بزانه‌ هاوپه‌یمانی به‌هێزه‌ یان نا؟

بەهرۆز جەعفەر - 6-05-2018 - 3164 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌ڵێن سیاسه‌ت له‌ئاسمان بووه‌ ئه‌رستۆ دایگرتۆته‌ زه‌وی، له‌یۆنانی كۆنه‌وه‌ تا ئێستا به‌ دیموكراسیه‌تی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ وه‌، هه‌میشه‌ زۆرینه‌یه‌كی خه‌ڵك كه‌مینه‌یه‌كیان دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیانپارێزێت و، سیاسه‌ت یان بۆ بكات. ئه‌فلاتۆن له‌ كۆماره‌كه‌یدا له‌بابه‌تی ئه‌وه‌ی "ئه‌بێت كێ پاسه‌وانی كۆمه‌ڵگا بێت" زۆر ڕقی له‌وانه‌ ئه‌بێته‌وه‌ كه‌ عه‌وامن و له‌ كۆڕو كۆڕبه‌ندی نه‌جیبزاده‌كاندا نه‌بوون و، دێن سیاسه‌ت ئه‌كه‌ن یان باسی ئه‌كه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ هه‌زاران كادری عه‌سكه‌ری و حیزبی هاكه‌زایی نه‌خوێنه‌وار ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ زه‌لیله‌ به‌ حیزبیكراوه‌ نه‌بێت كه‌س له‌دونیادا پاككردنه‌وه‌ی ڕیستۆرانتێكیشیان پێ ناسپێرێت، كه‌چی بونه‌ته‌ خاوه‌نی ده‌یان ملیۆن دۆلار و سواری ملی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بوونه‌ به‌گوتارێكی سواوی پرۆتستۆكراو.

هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌ هه‌ره‌ نوخبه‌ ئه‌مین و شاره‌زاو نه‌جیبزاده‌كانی كوردستانی فۆڕمه‌ڵه‌كردووه‌ بۆ سیاسه‌ت كردن له‌كوردستان، خودی به‌رهه‌م ساڵه‌ح جێگر و میراتگری تاڵه‌بانی بووه‌و، كه‌سێكی خوێنه‌وارو دیبلۆماته‌، وه‌ك كاك مه‌لابه‌ختیار ئه‌ڵێت "پێش زیاتر له‌ بیستو پێنج ساڵ حاكم و سه‌رۆكی ووڵاتێك داوای لێكردووه‌ ببێته‌ ڕاوێژكاریان، هه‌روه‌ها له‌م هاوپه‌یمانییه‌ دامه‌زرێنه‌ری سه‌حوه‌ی ئیسلامی له‌ كوردستان هه‌یه‌ كه‌ پێشتر سه‌رۆكی فراكسیۆن بووه‌، هاوتاو كێبڕكێكه‌ری ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌م هاوپه‌یمانیه‌دا هه‌یه‌، سه‌دان ڕۆشنبیرو توێژه‌رو كه‌سایه‌تی بێلایه‌ن له‌سه‌رانسه‌ری دونیاوه‌ پاڵپشتی خۆیان بۆ ده‌ربڕیوه‌، ته‌نها شه‌ش مانگه‌ دروستبوه‌ یه‌ك جنیۆ و ته‌شهیری نه‌كردووه‌، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ك دروست ئه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی كه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی لێ ئه‌كرێت (2 بۆ 3) كورسی له‌ناوچه‌دابڕاوه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، پێشتر هیچ هێزێك جگه‌ له‌ یه‌كێتی و پارتی له‌ناوچه‌دابڕاوه‌كان نه‌یتوانیوه‌ كورسی هه‌بێت.

کورد پێویستی بە ڕوئیایە، کە دیدگایەکی هەبوو ئیتر کێشەکان هەرچەندە قورس بن چارەسەری ئاسانە، قەرزەکان هەرچەندە قەبەو زۆر بن ئەدرێنەوە، لێرەوە زۆر ئاساییە "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری"کۆمەڵگەی کوردی و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان لە دەوری گردبنەوەو کار بۆ سەرخستنی بکەن، بۆ نا...

هیچ لەو قسەیە بێ ماناتر نییە کە ئەڵێن "دکتۆر بەرهەم ساڵەح" کەسێکە پێشوتر تاقی کراوەتەوەو....فڵان و فیسار پۆستی هەبووە، ئەردۆگان لە تورکیا لەگەڵ "نەجمەدین ئەربەکان" چوار حیزبی تاقی کردەوە "حیزبی نیزامی نیشتیمانی" و "حیزبی سەلامەی نیشتیمانی" و "حیزبی ڕەفاە" و دواتر " حیزبی فەزیلە" و ماوەیەکی کەمیش لە "حیزبی سەعادەت" دا بوون، ئینجا لە کۆتاییدا ئەردۆگان و هاوڕێکانی کە پێشوتر لە حیزبی فەزیلەو حیزبی سەعادەت بوون "پارتی دادوگەشەپێدان- ئاکەپە" یان لە (۱٤ی ئابی ۲۰۰۱) دا پێکهێناو ئەردۆگان کە پێشوتر سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بوو بوو بە سەرۆکی ئاکەپە. دوای دروستبونی ئەم ڕەوتە تازەیە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە (نۆڤەمبەری ۲۰۰۲) ئەردۆگان و حیزبەکەی سەرکەوتنێکی بێوێنەیان لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمارکرد.

ئەو ڕۆژەی ئاکپارتی و ئەردۆگان دەستەڵاتیان گرتە دەست کەس نەیوت ئەمانە واو وایان کردووە پێشوتر، بەمەرجێ لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا (۲۰۰۲) تورکیا لە ئیفلاسی مالی و ئەمنی و سیاسیدا بوو، ئەو ڕۆژانە تورکیا (٤۳۷) ملیار دۆلار قەرزار بو کە ساڵانە ئەو قەرزانە (٥٫۷) ملیار سوو ئەچووه سەری، لەماوەی تەنها پێج ساڵ دا کۆی قەرزەکان درایەوە و ئابوری تورکیاش گەشەی کرد، تا ئەوەی ناویان نا موعجیزەی ئابوری لە جیهان.

بەرهەم ساڵەح یش سەروەتێکی وایە بۆ کورد ئەکرێت بواری بدرێ و، ڕێگە نەدرێ کەسانێک کە بونەتە پەڵە بەسەر مێژووی سیاسیی کوردەوە دەنگە دەنگ دروست بکەنەوەو، خەڵکیش ئەوە تێ بگەن کە لەم نوسینەدا هاتووە، له‌ كۆتاییدا هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری لیستی ژماره‌ (153) هێزه‌و زۆر به‌هێزه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت په‌رده‌یه‌كی نه‌هێشتۆته‌وه‌ له‌نێوان خۆی و خه‌ڵكداو، سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی له‌ڕابردوو، ئێستادا له‌ ناو هه‌موو چین و توێژه‌كاندان، ئه‌وه‌ هێزه‌كانی ترن ته‌نانه‌ت كادره‌كانی خۆشیان به‌ دوودڵیه‌وه‌ لێیان ئه‌ڕوانن و، لێیان بێزارن.

دواجار خەڵک و حیزبەکان لە خۆیان بپرسن ئێستای (۲۰۱۸) سەرچاوەی داهات و هەناردەی نەوت زۆره  یان  ئەو ساڵانەی بەرهەم ساڵەح ئیشی ئەکرد؟. ئەی بۆ خەڵک برسییەو هەڕەشەی جۆراو جۆریش لەسەر ژیانی هەیە ئێستا؟. چونکە سیاسیەکانی کوردستان و کۆی هێزەکان هیچ یان بەرهەم نە هێناوە جگە لە قسەکردن ڕوئیا یەکیان نییەو نەبووە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP