جوڵه‌ی‌ فریوده‌رو جوڵه‌ی‌ به‌رهه‌مهێن

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 14-12-2016 - 3655 جار خوێندراوەتەوە

                                                                                                                        
عه‌تا قه‌ره‌داخی

 ئاشكرایه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ی كه‌ ئێستا ده‌یبینین به‌رهه‌می جوڵه‌ی‌ ناوخۆیی‌و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خودی مرۆڤایه‌یته‌. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رابردووی‌ دوور ئه‌وا به‌جۆرێك باسی سه‌ره‌تای كۆمه‌لاَیه‌تیبوونی مرۆڤ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ئێستادا ته‌سه‌وركردنی واقیعیانه‌ی‌ ئه‌و قۆناغه‌ گران‌و له‌ هه‌مان كاتدا ته‌مومژاوی بێت. به‌هه‌رحاڵ شێوه‌ی‌ دیارو تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پێناسه‌كراوی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی‌ كه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ناوبراوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ده‌شێ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باسی كۆمۆنه‌ی‌ سه‌ره‌تایی ‌و قۆناغی كۆیلایه‌تی‌و قۆناغی فیودیالی و قۆناغی سه‌رمایه‌داری‌.. بكرێت.

به‌ پێی دیالیكتیكی مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ به‌پێی شێوازی‌ په‌ره‌سه‌ندنی به‌رهه‌مهێنان‌و هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ جوڵه‌یه‌كی هێواشدا گۆڕاناكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌و له‌ هه‌ناوی‌ هه‌ر قۆناغێكدا گۆڕهه‌ڵگه‌نی ئه‌و قۆناغه‌ له‌ دایكبووه‌و رابه‌رایه‌تی قۆناغی دواتری كردووه‌. ئه‌م گۆڕانكارییه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌و له‌ جوڵه‌یه‌كی خاودا روویداوه‌.

 هه‌روه‌ك له‌ روانگه‌ی هه‌ندێ كۆمه‌ڵناسی وه‌كو ئیبن خه‌لدوونیشه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیبوون له‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌مدا به‌هۆی هۆكاره‌كانی خوێن‌و ده‌ماره‌وه‌ بووه‌، ئه‌ویش جوڵه‌یه‌كی هێواشی هه‌بووه‌‌و سه‌باری ده‌ركه‌وتنی پێكهاته‌و دامه‌زراوه‌ی‌ نوێی كۆمه‌لاَیه‌تی به‌لاَم ئه‌و جوڵه‌ هێواشه‌ وایكردووه‌ ئه‌و پێكهاتانه‌ی‌ كه‌ خوێن‌و ده‌مار بنه‌مای پێكه‌وه‌به‌ستنیان بووه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ جۆراو جۆره‌كاندا بوونیان به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌كو چه‌ندین هۆكاری تایبه‌تیش وه‌كو بزوێنه‌ری مێژوو دیاریكراون وه‌كو ئابووری‌و فاكته‌ری خوێن‌و ده‌مار‌و رۆح‌و رۆمانسیه‌تی سرووشت‌و..تاد.

به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ جێگای سه‌رنجه‌‌و سه‌رباری بڕوابوون به‌ بوون‌و جیاوازی‌ مۆتیڤه‌كانی بزوێنه‌ری مێژوو، جۆرێك له‌ كۆده‌نگی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌لاَیه‌تی هه‌بووه‌ ئه‌ویش له‌وه‌دا كۆبووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌پێی كارلێك‌و جوڵه‌و پێكه‌وه‌ كاركردنی كۆی ره‌گه‌زه‌ مادی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی خودی خۆی ده‌جوڵێت‌و په‌ره‌سه‌ندنی خۆی ده‌كات كه‌ ئه‌ویش ملكه‌چی یاسا خۆیی‌و بابه‌تیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ بوون‌و پێكهاته‌ی‌ خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش هه‌میشه‌ جوڵه‌یه‌كی هێواش‌و سرووشتی هه‌یه‌ به‌پێی سرووشتی تایبه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌.     
 
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌لاَیه‌تی‌و ره‌وتی مێژوو له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا به‌پێی سرووشتی پێكهاته‌و كارلێكه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌ڕوات، ئه‌وا ناتوانین بڕوا به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ رۆڵی تاكه‌ كه‌س‌و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌و گروپیش گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان ده‌بێت، ناشێت ته‌سه‌وری ئه‌وه‌ بكرێت تاك به‌ ته‌نیا، یان ده‌سته‌و گروپ بتوانن گۆڕانی گه‌وره‌ له‌ سرووشت‌و له‌ جوڵه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌دا درووستبكه‌ن، ئه‌مه‌ روانینێكی سسیۆسیۆلۆجیه‌ به‌لاَم هاوكات مێژووی‌ مرۆڤایه‌تیش نیشانی ده‌دات كه‌ چۆن هه‌ندێجار تاكه‌كه‌س یان ده‌سته‌و گروپ چ رۆڵێكی دیاریان هه‌بووه‌.

 بێگومان ره‌نگه‌ له‌ شێوه‌ی‌ جۆرێك له‌ جوڵه‌یه‌كی میكانیكیدا هه‌وڵبدرێت كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و گۆڕان ببرێت‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێداویستیه‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌و بنیادییه‌كانی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ بوون و ئاماده‌بوونیان هه‌بێت‌و كۆمه‌ڵگه‌ ره‌وتی مێژووی خۆیی بڕیبێت، هه‌وڵبدرێت ماوه‌ی‌ ئه‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌ كورتتر بكرێته‌وه‌و جوڵه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ خێرا بكرێت‌و گۆشه‌جوڵه‌ی‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون كه‌ به‌سرووشتی گۆشه‌یه‌كی زۆر تیژه‌و له‌ چه‌ند پله‌یه‌كی زۆر كه‌م زیاتر نیه‌، بكرێته‌ گۆشه‌یه‌كی وه‌ستاو، یان كراوه‌، ئه‌وا مانای وایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ڕاو به‌ هێزێكی میكانیكی هه‌وڵی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه‌ ده‌درێت كه‌ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ سرووشتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ناگونجێت‌و سه‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی هارمۆنیای كۆمه‌لاَیه‌تی‌و ده‌شێ جۆرێك له‌ پشێویی‌و فه‌وزای كۆمه‌لاَیه‌تی به‌رهه‌م بهێنێت. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ له‌ زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ رۆژهه‌لاَتیه‌كاندا له‌ بری به‌رهه‌مهێنانی گۆڕانێكی هێواش‌و سرووشتی كه‌ به‌رهه‌می گۆڕانكاری ریشه‌یی بێت له‌ ژێرخانی كۆمه‌لاَیه‌تیدا،

 له‌ سه‌رخاندا بانگه‌شه‌ بۆ گۆڕانكاری ده‌كرێت كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ سرووشتی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌بینرێت‌و له‌ نێوان خوازیارانی ئه‌و جوڵه‌و گۆڕانه‌‌و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا جۆرێك له‌ دیواری لێك تێنه‌گه‌یشتن درووست ده‌بێت كه‌ له‌ روانگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ خوازیاران‌و داكۆكیكه‌رانی هه‌ر گۆڕانێكی له‌و جۆره‌ وه‌كو شوێنكه‌وتنی جۆرێ له‌ وه‌هم سه‌یر ده‌كرێن. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ بزانین نه‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌لاَیه‌تی‌و نه‌ گۆڕانی كۆمه‌لاَیه‌تیش به‌ گۆشه‌ی وه‌ستاو یان كراوه‌ ناجوڵێن‌و ناڕۆن، به‌ڵكو ره‌وتێكی هێواشیان هه‌یه‌ كه‌ مۆتیڤه‌كه‌ی‌ له‌ نێو بنیادی كۆمه‌لاَیه‌تی خۆیدایه‌‌و ئه‌ویش پرۆسه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌و گشتگره‌و سه‌رتاپای جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و هه‌موو پشێویی و ده‌نگه‌ده‌نگ و جوڵه‌ ناسرووشتیانه‌ی‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا ده‌كرێن و ئه‌نجام ده‌درێن و وه‌كو جوڵه‌ی‌ میكانیكانه‌ ده‌بینرێن و ده‌بیسترێن، رووكه‌شن و له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می جوڵه‌و گۆڕانكاری‌ ناوه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بن،

به‌رهه‌م و ده‌رهاوێشته‌ی‌ گرێ و رق و كینه‌و بچووكی و شكستی كه‌سێتی نوخبه‌یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا كه‌ پاڵنه‌ری‌ خه‌ریكبوونی زۆربه‌یان به‌ حیزبایه‌تی و سیاسه‌ته‌وه‌ گرێ كه‌سیه‌كان و ئه‌و پاشخانه‌ ناته‌ندرووسته‌یه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ هاتوون و ئه‌وه‌ش وایلێكردوون زۆرینه‌یان بوویه‌كی ئه‌گرێسیڤیان هه‌بێت و هه‌موو گرێكانی خۆیان بده‌ن به‌سه‌ر ئه‌وانی ترداو به‌ ناوی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ میلله‌ت سه‌رقاڵ بكه‌ن و شیرازه‌ی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی تێكبده‌ن و ئاشتی كۆمه‌لاَیه‌تی بشێوینن و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و كاره‌سات و تراژیدیا ببه‌ن له‌بری‌ گۆڕانكاری‌ و گواستنه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی باشتر له‌وه‌ی‌ ئێستا تێیدایه‌. ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ له‌ نیوه‌ی‌ دووه‌می چله‌كانه‌وه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ حیزبایه‌تی و سیاسه‌ت و تاكو ئێستاش به‌ڕێوه‌به‌رو جوڵێنه‌رو بڕیارده‌ری‌ سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنه‌ له‌ كوردستانداو پێموایه‌ ئه‌ویش نوخبه‌یه‌كه‌ ناتوانێت ئاینده‌یه‌كی له‌وه‌ی‌ ئێستا باشتر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ بهێنێت. بۆیه‌ درووست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ ئومێدی‌ ئاینده‌ بین، ناشێت چاوه‌ڕوانی هیچ له‌و نوخبه‌یه‌ بكه‌ین.

 به‌ڵكو هه‌نگاونانی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ به‌ره‌و ئاینده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و نوخبه‌یه‌و له‌ پشتی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. به‌لاَم ئایا كه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ حیزبی و ناحیزبیه‌وه‌ له‌و راستیه‌ تێده‌گات و به‌ دوای‌ جێگره‌وه‌ی‌ ئه‌م حیزبانه‌و ئه‌م نوخبه‌ سیاسیه‌ی‌ ئێستادا ده‌گه‌ڕێت؟؟؟   
 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP