ڕاستکردنەوەی سیاسەت، بیری تیژ و بوێری ئەوێت

بەهرۆز جەعفەر - 11-05-2018 - 1681 جار خوێندراوەتەوە


ڕاستکردنەوەی سیاسەت و خستنەسەر سکەی ئەزمونی و زانستی خۆی لە خۆبردوویی، بیری تیژ و بوێری ئەوێت.

هاونیشتیمانی ئازیز... کوردوستانیانی خۆشەویست.

کورد لە گێژەنگی ڕووداوەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم ەوە تا هەنوکە کە ناوچەکە لەبەردەم بژاردەی شەڕێکی ترسناکدایە، چەندین جار هەڵەی کوشندەی کردووە، لەساڵی (۱۹۷۰) حکومەتی عێراق کە لاواز بو، خودی سەددام حوسێن هاتە خوێندنگەکەی ناوپردان و داوای مفاوەزاتی لە شۆڕشی کوردو سەرکردایەتیەکەی کرد، سەرکردایەتی  کورد هێندە هەڵەیەکی مێژووی گەورەیان کرد، کە هەر کاراکتەرێکی ئەم سەدەی بیستویەکە شارەزای بنەماکانی زانستی سیاسی و دیبلۆماسی بێت کوشندەیی هەڵەکە درک پێدەکات، کە کورد چوار ساڵ درێژەی بە مفاوەزات دا لەگەڵ عێراق، تا عێراق خۆی بەهێزکردەوەو، نسکۆی بە شۆڕشی گەورەی ئەیلول هێنا، بێگومان شۆڕشی کورد لەوکاتانە باجی خیانەتی ناوخۆیی و دووبەرەکی کوردی بە قوورسی دا.

کاتێک پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی (۲۰۰۳ ) ڕوویدا، عێراق لەوپەڕی لاوازیدا بو، کورد لەباتی فەرزکردنی مەرجە نیشتیمانی و ژیارییەکانی خۆی، داوای پارەیان لە ئیدارەی ئەمریکا کردو، لە عێراقیش لەبەرانبەر چەند پۆستێک و بڕی ( ۱۷٪ ) ی بودجەدا چاویان لە مافە کوردستانییەکان نوقاند، تا عێراق بەهێزبویەوەو، ماددەی (۱٤۰ ) ی دەستوریش کاتەکەی بەسەرچوو، جگە لەوەش کورد بە تیمێکی چاوچنۆک و لاوازی سیاسی و ئەمنی و ئیداری چوونەوە کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان، بۆیە دەرئەنجامەکەی کورد بەیەکجارەکی کەرکوکی لە دەستدا. 

سبەی ڕۆژی ۱۲ ی ئایاری ۲۰۱۸ خەڵکی کوردستان ئەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، وەک چاودێرێکی نێودەوڵەتی و، توێژەرێک، ناتوانم ئەو گومانەتان لێ بشارمەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە عێراق و ئەم ناوچەیە گوزارشت لە ڕای هاوڵاتیان ناکات، ئەمەشمان لەگەڵ یونامی و چاودێرانی نێودەوڵەتی تاوتوێکردووە. 

 لەگەڵ ئەوەشدا داواتان لێ ئەکەم بێ ترس هەموو کورد بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی سیاسەتی کورد و کوردستان لە لایەن تیمێکی پسپۆڕ و بەهێزەوە وەرچەرخانێک بەخۆیەوە ببینێت، ئومێدم وایە سبەینێ لەناوچە دابڕاوەکان شەڕێک دروست نەبێت و، کوردوستانیان فێڵێکی تریان لێ نەکرێت و دەنگ بدەن بە تیم و هێزێک کە توانای چاککردنەوەی دۆخەکەیان هەیەو خۆشگوزەرانیتان بۆ دابین ئەکەن. 
هیوای سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان

۱۱ ی ئایار ی ۲۰۱۸
بەڕێوەبەری ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی MIRS

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP