هاوڵاتیی نیشتمان یان دووانە

دانا هەڵەبجەیی - 16-05-2018 - 3648 جار خوێندراوەتەوە

هاوڵاتیی کورد، چونکە خاوەنی دەوڵەت و حکومەتی سەربەخۆی نییە،  لە هەرێمێکی پڕ شەپۆلاوی ناجێگیر، لە پارچە زەوییەکی بەراو و دێمی سیاسی، وشکەساڵی و پاراوی ئابورری و خێڵەکی و شارستانیی کۆمەمەڵایەتی گیری خواردووە.


نە ئەوەیە ببنە هەرمێکی نەتەوەیی و دیموکراسیی ئارام، چونکە بەشێکێن لە دەوڵەتێکی نائارامی ئاینگرایی، نە ئەوەیە بتوانن خۆیان قوتار بکەن لە کێشە کەڵەکە بووەکەی خۆ بەڕیوەبەرانی زەرد و سەوز.


دوو حیزب و خێڵ، دوو کۆمپانیا و کولتور، دوو کەواسوور و کۆنتەرات، دوو دەنگ و ڕەنگ دوو ئاسمان و ڕێسمان،، باڵی بە سەر تەواوی یەکەکانی کۆمەڵگە بە تاک و خێزانەوە کێشاوە.


ئەم دوو چنگە نیو سەدە هۆشی کوردیان داگیرکردووە و  27 سالیشە خاک و ئاو، سامان و ئامانی کوردیان لەهەناوی خۆیاندا قوت داوە.


پێکەوە لەگەڵ یەک شەن ئەکەن و لەدژی یەک شەڕ ئەکەن، پێکەوە گزی و فزی، پێکەوە دزی و دۆشی و پێکەوە برا و بەشی ئەکەن.


 پێکەوە هەم کۆکن هەم ناکۆک، هەم شەڕن و هەم شۆڕ، هەم خودانن هەم خائین، هەم قەپانن هەم سەپان، هەم خزمن هەم دوژمن، هەم یۆقڵەمەی تورک و هەم شیرینی فارسن.


هەرچی گرد و گەردە، هەرچی شاخ و باخە، هەرچی خاک و ئاخە، هەرچی پول و پاوەرە، هەرچی دۆلار و ساوەرە بە هی خۆیان ئەزانن.


ئەم دووانە ئەڵیی بە سکێک لە دایک بوون بەڵام لە کاتێکی جیاوازدا، جگە لە خۆیان هەموو کورد بە ناکەس بەچەی دایکی نیشتمان ئەزانن.


نیوەی هاوڵاتیان کورد بەشداری دەنگدانیان نەکردووە، لەو نیوەی تریش کە دەنگی داوە چارەکێکیان دزیوە، بۆ ئەوەی ببنە نیوەی ئەوە نیوەی کە دەنگی داوە.
کەواتە بە هەردوکیانەوە، بەو ساختە و سەوداکارییەکەش، نابنە چارەکێکی هاوڵاتیانی کورد.


بەڵام چونکە ئەمانە شەهید و خوێنی ڕژاو، نەوت و نەوای کورد بە هی خۆیان ئەزانن، چونکە هەرچی ئاو و بیر و کانی و کانگای کوردستان بە هی خۆیان ئەزانن، کورد و کوردستانیش بە هی خۆیان ئەزانن. قەد دەستبەرداری ئێستای خۆیان نابن،،،،.


ئەم دووانەیە، لە ئەنجامدا هەم ئەبنە سەرەخۆرەی خۆیان، هەم ئەبنە شڕەخۆری سەروەت و سامان.


ئەم هەڵبژاردنەی 12ی ئایار، وەک هەموو میزەڵدانەکانی خۆرهەڵاتی ناوین، ئەم دوانەیان فول فوو کرد، ئەم دوانەیان لەخۆبایی کرد.


لە دنیای سییەمدا هەمیشە، ڕژێم و تاقمەکانی دەسەڵات ئەگەیەننە تۆپکی پۆست و پاوەر، ئەوسا بە دەرزییەک فشیان ئەکەنەوە.


لە مێژوی دەسەڵاتی ئەم دووانە ، هیج کاتێک وەک ئێستا براوە نەبوون و مەسرور و مەسعود نەبوون، هەرگیز وەک ئێستا بەختیار و سەعدی نەبوون، هەر بۆیە لە کۆتایی فیلمەکە نزیک ئەبنەوە.


گەڵا کاتێک  زەرد و وشک ئەبێت، وا هەست ئەکات بووە بە زێڕ، بەڵام لەو سەردەمە زێڕینییەدایە کە ئەکەوێتە خوارەوە.


ئەم بوون بە زێڕییەی ئەم دووانە، شانسێکی گەورەی ئەو سێ چارەکەی هاولاتییە کە لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان، هەڵوەرینیان ببینن.


خۆکردە بێت یا خواکردە، ئیدی ئەم دووانە کەوتنە ئەو مەیدانی ڕمڕمێنەی کە ئەبێت یەکێکیان بە زیندووی بێتە دەرەوە، یا بە شەکەتی و نیوە مردوویی هەردوکیان بمێننەوە.


هاوڵاتی نابێت بێ ئومێد بێت، ئەها ئەم دووانەیە چۆن ئەم شەش گروبەی کۆکردوە، کە تا دوێنی شیر و تیریان لە یەک ئەسوی، ئەها چۆن هاوڵاتییان جاوکراوەکرد، کە نرخ و بەهای دەنگی خۆی بزانێت،،،.


ئەها چۆن ئەم دووانە و هاوڵاتی کەوتنە دوو بەرەی جیاوازەوە، هەر بۆیە قەد نائومید مەبە ئەی هاونیشتمانم، ئیتر کاتی خۆیەتی کە لە لێمۆترش خۆشترین لیمۆناد دروست بکەین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP