بەپەلە

12/5 رۆژی شۆرشه‌ سپیه‌كه‌

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 5-05-2018 - 1068 جار خوێندراوەتەوە


له‌وانه‌یه‌ زۆر جار هه‌ندێك له‌ هاووڵااتیان ئه‌و بیرۆكه‌ به‌ خه‌یاڵیاندا بێت و بڵێن :ئایا ده‌نگى من ده‌بێت چ رۆڵێكى هه‌بێت له‌ ناو ملیۆنان ده‌نگدا بۆ گۆرانكارى ،ئه‌م پرسیاره‌ باوه‌ له‌ نێوان هاووڵاتیانى هه‌موو ئه‌و ووڵاتانه‌ى كه‌ هه‌ڵبژاردنیان تێدا ده‌كرێت ،به‌ ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌م بۆچوونه‌ش به‌شێكى زۆرى هاوڵاتیان به‌ گوڕوتینێكى ترو به‌ ئیراده‌و ئامانجێكى نیشتمانى و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتى كردن ده‌چنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان و ده‌نگ ده‌ده‌ن ،هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌كى دیموكراسیه‌و ئامانج تێیدا به‌شداریكردنى هاووڵاتیانه‌ له‌ بریارى سیاسیى و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ حوكم ده‌كات بۆ چه‌ند ساڵى داهاتوو ،ئه‌مه‌ش بۆ چه‌سپاندنى جه‌وهه‌رى دیموكراسیه‌ كه‌ ده‌ڵێت گه‌ل سه‌رچاوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌.

به‌ڵام لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌لده‌دات كه‌ ئایا بۆچى سه‌ره‌راى به‌رده‌وامى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق و كوردوستان، به‌ ڵام ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ردوو شوێنه‌كه‌دا گه‌نده‌ڵترو سته‌مكارتر ده‌بێت ؟له‌دیوێكیدا ده‌توانین بڵێین كه‌ ته‌نها بونى هه‌ڵبژاردن ماناى بوونى دیموكراسی نیه‌ ،له‌م روه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌لبژاردن له‌ كوردوستان و عێراقدا له‌ غیابی ڕۆڵى كاراى دامه‌زراوه‌ دیموكراسیه‌كان به‌رێوه‌ ده‌چێت ، له‌ رویه‌كى تره‌وه‌ چه‌واشه‌كردنى ده‌نگده‌ر له‌ لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌كان و كاندیده‌كان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا .به‌ڵام له‌ ئێستادا ده‌بێت هه‌موان ئه‌و راستیه‌ بزانین كه‌ ده‌مامكه‌كان هه‌موى ئاشكرابوون و به‌ درێژایی 15 ساڵی رابردوو هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و پارته‌سیاسی و كاندیدانه‌ بینراون كه‌ چیان كردوه‌و رۆڵیان چیبوه‌و كوردوستان و هه‌رێمى كوردوستانیان توشى چ دۆخێكى ناهه‌موار كردوه‌ كه‌ به‌ به‌راورد به‌ 15 ساڵی رابردوو خراپترینه‌ .

هاووڵاتى له‌ ئه‌مجاره‌دا خاوه‌نى هوشیاریه‌كى تره‌و به‌ ئه‌زمونێكى تره‌وه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان .چونكه‌ ده‌بێت هاووڵاتى بگاته‌ ئه‌و راستیه‌ى كه‌ نابێت كه‌سێكى تاقیكراوه‌ جارێكیتر تاقیبكاته‌وه‌ ،به‌لكو ده‌بێت به‌ هوشیاریه‌كى سیاسیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دابكات و بیسه‌لمێنێت كه‌ له‌ رۆژی ده‌نگداندا هاوڵاتى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كه‌مه‌و نابێت له‌و رۆژه‌دا له‌ به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵكارو خۆپه‌رست و خاك فرۆش و نه‌وت فرۆش و گه‌ل فرۆشه‌كاندا بێ هه‌ڵوێست بێت .به‌ڵكوده‌بێت رۆژی 12/5 بكاته‌ شۆرشێكى سپی بۆ روخاندنى عه‌رشی ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵكاره‌كان ،ده‌بێت له‌ رۆژى ده‌نگداندا هاووڵاتیان ئه‌و راستیه‌ بێننه‌ پێش چاوى خۆیان كه‌ :

1-به‌هۆى ریفراندۆمێكی بێ پلانه‌وه‌ خه‌وی سه‌ربه‌خۆی گه‌لێكیان له‌ ناو بردوو هه‌مو ده‌رگاكانیان به‌ روودا داخست و ده‌یان ساڵ پرۆسه‌كه‌یان هێنایه‌وه‌ دواوه‌ و ئه‌وه‌ش كه‌به‌ ده‌ست هاتبوو له‌ ده‌ستیان داو گه‌لى كوردیان توشی نه‌هامه‌تى و سه‌ر شۆرى و له‌ده‌ستادانى نیوه‌ى خاكه‌كه‌ى كرد.

2-به‌درێژایی 15 ساڵی رابردوو ،سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌هه‌یانبوو له‌ سه‌رۆك كۆمارو وه‌زاره‌ته‌كان و پۆسته‌ سیادیه‌كان ،بریاری 140 وه‌ك مه‌ره‌كه‌بى سه‌ر كاغه‌ز هه‌رمایه‌وه‌و نه‌یانتونى بچوكترین هه‌نگاو هه‌ڵبگرن بۆ جێبه‌جێكردنى .

3-هه‌ردوو پارته‌ گه‌وره‌كه‌ى كوردوستان ئه‌وه‌نده‌ى هه‌ڵپه‌یان بوو بۆ بنیات نانه‌وه‌ى عێراقى نوێ،نیو ئه‌وه‌نده‌ كاریان نه‌كرد بۆ گه‌شه‌پێدانى كوردوستان ،به‌ڵكو پاش ئه‌وه‌ى كه‌كه‌وتنه‌ ناو تۆری گه‌نده‌ڵى مافیاكانى عێراق ئه‌وه‌ى بیریان نه‌ما هه‌رێمى كوردوستان و مافه‌ ده‌ستوریه‌كانى بوو .

4-نه‌یانتوانى هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردوستان بكه‌نه‌ هێزێكى نیشتمانى دان پێدانراو له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراق و به‌شێوه‌ى حیزبیانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه‌یه‌شداكرد و دواجاریش له‌ شه‌ره‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ردا توشى گه‌وره‌ترین سه‌رشۆریان كرد. نه‌ینتوانى موچه‌یه‌كى شایسته‌ى بۆ دابین بكه‌ن و له‌ ئێستادا موچه‌ى پێشمه‌رگه‌یه‌ك نیوه‌ى موچه‌ى سه‌ربازێكى عێراقیه‌.

5-پارته‌ ده‌ سه‌ڵاتداره‌كان و خاوه‌ن كوتله‌ گه‌وره‌كان ئه‌وه‌یان له‌ بیر چوه‌وه‌ كه‌ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تى گه‌لێكى سته‌ملێكراو ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ده‌ستوریه‌كانى ، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان كه‌وتنه‌ دروست كردنى په‌یوه‌ندى نهێنى و ناشه‌رعى له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و حیزبه‌كانیان.

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌رشانى هاوڵاتیه‌ كه‌ هه‌ست به‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتى بكات ،له‌م هه‌لبژاردنه‌داو خۆ بێ هه‌ڵوێست و كاریگه‌ر نیشان نه‌دات و به‌ئیراده‌یه‌كى به‌رزو به‌ هۆشیاریه‌وه‌ بچێته‌ سه‌ر سنوقه‌كانى ده‌نگدان و به‌ هوشیاریه‌كىى سیاسیه‌وه‌ ده‌نگ بدات ،كه‌ له‌ لایه‌ك سزاى گه‌نده‌ڵكاران بدات له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ بۆ هه‌لبژاردنى قه‌واره‌و پالێوراوه‌كانیش ره‌چاوى ئه‌م خالانه‌ بكات :

1-نابێت ده‌نگده‌ر به‌ شێوه‌یه‌كى ساده‌ سه‌یری دروشم و پرۆژه‌ى پالێوراو بكات ،به‌ڵكو ده‌بێت سه‌یرى رابردوى قه‌واره‌كه‌و پالێوراوه‌كه‌ بكرێ ،ئایا له‌ رابردودا سیڤیه‌كه‌ى چۆن بوه‌و چۆن مامه‌ڵه‌ى كردوه‌و ئه‌خلاقى سیاسی چۆن بوه‌ ؟ئه‌گه‌ر ئه‌و پارته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدابوه‌ چۆن حوكمى كردوه‌و تا چه‌ند تاوانباره‌ به‌ گه‌نده‌ڵى؟

2-ده‌بێت هاوڵاتى بزانێت ئه‌و كه‌سه‌ى هه‌لیده‌بژێرێت بۆ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى به‌غدایه‌، كه‌ چه‌ندان كه‌سی پسپۆرو شاره‌زاو خاوه‌ن ئه‌زموونى تیایه‌ له‌ بوارى ئابورى و سیاسی و فیكرى و كارگێرى و ...هتد ،بۆ نوێنه‌رێكى كوردیش پێویسته‌ كه‌سێكى شاره‌زاوزمانزانو پسپۆرو بوێرو دڵسۆزو نیشتمان په‌روه‌رو راستگۆبێت ،تواناى داكۆكیكردنى هه‌بێت له‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌كان گه‌لى كورد.

ئه‌گه‌ر هاووڵاتیانى گه‌لى كورد له‌ سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه‌و به‌م هۆشیاریه‌وه‌ ده‌نگ بده‌ن،هه‌ردوو ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌پێكن ،كه‌ یه‌كه‌میان سزادانى گه‌نده‌ڵكرانه‌، دوه‌میشیان هه‌ڵبژاردنى ستافێكى شاره‌زاو پسپۆرو بوێرو شاره‌زاو نیشتمان په‌روه‌ره‌.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP