ته‌پوتۆز مه‌كه‌ن دۆخه‌كه‌ پێویستى به‌ دادپه‌روه‌رى و دیموكراسییه‌

بەهرۆز جەعفەر - 9-05-2018 - 1127 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ڵك ده‌نگ به‌ به‌رنامه‌ ئه‌دات، به‌ كردار ئه‌دات، نه‌ك به‌كه‌سێك و دوان و سیان. به‌نده‌ دوانزه‌ ساڵى ئاماده‌یی، دوو ساڵى په‌یمانگه‌، چوارى زانكۆ، دوانى ماسته‌ر، وا دوانى دكتۆراش، ئه‌خوێنم، ده‌ساڵیش كادرى یه‌كێتى بووم، هه‌زاران وتارم له‌ڕۆژنامه‌كان و ده‌یان چاوپێكه‌وتنى ناوخۆیی و ده‌ره‌كیشم هه‌یه‌، نزیكه‌ى چوار توێژینه‌وه‌م له‌جۆرناڵى جیهانى و بیستو دوو دانه‌شم له‌ناوخۆدا بڵاوبۆته‌وه‌، نه‌ك خانه‌واده‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ى له‌ده‌ورى ئێمه‌و لادێكه‌شمان بووه‌ ته‌فروتوناى ده‌ستى به‌عس بووه‌، به‌نزیكه‌یی له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خوارى خواره‌وه‌ هه‌موو سه‌ركرده‌ كوردییه‌كان ئه‌ناسم و ئه‌وانیش ئێمه‌ ئه‌ناسن، زیاتر له‌ هه‌شت خولى جۆراوجۆرم له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ بینیوه‌، له‌ هه‌رچى ناڕه‌زایه‌تیدا هه‌یه‌ بووم، یه‌كێكم له‌وانه‌ى مۆڵه‌تى خۆپیشاندانى 17ى شوباتیشم وه‌رگرتووه‌ "بۆ ئه‌وه‌نا كه‌ پێ بخه‌مه‌ سه‌رى خه‌ڵك و پێى بچم بۆ په‌رله‌مان"، به‌ڕێوه‌به‌رى ناوه‌ندێكى توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نیشم، به‌سێ زمان كاره‌كانى خۆى ئه‌كات.

ئیتر زۆر چیرۆكى جۆراوجۆر له‌ژیانى كاركردنماندا هه‌یه‌، تا ئه‌م چركه‌یه‌ش یه‌ك په‌نجا فلووس ئیمتیازم له‌ حكومه‌ت و حیزبا نه‌بووه‌و نییه‌، به‌ هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌ حیزبو گروپ و كوتله‌وه‌ دوورم. تۆ پێتوایه‌ به‌و هه‌مووه‌ى له‌م ژیانى سی و یه‌ك ساڵه‌مدا هه‌یه‌و هه‌بووه‌، قابیله‌ بۆچى هاوار ئه‌كه‌ین ده‌نگ بده‌ن به‌ هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى؟. 

ئێمه‌ له‌ كوردستان پێویستمان به‌وه‌یه‌ مرۆڤ بكه‌وێته‌ سه‌نته‌ره‌وه‌ نه‌ك په‌راوێزه‌وه‌، پێمانوایه‌ ئه‌بێت بە جدیی بیر له‌ پاراستنى كیانى نیشتیمانى كوردستان بكه‌ینه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خودى كاك دكتۆر "به‌رهه‌م ساڵه‌ح" ڕێك كه‌وتوین له‌مانگى 2 ى 2017، پێش ساڵێك له‌دروستكردنى هاوپه‌یمانى، ڕێك نه‌كه‌وتوین په‌لامارى حیزبه‌كان بده‌ین و، موئامه‌ره‌ بكه‌ین. له‌وكاته‌وه‌ زیاتر له‌ شه‌ست وتارو ده‌یان پۆست و سه‌دان ئاكتم كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى لیستى ژماره‌ 153 سه‌ربكه‌وێت. 

جا بۆیه‌ پێویسته‌ خه‌لًك به‌دواى بنه‌ماى شته‌كان بكه‌وێ و، ته‌پوتۆزى فیرعه‌ونه‌كان ڕێگه‌كه‌ى لێ وێڵ نه‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ى ته‌نها له‌ ئه‌ترافى سوله‌یمانى بایی 750 ملیۆن دۆلار زه‌ویان داگیركردووه‌ قسه‌ به‌ به‌رهه‌م ساڵه‌ح ئه‌كه‌ن؟. ئه‌وه‌ ئێوه‌ ئه‌ونه‌ ئاقڵ و میلله‌ت دۆست بون بۆ پاركێكى وه‌ك "هه‌وارى شار" تان دروست نه‌كرد سه‌دان هه‌زار دارى تیا سه‌وزبكه‌ن؟!. خه‌ڵكى یه‌كێتى و، خه‌ڵكى هۆشمه‌ند مووچه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتارێ ناكاته‌ پێوه‌ر، ئه‌وه‌ به‌ پێوه‌ر وه‌رئه‌گرێ كه‌ ئه‌م جۆره‌ یه‌كێتیه‌ ده‌ ساڵه‌ نامۆیه‌ به‌خوێنى شه‌هیدان و كه‌لتورى كورده‌وارى، قبولى ناكات ده‌سودایه‌ره‌ كێیان ویست بیكه‌ن به‌ پاشاو كێیان نه‌ویست به‌زمێكى بۆ بخوڵقێنن و، به‌دارو به‌ردیا بدەن!.

چه‌ند جارى تریش وتومه‌، به‌قه‌د بناگوىً له‌ڕاپۆرته‌كانى دیوانى چاودێرى دارایی- سلێمانی و سەرۆکەکەیه‌وه‌ نزیكبوم، تا ئه‌م چركه‌یه‌ ته‌نها یه‌ك لاپه‌ڕه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و ئیختیلاسى به‌رهه‌م ساڵه‌ح نییه‌، به‌ڵێ به‌رهه‌م ساڵه‌ح كه‌موكورتى هه‌بووه‌ له‌ حوكمڕانى دا، كه‌موكورتیه‌كه‌ش وه‌ك خوالێخۆشبو مام جه‌لال باسى ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ گروپێكى داخ له‌دڵ به‌رده‌وام دژى به‌رنامه‌ چاكسازییه‌كانى دكتۆر به‌رهه‌م بوون.

قه‌زیه‌یه‌كمان هه‌یه‌و به‌دواى كه‌وتووین، كێ بڕواى پێى نییه‌ ئه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ تێكۆشه‌رتر و زانستخواز تر نییه‌، یه‌كێتى له‌سه‌ر خوێنى خه‌ڵك و ئێمه‌ دروستبووه‌، گه‌ردنتان ئازادبێت حوكمى چه‌ته‌گه‌رى و بنه‌ماڵه‌گه‌رى خۆتانى تیا ئه‌چه‌سپێنن، ئه‌مما یه‌ك بست چه‌سپاندنى ئه‌مه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى و چوارچێوه‌ى حوكمڕانى دا جێگه‌ى نابێته‌وه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP