ئه‌ركی‌ دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵی‌ 2017 مان چیه‌ ؟

نەوزادی موهەندیس - 8-12-2016 - 2995 جار خوێندراوەتەوە


نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

•    ئاشكرایه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ هه‌ر ولاَتێك له‌ چوار چێوه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ئابوری‌ ئه‌و ولاَته‌دا داده‌ڕێژرێت  به‌و ئامانجه‌ی‌ بتوانرێت كه‌ زۆرترین خزمه‌تگوزاری‌ به‌ هاولاَتیان و ولاَت بكرێت و هه‌نگاو بنرێت به‌ره‌و بوژاندنه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م كه‌رت و بواره‌كانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگا و ڕووه‌و ئاینده‌ و ساڵێكی‌ نوێ‌ هه‌نگاو بنرێت، نه‌ك ه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ ولاَتانی‌ دواكه‌وتوو یان گه‌شه‌كردوودا ڕووده‌دات و زۆرینه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ولاَت بۆ لایه‌نی‌ ئه‌منی‌ و سه‌ربازی‌ و جه‌نگ داده‌نرێت سه‌ره‌ڕای‌ نه‌بونی‌ پلانی‌ زانستی‌ و واقیعی‌  و بوونی‌ دیارده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كوشنده‌ و به‌ سیاسیكردنی‌ بوجه‌ی‌ ولاَت له‌لایه‌ن حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌. به‌داخیشه‌وه‌ له‌ ولاَتی‌ عێراقیش به‌ كوردستانیشه‌وه‌ سالاَنه‌ ئه‌م هه‌ڵه‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و زانستیانه‌ دووباره‌ ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ش كه‌ هیچ كات ولاَت به‌ره‌وه‌ پێشه‌وه‌ ناچێت به‌ڵكو ڕووبه‌ڕووی‌ چه‌ندین مه‌ترسی‌ و قه‌یران و كاره‌ساتی‌ ئابوری‌ ده‌بنه‌وه‌ و هه‌میشه‌ بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ نه‌ك به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێن.

•    ئه‌وه‌تا ڕۆژی‌ 4 شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی‌  7/12/2016 یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ فیدڕاڵی‌  بۆ ساڵی‌ 2017ی‌ دارایی‌ په‌سه‌ندكرا كه‌ له‌ 59 ماده‌ پێك هاتوه‌ و له‌ 1/1/2017وه‌ كاری‌ پێده‌كرێت.... ئه‌مساڵ جیاواز له‌ سالاَنی‌ پێشووتر یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراقی‌ بوه‌ مایه‌ی‌ جیابونه‌وه‌ و لێكترازانی‌ ڕیزه‌كانی‌ فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان له‌ به‌غداد و به‌ته‌نها پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ناڕه‌زایی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربڕیوه‌ و 4 فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ تر له‌گه‌ڵیدا بون و كاریان بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ كرد. و ئه‌نجامیش هه‌وڵ و ماندووبونی‌ ئه‌و 4 فراكسیۆنه‌ سه‌ریگرت و پارتی‌ به‌ته‌نها مایه‌وه‌ و خۆی‌ كه‌نارگیر خست. و هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ فراكسیۆنی‌ پارتیش بوه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌  6/12/2016دا  ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بدات له‌سه‌ر پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

•    سه‌ره‌تا ده‌بێت دانبنێین به‌ چه‌ند ڕاستیه‌كدا كه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ عێراقیدا  كاری‌ پێده‌كرێت و به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا پشتگوێخراون و هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت، سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ جه‌نگ و بوونی‌ ئاواره‌ و پشێوی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌، كه‌ بریتین له‌:

1.    بۆخۆی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكه‌  پێش ته‌واوبونی‌ ساڵی‌ دارایی‌ 2016 و وه‌رزی‌ یاسادانانی‌ 2016، مانای‌ بونی‌ په‌ڕله‌مانێكی‌ كارا و ئاكتیڤ و به‌داموده‌زگایی‌ ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانی‌ عێراقی‌ ده‌گه‌یه‌نێت له‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقدا.به‌لاَم له‌ هه‌رێمدا نه‌ په‌ڕله‌مان كارایه‌ و نه‌ حكومه‌ت ئاكتیڤه‌ تا یاسای‌ بودجه‌ ڕێكبخه‌ن و ده‌ریشیبكه‌ن و ئه‌وه‌ ماوه‌ی‌ 3 ساڵه‌ هه‌رێم دوور له‌یاسا هه‌موو داهات و خه‌رجیه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ و خه‌رجیشیان ده‌كات دوور له‌ ووردبینی‌ و به‌دواداچوونی‌ دامودوه‌زگا چاودێریه‌ داراییه‌كان.

2.    ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ به‌پێی‌ یاسا داهات و خه‌رجیه‌كانی‌ كۆده‌كاته‌وه‌ و خه‌رجیشی‌ ده‌كات.

3.    داهات و خه‌رجیه‌كان شه‌فاف و ئاشكران.

•     له‌یاساكه‌ی‌ ئه‌مساڵدا به‌ پێی‌ ئه‌و ژماره‌ داهات و خه‌رجیانه‌ بێت كه‌ دیاریكراون  ئه‌م یاسای‌ بودجه‌یه‌  بریتیه‌ له‌ كه‌مترین بوجه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقیدا له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003وه‌، ئه‌مه‌ش بۆخۆی‌ هۆكاری‌  خۆیی‌ و بابه‌تی‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ش نزمی‌ نرخه‌كانی‌ نه‌وت و كه‌ بۆته‌ هۆی‌ كه‌می‌ داهات و له‌به‌رامبه‌ریشدا زۆری‌ خه‌رجیه‌كان و بوونی‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ تیرۆریستان و بوونی‌ ئاواریه‌كی‌ زۆر له‌ناوخۆدا و نه‌بوونی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ تر جگه‌ له‌ داهاتی‌ نه‌وت، كه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی‌ خاڵێكی‌ لاوازی‌ یاسی‌ بودجه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ هه‌موو ساڵێكه‌ كه‌ نه‌توانراوه‌ سوود له‌ كه‌رته‌كانی‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازی‌ و گه‌شتوگوزار و مرۆییه‌كان و ...هتد .

وه‌ربگیرێت. و هه‌ربۆیه‌ عێراق وه‌ك ولاَتێكی‌ تاك سه‌رچاوه‌ی‌ داهات حساب ده‌كرێت. نه‌ك هه‌مه‌جۆر سه‌رچاوه‌ كه‌ له‌ ولاَتانی‌ گه‌شه‌كردووی‌ ئابوریدا هه‌میشه‌ گرنگی‌ ده‌ده‌ن به‌ گه‌ڕان به‌دوای‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ تردا.
•    له‌ یاساكه‌ی‌ ئه‌مساڵدا هاتوه‌ كه‌ بڕی‌ داهاتی‌ گشتی‌ بریتیه‌ له‌ 79011421000 تریلیۆن دینار كه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ نرخی‌ فرۆشتنی‌ 1 به‌رمیل نه‌وت به‌ 42 دۆلار دانراوه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌بێت بڕی‌ 3750000 به‌رمیل نه‌وت بفرۆشرێت به‌ (( 550 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی‌ هه‌رێمیشه‌وه‌ به‌هه‌رێم (( 250 هه‌زار به‌رمیل )) و كه‌ركوك به‌ (( 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت))ه‌وه‌)) و نرخی‌ گۆڕینه‌وه‌ی‌ 1 دۆلاریش بریتیه‌ له‌ 1182 دینار.

•    داهاتی‌ نه‌وتی‌ بریتیه‌ له‌ 67950225000 تریلیۆن دینار

•    داهاتی‌ جگه‌ له‌نه‌وت بریتیه‌ له‌ 11061196000 تریلیۆن دینار

•    لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ڕێژه‌ی‌  86% داهاتی‌ عێراق پشتده‌به‌ستێته‌ سه‌ر نه‌وت و ته‌نها ڕێژه‌ی‌ 14% گریمانه‌كراوه‌ بۆ داهاتی‌ تر.

•    بڕی‌ خه‌رجی‌ گشتی‌ بریتیه‌ له‌ 100671160790  تریلیۆن دینار

•    بڕی‌ خه‌رجی‌ به‌كاربردن بریتیه‌ له‌ 75217142790 تریلیۆن دینار كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی‌ 71ر74%

•    بڕی‌ خه‌رجی‌ وه‌به‌رهێنانیش ده‌كاته‌ 28ر25%

•    بڕی‌ كورتهێنان بریتیه‌ له‌ 21659739790 تریلیۆن دینار

•    ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م یاسایه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ 2017 ش كۆمه‌ڵێك خاڵی‌ باش و خراپی‌ تیادایه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ گرنگترینیان بریتین له‌:

•    لایه‌نه‌ باشه‌كانی‌ ئه‌م یاسایه‌ :

1.    له‌ماده‌ی‌ 8/ یه‌كه‌م / پشكی‌ 17% هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌سپێنراوه‌ وه‌ك ساڵه‌كانی‌ پێشووتر.

2.    له‌ماده‌ی‌ 8 / پێنجه‌م/  ڕێژه‌یه‌ك له‌ خه‌رجی‌ هێزه‌ وشكانیه‌كانی‌ سوپای‌ عێراقی‌ بۆ  هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ دیاریكراوه‌.

3.    ماده‌ 9/ ا/ هه‌رێم و به‌غداد هه‌موو داهاته‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیتیحادی‌ له‌ هه‌رێمدا حساب ده‌كه‌ن و ده‌بێت مانگانه‌ بگێڕدرێته‌وه‌ بۆ به‌غداد.

4.     ماده‌  9/ ج / ڕێككردنه‌وه‌ی‌ و چاره‌سه‌ركردنی‌ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێم و به‌غداد له‌ساڵی‌ 2004 وه‌ بۆ 2016 دوای‌ ووردبینی‌ كردن و په‌سه‌ندكردنی‌.

5.    ماده‌ 9/ سێیه‌م/ ا/ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌بێت ڕۆژانه‌ بڕی‌ ( 250 هه‌زار )) به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌رێم ته‌نها له‌ڕێگه‌ی‌ (( سۆمۆ)) وه‌ بفرۆشێت و داهاته‌كه‌ی‌ بۆ به‌غداد بگه‌ڕێته‌وه‌.

6.    ماده‌/9/  سێیه‌م /ب/  هه‌رێم ڕۆژانه‌ بڕی‌ (( 300 هه‌زار)) به‌رمیل نه‌وتی‌ كه‌ركوك بفرۆشێت ته‌نها له‌ڕێگه‌ی‌ (( سۆمۆ)) وه‌ و داهاته‌كه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غداد.

7.    ماده‌ 9/ سێیه‌م/ج/ پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێش هه‌ر خه‌رجیه‌ك مووچه‌ ی‌ مووچه‌خۆران به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ بدات له‌و میزانیه‌ی‌ ساڵی‌ 2017 بۆی‌ دیاریكراوه‌ له‌ میزانیه‌ی‌ به‌كاربردن.

8.    ماده‌ 9/سێیه‌م/د/ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و خالاَنه‌ی‌ ماده‌ی‌ 9ی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ جێبه‌جێكرد ئه‌وكات حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ ڕێژه‌ی‌ 17% پشكی‌ هه‌رێم ده‌نێرێت و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هیچ ئیلتیزامێكی‌ ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

9.    ماده‌ 10/ هه‌ر كه‌م وزیادێك ڕوویدا له‌ ئاماری‌ دانیشتواندا له‌هه‌رێم و پارێزگاكانی‌ تریش ئه‌وكات ڕیژه‌ی‌ پشكه‌كانیش  له‌ داهاته‌كان كه‌م و زیاد ده‌كات.

10.    هه‌رێمیش پێویسته‌ ڕێژه‌ی‌ 8ر3% له‌ كۆی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان ببڕێت بۆ پێداویستی‌ هه‌رێم و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ پشكی‌ 17% كه‌ی‌ خۆی‌. به‌لاَم هه‌رێم له‌ ئێستادا ته‌نها چاره‌كه‌ مووچه‌ ده‌دات نه‌ك مووچه‌ی‌ ته‌واو بۆیه‌ ئه‌م خاڵه‌ له‌هه‌رێمدا ناتوانرێت جێبه‌جێبكرێت كه‌ له‌ قازانجی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌ماندا ده‌بوو.

11.    وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ ده‌بێت نه‌وتی‌ خاو به‌ ڕێژه‌ی‌ 30% له‌نرخی‌ بازاڕی‌ نه‌وتی‌ جیهانی‌ كه‌متر بفرۆشێت به‌ پالاَوگه‌ كان و نرخی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانیش وه‌كو ئێستا بمێنێته‌وه‌ ، نه‌ك وه‌ك هه‌رێم به‌هه‌مان نرخی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌داته‌ پالاَوگه‌كان و كارگه‌ پیشه‌سازیه‌كان.

12.     له‌ماده‌ی‌ 56//  هاتوه‌ كه‌ نیوه‌ی‌ داهاتی‌ خاڵه‌ گومركیه‌كان ده‌درێته‌وه‌ به‌و پارێزگایانه‌ی‌ كه‌ ئه‌و خالاَنه‌ی‌ تیادایه‌.

•     لایه‌نه‌ خراپه‌كانی‌ ئه‌م یاسایه‌:
1.    وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ڕێژه‌ی‌ 71ر74% له‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ دانراوه‌ بۆ بودجه‌ی‌ به‌كاربردن و ته‌نها ڕێژه‌ی‌ 28ر25% دانراوه‌ بۆ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان . كه‌ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین خاڵی‌ خراپ و لاوازی‌ ئه‌م یاساییه‌ و پێویست ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ به‌شی‌ گه‌وره‌ی‌ بودجه‌ له‌هه‌ر ولاَتێكدا بۆ وه‌به‌رهێنان بێت نه‌ك به‌كاربردن ، چونكه‌ نابێت له‌ ولاَتانی‌ پێشكه‌وتوودا خه‌رجیه‌كانی‌ حكومه‌ت گه‌وره‌تربن هه‌ربۆیه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر كه‌رتی‌ تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنانی‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كی‌ و ئه‌وه‌ی‌ بۆ به‌كاربردن خه‌رجی‌ ده‌كه‌ن ده‌یگێڕنه‌وه‌ و ده‌یخه‌نه‌ خزمه‌ت پێشكه‌وتنی‌ ولاَته‌وه‌.

2.    ماده‌ 8/ دووه‌م / پشكی‌ 17% هه‌رێم دوای‌ ده‌ركردنی‌ خه‌رجی‌ فعلی‌ ده‌وڵه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ ده‌نێردرێت واته‌ هه‌موو خه‌رجیه‌ سیادیه‌كانی‌ لێ‌ ده‌رده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌ش بڕێكی‌ زۆر له‌ پشكی‌ هه‌رێم ده‌بات وه‌ك سالاَنی‌ پێشووتر.

3.    ڕێژه‌ی‌ پشكی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ خه‌رجی‌ هێزه‌ وشكانیه‌ عێراقیه‌كان دیارینه‌كراوه‌ و ژماره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ش دیاینه‌كراوه‌. كه‌ ده‌كرێت یاری‌ پێ بكرێت و به‌ یئیجتیهادی‌ كه‌سی‌ خه‌رج بكرێت.

4.    ماده‌/8/ یه‌كه‌م /ده‌سه‌لاَتی‌ ناردنی‌ به‌شه‌ پشكی‌ هه‌رێم دراوه‌ته‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ به‌لاَم به‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ سه‌رۆك وه‌زیرلان .

5.    ماده‌ 9/ب/  له‌كاتی‌ نه‌دانی‌ داهاته‌ ئیتیحادیه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ . دیوانی‌ چاودێری‌ به‌غداد ڕاسته‌خۆ له‌ ڕێگه‌ی‌ باجه‌كان و گومركه‌كانه‌وه‌ داهاتی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیتحادی‌ له‌پشكی‌ 17% ی‌ هه‌رێم ده‌بڕێت.

6.    ئه‌م به‌شه‌ پشكه‌ی‌ هه‌رێم 17% له‌ ئێستادا كه‌ ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم 1 ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌سه‌  به‌ش ناكات.. ئه‌ی‌ ئه‌و كات فه‌رمانبه‌رانی‌ زیاده‌ چۆن بودجه‌یان بۆ دابینده‌كرێت و له‌لایه‌ن كێوه‌؟ كه‌ ده‌بوایه‌ به‌ ژماره‌ی‌ ته‌واوی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم یاساكه‌ په‌سه‌ندبكرایه‌.یان ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ ڕاسته‌قینه‌ چه‌نده‌ و چۆن مووچه‌یان ده‌درێت ؟ یان ئه‌وه‌تا ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ هه‌رێم ڕاسته‌قینه‌ نیه‌؟ كه‌ ئه‌م خاڵه‌ ده‌بوایه‌ ڕۆشنتربوایه‌ و گفتوگۆی‌ زیاتری‌ له‌باره‌وه‌ بكرایه‌.كه‌ له‌ ئێستادا بۆته‌ جێگه‌ی‌ جیاوازی‌ له‌نێوان به‌غداد و هه‌رێمدا و هه‌ریه‌كه‌یان ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم به‌ جیاواز له‌ یه‌كتری‌ داده‌نێن.

7.     به‌پێی‌ ماده‌ 9/ سێیه‌م / خاڵی‌ ا و ب// فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم و عێراقیش ته‌نها له‌ده‌سه‌لاَتی‌ كۆمپانیای‌ (( سۆمۆ))دایه‌ و داهاته‌كانیش هه‌مووی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ فیدڕاڵی‌. بۆیه‌ هه‌رێم هیچ ده‌سه‌لاَتێكی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ نامێنێته‌وه‌.

8.    بڕینی‌ ڕێژه‌ی‌ 8ر3% له‌ كۆی‌ مووچه‌ی‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی‌ عێراق بۆ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌.كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ به‌هێزكردنی‌ ئه‌م گردبونه‌وه‌ چه‌كداریه‌ (( شیعیه‌یه‌)) له‌ پاڵ سوپای‌ نیزامی‌ عێراقیدا.

9.    له‌ ماده‌ی‌ 19// هاتوه‌ كه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی‌ كوردستانیش له‌ پشكی‌ 17%ی‌ هه‌رێم ده‌درێت.كه‌ لێره‌شدا له‌ بنچینه‌دا به‌شه‌ بودجه‌كه‌ به‌شی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ناكات ، ئیدی‌ چۆن  جێگه‌ی‌ ئه‌م خه‌رجیه‌ش ده‌بێته‌وه‌.

•    له‌ كۆتاییدا ، به‌ ئاشكرا دیاربووكه‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌م یاسایه‌ ئاسان نیه‌ و هه‌وڵ و ماندووبونی‌ زۆری‌ گه‌ره‌ك بوه‌ له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانتاره‌ كورده‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ مایه‌ی‌ ده‌ستخۆشیه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌و تێبێنی‌ و خاڵه‌ لاوازانه‌ی‌ كه‌ له‌یاساكه‌دا هه‌یه‌، به‌لاَم  له‌ ئێستادا و دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكه‌ ئه‌ركی‌ هه‌مووانه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌غدادیش پابه‌ندبن به‌ جێبه‌جێكردنیه‌وه‌ نه‌ك وه‌ك سالاَنی‌ پێشووتر ته‌نها وه‌ك مه‌ره‌كه‌بی‌ سه‌ر كاغه‌ز بمێنێته‌وه‌.

بۆئه‌م هه‌نگاوه‌ش هه‌م فشاری‌ سیاسی‌ و حیزبی‌ و جه‌ماوه‌ری‌  یه‌كگرتوی‌ گه‌ره‌كه‌ له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم و له‌سه‌ر به‌غدادیش  و تابكرێت هه‌موان پێكه‌وه‌ بن نه‌ك دوور له‌یه‌كتر و جیاواز له‌ بیروبۆچوون و ، پێویسته‌ هه‌موان به‌رژه‌وه‌ندی‌ میله‌ت و قوتی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ژار و برسی‌ له‌به‌رچاو بگرن نه‌ك ده‌سكه‌وتی‌  ته‌سكی‌ بچوكی‌ حیزبی‌ و سیاسی‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP