راكردن بەرەو بەغدا

هیوا سەید سەلیم - 24-05-2018 - 3428 جار خوێندراوەتەوە

هێشتا دەرئەجامەكانی هەڵبژاردنی (12)ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مشتومری زۆری لایەنە عێراقی و كوردستانیەكانی لەسەرە،  وە هێشتا زۆر پرسی گرنگی وەك دزینی دەنگەكان و یەكلاكردنەوەی بابەتی تەزویركردن لە هەڵبژاردن  و تانەی بەشێكی زۆری لایەنە سیاسەكان لەسەر ئەو دزی و فزیە یەكلای نەبۆتەوە، لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بە شاندی قەبەقەبەی حزبی و هەریەكەوە بە جیا بەرەو بەغدا كەوتنەڕێ، ڕاكە ڕاكیانە  تا ئەو پێشی ئەویتر بگاتە ئەو بەغدایەی كە لای ئەوانە نەمابوو و  فاشیل و موفلیس بوو،  دەچنەوە لای ئەو سەركردانەی كە بەڕای ئەوان دووژمن بە كورد و مافەكانی كوردبوون.

بەڕای ئێمە چوونەوە بەغدا لە ئێستا و لە ڕابردووشدا بۆ كورد كە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی دەستووری بەشێكە لە عێراق پێویستە، بەڵام وەك چۆن لە ڕابردوو دەوترا وەرن بزانن بۆچی پێویستە بچنەوە بەغدا و چۆن دەچنەوە بەغدا؟ ئێستاش هەمان پرسیارو داواتان ئاڕاستە دەكەین.

پێتان دەوترا بڕۆن لە بەغدا چارەسەری كێشەكانی هەرێم – بەغدا بكەن، بڕۆن لە بەغدا نوێنەرایەتی كورد بكەن،  نەك بۆ شەڕی حزبی بچنە بەغدا.

  كەچی گوێتان نەگرت و گەیاندتانە شوێنێك كە بەو جۆرە خەڵكە بووترێت:
 ئەوانەی داوای چوونە بەغدامان لێدەكەن لەبەرەی دژە سەربەخۆیین و زۆر جاریش تۆمەتی خرابتریشتان ئاڕاستەی ئەو جۆرە خەلكانە دەكرد.

دەی ئێستاش هەر باشە كە هاتنە سەر ئەو ڕایەی دەبێت كورد كێشەكانی لەگەل بەغدا چارەسەر بكات، بەڵام وا جارێكی تر لە چوونتان بۆ بەغدا هەمدیسان نیشانتان دا كە ناتوانن نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی كورد بكەن ، بەڵكوو وەك دوو حزب و بە شاندی حزبی بەرەو بەغداچوون تەنانەت ئەمجارەیان هێندە بەپەلە بوون كۆبوونەی دوو قۆلی خۆشتان بردە بەغدا.

ئاشكرایە كە جارێ لای بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان روونە كە پارتی و یەكێتی ئەمجارەیان بە كومەڵێك كێشەوە دەچنەوە بەغدا،  بۆیە نە لەنێوان خۆیان وەك دوو حزبی شەریكە دەسەڵات رێكدەكەون،  نە خەلكیش ئەوان  بە نوێنەری خۆیان دەزانێت، نە حزبەكانیش تا ئێستا ئامادەن لەگەڵیان بنبۆ ئەو هەنگاوە ، ئەوەشیان لە ئەنجامی ئەو هەلبژاردنە ساختەیەی كە ئەوان ئەنجامیان داو دەنگی خەلكیان دزی تا بۆ چوونە بەغدا خۆی پێبابدەن.

لێرەدا نامەونەوێت ببینە رێنیشاندەری ئەوان، چونكە ئەو دوو حزبە جگە لەوەی دەرس لە ڕابردووی خرابیان وەرناگرن، بەتایبەت لە مامەلەیان لەگەل پرسێكی گرنگی وەك پرسی مامەڵە لەگەل بەغدا،بگرە وا جارێكی تریش درزیان خستەوە ناو ماڵی كوردی و كوردیان لەبەرامبەر پێكهاتەكانی تری عێراق زۆر بچووك كردەوە.

ئەو بچووكیەی ئەوانیشە وایان لێدەكات بچن بۆ دیداری نەیارەكانی دوێنیان سەرەی ماچ و موچ بگرن، وە دوور لەهەر عورف و ئەتەكێتی دبلۆماسی نموونەیەكی لاوازی خۆیان نیشانی بەغدا و پێكهاتەكانی بەغدا بدەن.

ماوە بڵێین بەدەرس وەرگرتن لە ئەزموونی شكستخواردووی پارتی و یەكێتی لە چوونە بەغدا دوو رێگا لەبەردەم لایەنەكانی تری كوردستانی دەمێنێتەوە.

یەكەمیان ئەوەیە نەچنە ژێری باری ئەو دەرنجامە گالتەجاریەی هەلبژاردن و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن تا مافە دزراوەكانیان وەردەگرنەوە، دەوومیشیان ئەوەیە وەك لە ئاستی دەولی لێیان داوادەكرێت هەموو ئەو هێزانەی دەرەوەی ئەو دوو حزبە فراكسیۆنێك پێكبێنن و نموونەی جوانی نوێنەرایەتی كورد نیشانی دۆست و نەیارانی خۆیان بدەن، نەك ئەوانیش ببنە یارزانێكی خرابی ئەو مارۆسۆنەی كە ئەوانیتر دەستیان داوەتێ بۆ چوونەوە باوەشی بەغدای فاشیل!!.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP