هه‌ڵبژاردن یان كوڕه‌ ئازاكه‌؟

دانا هەڵەبجەیی - 10-05-2018 - 2047 جار خوێندراوەتەوە

 

ئەوەی لە پەیام و گوتاری میدیای حیزبی و سۆسیالمیدیا ئەگوزەرێت، ئەوەی زۆربەی سیاسی و هەڵمەتبەران و گوتاربێژانی کەمپینەکانی هەڵبژاردن، پەیڕەوی ئەکەن چ لە کاتی یەکەم هەڵبژاردنی 1992، چ ئەوەی ئێستا کە بۆ 12.5.2018، ئەکرێت یەک ڕێتم و یەک ڕەزم، یەک فۆرم یەک بەزمن.
هەندێک ئەستێرەی کۆن و هەندێکی تازەن، بەڵام سەر و بنی زمانەکان، هەمان وشەگەلەن کە نیوسەدەیە هاواری پێ ئەکەن و بازاڕیانی پێ گەرم ئەکەن.
زۆر جارهاڵاوی هەناسەی شەڕی براکوژییە گەوەر و کچکەکانی جارانی لێدێت، تا دێت زیاتر دەستەواژەی کوتراو و سواوی دەیان ساڵەی تۆمەتەکان ئەوترێتەوە. ئەوەندە ئاکار و ئاماژەی دوور لە ئاداب و سەنگ و بەهای کۆمەڵگە بەکار دێنن، کە بە پێی یاسای ڕاگەیاندن بێت، نابێت بەر دیدی و گوێی تەمەن خوار 16 ساڵ بکەوێت.

خەڵک تێربوو، بێزاربوو، خەڵک لە سەدەرمی تیڤی ڕەش و سپییەوە تا ئێستا، تەنها ئێوە ئەبینن، ئەوەندە خۆیان پیشان داوە(سەپاندووە) ئەزانن چەند خاڵ بە ڕۆخیانەوە هەیە،. وەک ئەوەی لە لایەن شێخ و مەشایخەوە، تەنها سەرۆک و ئەندامانی خێزانەکانی جەلالی و مەلایی، و سەرکردە هەنیکەپتەکانی ئەم حیزبانە ئیجازەی مارودوپشکی سیاسەتکردنیان پێدرابێت.
شەڕ ئەکەن، ئاشتی ئەکەن، دیسان شەڕ ئەکەن،. بەرە دروست ئەکەن، حکومەت و هاوپەیمانی ستراتیژی و ڕێکەوتنی دوو قۆڵی، سێقۆڵی و سێپێی و چەپی و گەڕیان پێک ئەهێنن،.
پێک یەن پێک نایەن، پێک هەڵئەدەن، پێک ئەشکینن، نۆش ئەکەن و ئەڕشێنەوە،.

برابەش و گردەبەش و کانزابەشن، جەنگ و گەنج بەشن، هەموو بەشن. بەڵام ئەبیت میللەت چاوی زەقەی بێت و خۆی بۆیان بە کوشت بدات و شەهید بێت ، بۆ ئەوەی ئەمان بەشەکەی خۆیان هەبێت و میللەتیش وەک تەلەبەیکی عاقڵی سەرەتایی گوێڕایەڵیان بێت.
زمانی کوردی زمانێکی شیرینی نەرمە کە لە نێوان لێو و زماندا دەنگی لێوەدێت، بەڵام لە بانگەشتەوە ،تا بینەقاقا بەکاردێنن، قوڕگی خۆیان هێنایە دەر، قیژ و قیڕاندن، هاژوهوژ، هەڕەشە و گوڕەشە نەبێت، گوێمان لە ڕستەیەکی تازە نەبوو کە تیماری ئەم دۆخە کۆڵنجاوییە بشێلێت.
ئەمانە چونکە لە کێوە هاتوون، تا ئێستاش بە هەمان ئاواز و تۆنی تۆڵەکردنەوە  ئەدوێن، هەمیشە ئەبێت دوژمنێک هەبێت بۆ ئەوەی خۆیان لە سەر خاڵی کەنەوە.
توندوتیژی و ڕەقوتەقی و شەڕوشۆڕ و پەلاماردان وەک بەکتریایەکی هەمیشەیی لە ناو خۆێنیاندا دێت و دەچیت.
هەریەکەیان ئەوی تر ئەسڕیتەوە و پێیدا ئەڕشێتەوە، تەنیا خۆی پێ یەکەم و باشترین و جوانترینە، ئەوانی تر پێ خائین و دز و گەنترینە.

هەر کەس هەڵئەسێت تەنیا باسی خراپەکانی ئەوی تر ئەکات، بازاڕی خۆی بە زڕاندن و تۆمەت و تۆڵە، بە هەڵتەکاندن و هەڵگەڕانەوەی ئەوی ترگەرم ئەکات.
سیاسەتی بە سوک سەیرکردنی دەنگدەران و ناچار و دوچارکردنی خەڵک بۆ دەنگدان بە خۆیان، میتۆدێکە کە 27 سالە پەیڕوەی ئەکەن.

بەکارهێنانی زمانی شەرانگیزی و بێ بەهاکردن و قەشمەریکردن بەوانی تر، خۆ بەپاڵەوان و پاک و پاکیزە زانین و ئەوانی تر بە پیس و پۆخڵ و پارەخۆر زانین، تەنیا لە کوردستاندا ئەبینرێت.
ئەمانە ئەچنە ناو ئەندام و کارمەند و موچەخۆرەکانی حیزبەکانی خۆیان، وا قسە ئەکەن، ئەڵێی بۆ شاخ و پارتیزانیان ئەنیێرن و بۆ پەلاماردان کۆیان کردونەتەوە، هەڵمەتی هەڵبژاردنیان لێبووتە هەڵمەتبردن بۆ سەر دوژمنان!.

هەر حیزبەی چەند کوڕئازایەکی بۆ خۆی دروستکردووە، کە ناترسن و بەغیرەتن، جنێو ئەدەن و هەڕەشە ئەکەن، بەزمانی شەڕی کوڕی گەڕەک ئەخافتن ئەکەن.
کوڕە ئازاکانی حیزب، لە تیڤی و لە هۆڵە یەکڕەنگەکانی خۆیان و لە فەیسبوک ئەبێنرێن. هەندیكیان سەرکردەن، هەندێکیان کرێگرتەن،. هەندێکیان بەربژاردەن، هەندێکیان خۆبژاردەن.

ئەم کوڕە ئازایانەی حیزب، تەنیا وەک کاردانەوەیەکی شەڕانگیزانەی هەرزەکارانە نەبێت، ناتوانرێت لە ئاستێکی تردا پۆلێن بکرێت. زۆربەی هەوادارانی کوڕەئازاکانی حیزب، هەرزەکارانی خوار 18 ساڵین کە مافی دەنگدانیان نییە، یاخود ئەو کەسە رق لەدڵ و عاتیفی و خوێنهەڵچوانەن، کە دنیا بە تەنیا بە ڕەش و سپی ئەبینن.

ئەمانە چ حیزببیەکانیان و چ ئەوانەی خۆیان بەحیزبیش نازانن و پشتگیری لەم و لەو ئەکەن، ئەوەندەی تیا ناهێڵنەوە کە سبەی حیزکەیان لەگەڵ ئەوانی تردا، هاوپەیمانییەک یا حکومەت پێکبهێنن. هەر بۆیەوە ئەمانە زۆر جار وەک مەقاشێک وان کە پشکۆییان پێ ئەگرن، دوای خامۆشی ئاگرەکە فەرامۆش ئەکرێن.

ئەوەی من پێم وایە و چاودێران و دەزگاکانی بە دواچون تێبینیان کردووە، تەنیا هاوپەیمانی و میدیای خەندان بە ڕادەیەکی زۆر کەم پێشێلکارییان کردووە لە بە کارهێنانی زمانی نەشیاودا و جیاوازن لە هەموو ڕویەکەوە. وە شارستانیانە کەمپینی کردووە و بە شێوەیەکی مۆدێرن و ئاست باڵا، تەلەفزێونەکەیان خستوەتە گەڕ لەم هەڵبژاردنەدا و فیلمی کوڕە ئازاکەی کۆڵان و گەڕەک  لێنادەن و پەیڕو ناکەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP