بۆچی بایکۆت بژاردەیەکی دروست نیە؟

دانەر ڕەشید - 22-05-2018 - 9050 جار خوێندراوەتەوە


 پاش ئەو ساختەکاریە گاڵتەئامێزەی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، ھەنوکە شەقامی کوردی سەرقاڵی بابەتێکی پڕ لە مشتومڕە ئەویش بەشداریکردن یاخود بایکۆتی پرۆسەی سیاسی عێراقە لەلایەن شەش لایەنە ناڕازیەکەوە. یەکلاکردنەوەی ھەڵوێستێکی دروست لەمەڕ ئەم بابەتە کە بەھەردوو ئاڕاستە ئارگومێنتی جیاوازی لەخۆگرتووە، کاری شەش لایەنەکەی تەواو سەخت کردووە. پرسیاری جەوھەری لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم بەرە ناڕازیە بە بڕیاری بایکۆت ھەمان ھەڵەی سوننەکان دووبارە دەکەنەوە کە لەدوای ٢٠٠٣ەوە بڕیاریاندا بایکۆتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بکەن و خۆیان پەراوێزخست و ساحەکەیان بۆ شیعەکان چۆڵکرد؟
شەش لایەنە ناڕازیەکە کە پێکەوە بەرەیەکیان دژ بە کۆی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق پێکھێناوە، لەلایەک لەوە دەترسن لە ئەگەری بەشداریکردنیان بەو پشکە کەمەی بەدەستیان ھێناوە، پێگەی جەماوەریان لەدەستبدەن و نەتوانن متمانەی ھاوڵاتیان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەدەستبێنن. لەلایەکی دیکەشەوە ترسی ئەوەیان ھەیە ئەگەر بێت و بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکەن، پێگەی سیاسی و جموجوڵی دیپلۆماسیان لەسەر ئاستی عێراق لەدەستبدەن و تەواو ساحەکە بۆ یەکێتی و پارتی و تازەدۆستەکەیان چۆڵبکەن. 
لەم نێوەندەدا بڕیاری بایکۆت بژاردەیەکی دروست نابێت بۆ ئەم ھێزانە چونکە کاتێک لە ئارگومێنتەکانی دڵخوازانی بایکۆت دەڕوانیت زۆرێک لە پاساوەکانیان دەرەنجامی ھەڵچونێکی عاتیفی و دەرونین نەک پاساوی لۆژیکی و سیاسی کۆنکرێتی. ویستی بایکۆتی ئەم ھێزانە ئەوەندەی لە ڕق و نائومێدی جەماوەرەوە سەریھەڵداوە، ئەوەندە بەرمەبنای فیراسەتێکی سیاسی و ستراتیژی بەھێز نیە بۆ ئایندەی کاری سیاسی ئەم ھێزانە. لەم سۆنگەیەوە پێویستە سەرکردایەتی شەش حیزبەکە و جەماوەرەکەیان درک بەو ڕاستیە بکەن کە سیاسەت بریتیە لە پشودرێژی و کۆڵنەدان و ئیستیقامەت، نەک کشانەوە و وازھێنان بەھۆکاری کۆمەڵێک پاساوی عاتیفی و شرۆڤەی کورتبینانەی دۆخەکە.
لە ڕووی میتۆدی زانستیشەوە بایکۆتی سیاسی ھاوچەشنی بڕیاری حەرامکردنی  دینیە و لێرەدا ئەرکی فەقیهو سیاسی زۆر لەیەکەوە نزیک دەبنەوە چونکە ھەردووک کار لەسەر پێشھاتەکانی ڕۆژ و فەننی مومکینات ئەکەن. فەقیھەکان زۆرجار دەڵێن لەوە ئاسانتر نیە بڵێین فڵان شت حەرامە و فیسار شت مەکروھە، چونکە ھەردەم نەفی کردن و حەرامکردن ڕێچکەیەکی ئاسانترە، بەڵام حیکمەت لە حەرامکردندا نیە بەڵکو حیکەمەت لە بنکۆڵکردن و دۆزینەوەی دەرچەیەکە بۆ ڕزگاربوون لە کۆی کێشەکان. ئەمە دەستورە بۆ سیاسەتیش ڕاستە، بەتایبەت بۆ ئەم دۆخەی شەش لایەنەکە بڕیاری بایکۆت زۆر ئاسانە، بەڵام سەخت ئەوەیە دەرچەیەکی سیاسی بدۆزنەوە کە ھاوسەنگی لەنێوان پێگەی جەماوەری و پێگەی سیاسیان ڕابگرن.
ھەربۆیە ڕێگەچارەی دەربازبونی ئەم شەش لایەنە بایکۆت نیە بەڵکو بەشداریکردنە لە پرۆسەی سیاسی و دەستبەجێ دروستکردن و ڕاگەیاندنی کوتلەیەکی پەرلەمانی بەھێز لەژێر چەتری پڕۆژەیەکی سیاسی دیاریکراو. سروشتی کاری پێکەوەییش بەجۆرێکە ھەریەک لەم حیزبانە لەڕوی مەعنەوی و کردەیی دەتوانن بڵێن ئیمە خاوەنی ١١ کورسی پەرلەمانین، بەڵام مەرجی سەرکەوتنی ئەم کوتلەیە ئەوەیە جیاوازیە لاوەکیەکانیان بخەنە لاوە و وەک جەستەیەکی دانەبڕاو پێکەوەکاربکەن. ئەم کوتلە پەرلەمانیە دەکرێت وەک تیمێکی ناوازە دەربکەون کە ھەموو ئەندامەکانی ئەستێرەی درەوشاوەن لە بوارەکەی خۆیان و دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر ببینن لە پرسە چارەنوسسازەکانی پەیوەست بەمافەکانی خەڵک. خەڵکی کوردستان شاھیدن کە پەرلەمانتارانی وەک ئەمین بەکر و ھۆشیار عەبدوڵاو ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە خولی پێشوی پەرلەماندا نوێنەری ڕاستەقینەی دەنگدەرانیان بوون و شەڕیان بۆ مافەکانی خەڵک کردووە بەجۆرێک ھەر یەکێکیان بەئەندازەی ھەموو پەرلەمانتارەکانی پارتی و یەکێتی کاریگەریان ھەبووە.
 بەواتایەکی تر پێویستە ئەم لایەنانە بگەنە ئەو بڕوایەی ناردنی ۱۱ پەرلەمانتاری دڵسۆز و کارامە لە ٤۰ پەرلەمانتاری پاسیڤ و ھەلپەرست گەلێک باشتر و بەفەڕترە بۆ خۆیان و خەڵکی کوردستان.بەڵام  تەنھا ئاستەنگێک ببێتە ڕێگر لەبەردەم سەرکەوتنی ئەم بەرەیە لە بەغدا نەبونی ئەزمونی پێکەوەکارکردن و متمانەی تەواوە لەنێو ئەم ھێزانەدا بەجۆرێک ترسی ئەوەھەیە ھەندێ لە ھێزەکان ڕەفیقی نیوەڕێ بن. بۆیە کاری لەپێشینەی ئەم ھێزانە ڕەواندنەوەی ئەو گومانانەیە و دروستکردنی متمانیەکی بەھێزە لەنێوانیان و پێویستە ئەم لایەنانە لەوە تێبگەن دەنگی دزراوی خەڵک و متمانەی جەماوەر بە بایکۆت بەدەست نایەتەوە، بەڵکو بە گرتنەبەری میکانیزمی فیعلی بەدەستدێت بۆ ڕێگرتن لە ساختەکاری و گرەنتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی بێ خەوش لە ۳۰ی ئەیلولی ئەمساڵ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP