دەنگدەری بێدەنگ

دانا هەڵەبجەیی - 6-05-2018 - 1313 جار خوێندراوەتەوە

پرۆسەی دەنگدان، لە کوردستان سیما و ڕەزمێکی سەیر و سەمەری لە خۆگرتووە. ساڵی 1992 کە یەکەم جار کورد لە باشوور بە تاس وجۆشەوە ئەم ئەزمونەی تاقیکردووە، بۆ بەگەڕخستنی یەکەم پەرلمانی کوردستان،. ئەوەندەی نەبرد شەڕی نەگریسی حیزبە کوردستانییەکان دەستی پێکرد و بە هێنانی تانکی دوژمن بۆ سەر پەرلمان، ئەنجامی ئەوهەڵبژاردنە پەنجا بە پەنجایەمان بینی.

ئەوەندەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ برابەشکردن(گومرگ) و ڕێگڕی لە هەڵگیرساندنی شەڕی یەکێتی و پارتی بوو، چارەکە ئەوەندە فڕی بەسەر دیموکراسی و مافی دەنگدانەوە نەبوو. ئەمانە مێژوویەک لە شەڕی دەسەڵات و دارییان هەیە، کە لە جەلالی و مەلاییەوە بگرە تا ئەوەی کە ئێستا ڕۆیان چوانەتە ناو ماڵی هەموو کوردێک.

لە شاخ بە چەک و پاوانکاری، حەق و حسابیان لەگەڵ یەک ئەکرد، ئێستاش بۆ هەمان ئامانج، بە ڕێگەی هەڵبژاردن و میدیاکانیان ئەیکەن.

ئەگەر شەرمی میللەت و ترسی بەغدا و دەوڵەتان نەبوایە،هەمان شەڕیان بۆ ئەکردینەوە دیاری،. بەڵام خۆشبەختانە بەشێکی فرەی میللەت لە مەرام و مورادی ئەمانە گەیشتوون. ئەم 27 ساڵە ڕووی شاراوەی خۆیان و بنج وبنەوانیان بە تەواوی دەرکەوت، کە ئەمانە چ کانزایەک و چ بونەوەرێکی نامۆن بە جەستەی میلەتێکی ستەمدیدەی کوردەوە.

ئەمانە تا ئێستاش شەڕە پەرۆ و شایی و لۆغان و خۆنمایشکردنێکی ساویلکانە ئەکەن، وا ئەزانن ساڵەکانی نەوەدەکانی سەدەی پێشووە.

جگە لە هەڵدانەوە پەڕە خویناوی و هەڕەشە و گوڕشە و زمانی چەکی یەکترکوشتنەکانیان کە دەیان هەزاریان لەیەکتر کوشت و ماڵوێرانکرد، بەناوی شەهید و شاخ و شۆڕشەوە، هیچی تازەیان پێ نییە، بۆ ئەو میللەتە داماوە.

ئەوان ئەوەندەی قاڵبووی شەڕ و شۆرن، ئەوندە بە تەنگی بە مەدەنیکردنی کۆمەڵگە نین. ئەوەندەی باس لە ئامڕاز و ئامانجەکانی شۆڕشی چەکداری ئەکەن ئەوەندە باسی یاسا و داد و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگە ناکەن،. ئەمان لە ئاشتی و ئاوەدانی و لە ناو میللەتێکی تێر و تەسەلدا، خەرمانیان بەرکەت نایات.

 ئەگەر وەک چاودێرێکی بیانی گوێقوڵاغی وتارە ڕەق و تیژەکانیان بین، وا هەست ئەکرێت کە تا ئێستا پێشمەرگە بە شاخەوەیە و دژی دوژمنێک ئەجەنگێت.

ئەمانە جگە لە پەرچە کردار و خۆ بە ئۆپۆزیسێۆنزان و پارتی پێشەڕەو زیاتر، هیچیان لە هەگبەدا نییە، ئەگەر هەبوایە لە کەمپینەکانیاندا ڕەنگی ئەدایەوە.

تازە باسی دەسکەوتی زیاتر و دروستکردنی ئایندە ئەکەن، وەک بڵێی پێشتر بۆیان نەلوابێت ئەمانە بکەن. بەڵام لە سایکۆلۆژی سیاسەتدا لە خودی دروشمەکەدا ئەبینرێت، کە بەڵێ، دەسکەوت و ئایندەیان بۆ خۆیان بە زیادەوە فەراهەم کردووە، ئەوە میللەت و دۆزی کوردە کە بێ بەشە لەو دەسکەوت و ئایندەیە. 

هەربۆیە، ڕەنگاندنی زەمین و ئاسمانی شەقامەکان، و گرداندنی ڕەشە ئەندامانی حیزب لە مەیدان و گۆڕەپانەکاندا، دادی کاڵبونەوە و هەڵوەڕاندن نادات، میللەتی هۆشیار ئەمجارە ئەزانێت بێدەنگانە چۆن دەنگ ئەدات، وەهەرچەندە دەنگی قەوانە سواوەکان، بگاتە کەشکەلانی فەلەک، بەڵام نابێتە مێشە میوانێکی خەڵکی هۆشیار.

ئەو کولتوورەی حیزبی چەکدار و شەڕوشۆڕی سەدەی بیست، فریای خەباتی مەدەنی و عەقڵانی و سیاسی ئەم سەردەمە ناکەوێت، چونکە خەرمانی دەیان ساڵەمان نە بە مشت، بەڵکو بە سایلۆش بینیوە و چەشتووە.

بێدەنگانە دەنگە هۆشیار و ژیرەکانی میللەت، چیدی توخنی زۆربڵێ بێ بەرهەمەکان ناکەوێت، بەڵکو دوای خەڵکی دەوڵەت و دەوڵەتداران ئەکەوێت، کە گوزەران و ژیانی ئاسودەی بۆ مسەوگەربکات. نەک شانامەی بۆ بخوێنێتەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP