە پێشتر وێنەی نەبووە لە مێژوی عێراقی ھاوچەرخدا . 

ھەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا کورزێکی کوشندەی بەرکەوت، ئەم ساختەکارییەش چووە پاڵ تاڵانکردنی سامان و داھاتی وڵات و برسیکردنی خەڵک و خاکفرۆشی و ھەرزانفرۆشکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان .

هەرچی ڕۆژی ٦/٦، ئەو رۆژە مێژووییە کە تێیدا پەرلەمانی عێراق بە ھەوڵ و کۆششێکی زۆر بڕیاری گێڕانەوەی دەنگی دزراوی خەڵکیدا، بەم بڕیارە مێژوییە، عێراق لە مەترسی کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دیموکراسی ڕزگارکرد و خۆشحاڵی ھێزە چاکەخواز و دیموکراسیخوازەکان لێکەوتەوە، لەبەرمبەردا بووە مایەیی سەخلەتی ساختەکارەکان. 

ئەو ھێزەی ئێستا شیوەن و لاواندنەوە بۆ کەرکوک دەکات، بە دێژایی چەندین ساڵ لەگەڵ برا بەشەکەی نەوت و داھاتی کەرکوکیان تاڵانکرد، لە ١٦ ئۆکتۆبەریش خەڵکەکەیان بێ ناز و ئاوارە و سەرگەردانکرد.. مەگەر ھەر ئەوان نەبوون ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن دوژمنی کورد دەستیان خستە ناو دەستیان و سەنگەرەکانیان بۆ چۆڵکردن و بە ئاسانی و بێ بەرگری کەرکوک و بەشێکی گرنگی خاکی کوردستانیان رادەستکرد و خەونی دەیان ساڵەی گەلی کوردییان لە چاڵنا تەنھا لە پێناو بەرژەوەندی بنەماڵەیی و کەسی، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بە دەنگێکی بەرز پێیان بڵێین: نا نەخێر ئێوە ھیچ کات خەمی کەرکوک و کەرکوکییەکانتان نەبووە و نابێت بەڵکو ھەمیشە چاوتان لە نەوت و داھاتەکەی بووە، شیوەن و لاوەندنەوەتان بۆ نەوتە نەک کەرکوک.

خۆ ئەگەر بەڕاستی خەمی کەرکوکتانە، فەرموون با پێکەوەژیانی ڕاستەقینە بەرجەستە بکەن تا خەڵکەکەی بە ئارامی ھەوایەک ھەڵمژیت و کۆتایی بە ململانییەیی نا تەندروستی زیاتر لە نیو سەدە بھێندرێت. 

فرمێسکی تیمساحیتان بۆ دەنگی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ ناتوانێت سۆزی پێشمەرگەتان بۆ دەستەبەر بکات، چونکە ئەگەر ئێوە ئەوەندە دڵسۆزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆن، خیرە کە کارتان پێیان نەما موچەی ئەم هیزە تێکۆشەرەتان پاشەکەوت کرد و لە ریزبەندی یەکمەوە خرانە کۆتا وەزارەت بۆ وەرگرتنی موچەکانیان، تەنانەت لە مانگی پیرۆزی رەمەزانیشدا و بەم بەرە جەژنەش پێتان رەوا نەبینین موچەکانیان پێی بدرێت تا وەکو ماڵ و منداڵیان ئاسودە بن. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP