12/5 رۆژی شۆڕشە سپیەكە

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 6-05-2018 - 2413 جار خوێندراوەتەوە

لەوانەیە زۆر جار هەندێك لە هاووڵااتیان ئەو بیرۆكە بە خەیاڵیاندا بێت و بڵێن :ئایا دەنگی من دەبێت چ رۆڵێكی هەبێت لە ناو ملیۆنان دەنگدا بۆ گۆرانكاری ،ئەم پرسیارە باوە لە نێوان هاووڵاتیانی هەموو ئەو ووڵاتانەی كە هەڵبژاردنیان تێدا دەكرێت ،بە ڵام سەرەڕای ئەم بۆچوونەش بەشێكی زۆری هاوڵاتیان بە گوڕوتینێكی ترو بە ئیرادەو ئامانجێكی نیشتمانی و هەست بە بەرپرسیارێتی كردن دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ دەدەن ،هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسیەو ئامانج تێیدا بەشداریكردنی هاووڵاتیانە لە بریاری سیاسیی و ئەو دەسەڵاتەی كە حوكم دەكات بۆ چەند ساڵی داهاتوو ،ئەمەش بۆ چەسپاندنی جەوهەری دیموكراسیە كە دەڵێت گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە .بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەلدەدات كە ئایا بۆچی سەرەرای بەردەوامی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و كوردوستان، بە ڵام دەسەڵات لە هەردوو شوێنەكەدا گەندەڵترو ستەمكارتر دەبێت ؟لەدیوێكیدا دەتوانین بڵێین كە تەنها بونی هەڵبژاردن مانای بوونی دیموكراسی نیە ،لەم روەوە دەتوانین بڵێین هەلبژاردن لە كوردوستان و عێراقدا لە غیابی ڕۆڵی كارای دامەزراوە دیموكراسیەكان بەرێوە دەچێت ، لە رویەكی ترەوە چەواشەكردنی دەنگدەر لە لایەن پارتە سیاسیەكان و كاندیدەكان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا .بەڵام لە ئێستادا دەبێت هەموان ئەو راستیە بزانین كە دەمامكەكان هەموی ئاشكرابوون و بە درێژایی 15 ساڵی رابردوو هەموو ئەو لایەن و پارتەسیاسی و كاندیدانە بینراون كە چیان كردوە لە بەغداو رۆڵیان چیبوەو كوردوستان و هەرێمی كوردوستانیان توشی چ دۆخێكی ناهەموار كردوە كە بە بەراورد بە 15 ساڵی رابردوو خراپترینە .


هاووڵاتی لە ئەمجارەدا خاوەنی هوشیاریەكی ترەو بە ئەزمونێكی ترەوە دەچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان .چونكە دەبێت هاووڵاتی بگاتە ئەو راستیەی كە نابێت كەسێكی تاقیكراوە جارێكیتر تاقیبكاتەوە ،بەلكو دەبێت بە هوشیاریەكی سیاسیەوە مامەڵە لە گەڵ دۆخەكەدابكات و بیسەلمێنێت كە لە رۆژی دەنگداندا هاوڵاتی دەسەڵاتی یەكەمەو نابێت لەو رۆژەدا لە بەرامبەر گەندەڵكارو خۆپەرست و خاك فرۆش و نەوت فرۆش و گەل فرۆشەكاندا بێ هەڵوێست بێت .بەڵكودەبێت رۆژی 12/5 بكاتە شۆرشێكی سپی بۆ روخاندنی عەرشی دەسەڵاتە گەندەڵكارەكان ،دەبێت لە رۆژی دەنگداندا هاووڵاتیان ئەو راستیە بێننە پێش چاوی خۆیان كە :


1-بەهۆی ریفراندۆمێكی بێ پلانەوە خەوی سەربەخۆی گەلێكیان لە ناو بردوو هەمو دەرگاكانیان بە روودا داخست و دەیان ساڵ پرۆسەكەیان هێنایەوە دواوە و ئەوەش كەبە دەست هاتبوو لە دەستیان داو گەلی كوردیان توشی نەهامەتی و سەر شۆری و لەدەستادانی نیوەی خاكەكەی كرد.


2-بەدرێژایی 15 ساڵی رابردوو ،سەرەرای ئەو هەموو دەسەڵاتە كەهەیانبوو لە سەرۆك كۆمارو وەزارەتەكان و پۆستە سیادیەكان ،بریاری 140 وەك مەرەكەبی سەر كاغەز هەرمایەوەو نەیانتونی بچوكترین هەنگاو هەڵبگرن بۆ جێبەجێكردنی .


3-هەردوو پارتە گەورەكەی كوردوستان ئەوەندەی هەڵپەیان بوو بۆ بنیات نانەوەی عێراقی نوێ،نیو ئەوەندە كاریان نەكرد بۆ گەشەپێدانی كوردوستان ،بەڵكو پاش ئەوەی كەكەوتنە ناو تۆری گەندەڵی مافیاكانی عێراق ئەوەی بیریان نەما هەرێمی كوردوستان و مافە دەستوریەكانی بوو .


4-نەیانتوانی هێزی پێشمەرگەی كوردوستان بكەنە هێزێكی نیشتمانی دان پێدانراو لە لایەن حكومەتی عێراق و بەشێوەی حیزبیانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دۆسیەیەشداكرد و دواجاریش لە شەرەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا توشی گەورەترین سەرشۆریان كرد. نەینتوانی موچەیەكی شایستەی بۆ دابین بكەن و لە ئێستادا موچەی پێشمەرگەیەك نیوەی موچەی سەربازێكی عێراقیە.


5-پارتە دە سەڵاتدارەكان و خاوەن كوتلە گەورەكان ئەوەیان لە بیر چوەوە كەئەوان نوێنەرایەتی گەلێكی ستەملێكراو دەكەن بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوریەكانی ، بەڵكو هەریەكەیان كەوتنە دروست كردنی پەیوەندی نهێنی و ناشەرعی لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەكانیا.


لە بەر ئەوە ئەركی سەرشانی هاوڵاتیە كە هەست بە ئەرك و بەرپرسیارێتی بكات ،لەم هەلبژاردنەداو خۆ بێ‌ هەڵوێست و كاریگەر نیشان نەدات و بەئیرادەیەكی بەرزو بە هۆشیاریەوە بچێتە سەر سنوقەكانی دەنگدان و بە هوشیاریەكیی سیاسیەوە دەنگ بدات ،كە لە لایەك سزای گەندەڵكاران بدات لە لایەكی تریشەوە بۆ هەلبژاردنی قەوارەو پالێوراوەكانیش رەچاوی ئەم خالانە بكات :


1-نابێت دەنگدەر بە شێوەیەكی سادە سەیری دروشم و پرۆژەی پالێوراو بكات ،بەڵكو دەبێت سەیری رابردوی قەوارەكەو پالێوراوەكە بكرێ ،ئایا لە رابردودا سیڤیەكەی چۆن بوەو چۆن مامەڵەی كردوەو ئەخلاقی سیاسی چۆن بوە ؟ئەگەر ئەو پارتە لە دەسەڵاتدابوە چۆن حوكمی كردوەو تا چەند تاوانبارە بە گەندەڵی؟


2-دەبێت هاوڵاتی بزانێت ئەو كەسەی هەلیدەبژێرێت بۆ ئەندامی ئەنجومەنی بەغدایە، كە چەندان كەسی پسپۆرو شارەزاو خاوەن ئەزموونی تیایە لە بواری ئابوری و سیاسی و فیكری و كارگێری و ...هتد ،بۆ نوێنەرێكی كوردیش پێویستە كەسێكی شارەزاوزمانزانو پسپۆرو بوێرو دڵسۆزو نیشتمان پەروەرو راستگۆبێت ،توانای داكۆكیكردنی هەبێت لە مافە دەستوریەكان گەلی كورد.


ئەگەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردوستان لە سەر ئەم بنەمایانەو بەم هۆشیاریەوە دەنگ بدەن،هەردوو ئامانجە سەرەكیەكەی هەڵبژاردن دەپێكن ،كە یەكەمیان سزادانی گەندەڵكرانە، دوەمیشیان هەڵبژاردنی ستافێكی شارەزاو پسپۆرو بوێرو نیشتمان پەروەرە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP