بەپەلە

لە سکانداڵی تەزویرەوە بۆ درۆهۆنینەوە و تەشویش!

موئمین یاسین زەڵمی - 9-06-2018 - 4358 جار خوێندراوەتەوە


دوانزە ئایاری رابردوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو ، لە ئان و ساتێکدا کە خەڵک و جەماوەری کوردستان لە ناخۆشرین و بێھیواترین ساتەکاندا بوون، ئێمە لە ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەدا ھەستمان بە دوو ئەرکی زۆر قورس کرد، یەکەمیان گێڕانەوەی ھیوا و ئومێد بۆ خەڵک بۆ ئەوەی بەشداری ھەڵبژاردن بکەن، دووەمیش ئەوەی دەبێ ئەم سیستەمە سەقەتە سەرلەبەری ھەڵبوەشێنینەوە، بۆیەش راقیترین بانگەشەی ھەڵبژاردنمان بەڕێوەبردو خودی د. بەرھەم ساڵح سەرۆکی ھاوپەیمانی و تەواوی کاندیدایان و ھاودیدانی ھاوپەیمانی بانگەشەمان لە بەرزترین ئاستی ئەخلاقی و سیاسیدا بەڕێوەبردو بە ھیواداریی زۆرەوە چووینە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

ئێوارەی رۆژی ۱۲ی ئایار، دەرکەوتنی ئەنجامی ساختەچییەتی و تەزویرە ناقۆڵاکە جارێکیتر بوویەوە ھۆکاری بێ ھیوایی و باڵی ڕەشی بێ ئومێدی سەرتاپای کوردستانی تەنی، کوشتنی ھیواداری لای خەڵک، ئەرکێکی لەمێژینەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئەم وڵاتەیە، بۆیەش جارێکیتر ئەوان ویستیان بیکوژن، لە سێدارەی بدەن، تەفروتونای بکەن، ... بوختانیان بۆ کرد، تەڵەیان بۆ نایەوە، تەزویریان لەسەر کرد، خیانەتیان لێکرد، گەلەکۆمەشیان لێکرد، کەچی نەیانتوانی، ئێمە پەیمانمان دا کە وەک ھاوپەیمانی ناھێڵێن ھیوا بمرێ، ھاوپەیمانین تا ھیوا بشەکێتەوە، تا ھیوا بدرەوشێتەوە، بۆیەش ھەر زوو پاش ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری پڕۆسەکە، لەگەڵ ھێزە چاکەخواز و دیموکراتەکان بڕیارماندا ببینە چقڵە چاوی ئەو تەزویرەی بووەتە پارێزەری بەرژەوەندی خزمەکان، پڕۆسەی ھەڵبژاردن و سەرجەم ئەنجامەکانی ڕەتکرانەوە و داوای ھەڵوەشانەوەی ھەڵبژاردنمان کرد.

ئەوان ئێمە زۆر باش دەناسن، بۆیەش لەگەڵ جموجوڵە یاسای و دیبلۆماسییەکانی دامەزراوی ھەڵبژادنی ھاوپەیمانی و خودی سەرۆکی ھاوپەیمانی لەبەغدا و سەلماندنی چۆنیەتی ساختەچییەتییەکە، زانیمان کە کێچ کەوتۆتە کەوڵییانەوە و ڕێگا ناشەرعییەکان دەگرنە بەر، ئاخر کاتێک وتمان دەستیان بۆ چڵەپوشەکە بردووە، وتیان وا نیە، بەڵام وا خەریکە چڵە پووشەکە دەیانخنکێنێ.

سەرنج بدەن ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووش تەزویر و ساختەکاری ھەر ھەبوو، بەڵام ئەمجارە رێکخراوتر و ترسنۆکانەتر بوو، چونکە ئەمجار ھێزێک ھاتووە تەرازووی دیموکراسی و عەدالەتی قورستر کردووە بۆیەش دکتاتۆری و ناعەدالەتییان زیاتر خستۆتەوە گەڕ، چونکە ئەمجار دەیانزانی وەک ڕابردوو، وەک ئەلبیسەکە بۆیان ناچێتە سەر، دەترسان چەترەکە گەورە بێت، وا گەورەش بوو، ئێمە و ھێزە چاکەخوازەکان ئێشتا ھاوپەیمانین لە پێناو شکۆی مرۆڤ و حوکمی ڕەشید و بەرپاکردنی عەدالەتدا، لە پێناو کۆتایی ھێنان بە فەزاحەت و سکانداڵەکان و ڕێگری لە تەشویش و تەزویری سیاسی.

ئێستاش ھاتوون بە ناوی بەرگری لە کەرکوک و دەنگی پێشمەرگەوە ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەرییان داوەتە بەر نەشتەری بۆگەنی درۆ سیاسییەکانیان، ئەو درۆیانەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سیاسەتە فاشیل و بۆگەنەکەی خۆیانی پێ ھەڵدەماڵن، ئەوان باش دەزانن د. بەرھەم ساڵح و ھاوپەیمانی کێن، چونکە بەڵێنەکەیان بردە سەر و ھەڵبژاردنەکەیان کردە مۆتەکە لێیان. 

ھاوپەیمانی دیمۆکراسی و دادپەروەری بەڵێنی ڕاستگۆیی، ھەڵتەکاندنی بەرژەوەندی حزب و خزم، حوکمی ڕەشید، چەسپاندنی دیموکراسی و بەرپاکردنی عەدالەتی داوە بە خەڵکی کوردستان و دەبێتە پارێزەری دەنگ و ڕەنگی راستەقینەی کوردستان، ئەم بەڵێنەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لای خەڵکی کوردستان دەگەشێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP