حكومه‌ته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی‌ كوردستان

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 5-12-2016 - 2232 جار خوێندراوەتەوە

 

عمر علی‌ محمد

ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ له‌ كۆتاییه‌كانی‌ ته‌مه‌نیدا، به‌ ده‌وڵه‌ته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ناوزه‌د ده‌كرا، چونكه‌  كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی‌ وا قورس له‌ناو ئه‌و دوڵه‌ته‌دا سه‌ری‌ هه‌ڵدابوو كه‌ به‌ ته‌واوی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ شه‌كه‌ت كردبوو، گرنگترین ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ش گه‌نده‌ڵی‌ و مه‌حسوبیه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی‌ سته‌مكاری‌ دژ به‌ هه‌ندێك نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌ب و دواجاریش هه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ سه‌ری‌ ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌یانی‌ خوارد و هه‌ره‌سی‌ هێنا و پارچه‌ پارچه‌بوو.

ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش بكه‌ین پاش 23 ساڵ‌ له‌ حوكمڕانی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ له‌ ئێستادا له‌ هه‌موو كاتێك خراپتره‌، چونكه‌ جه‌سته‌ی‌ حكومه‌ت به‌ جیا له‌ جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ نه‌خۆشیه‌كه‌ی‌ دیاری‌ ده‌كرێت. له‌ ئێستادا باشترین نموونه‌ی‌ حكومه‌ت كه‌ بكرێته‌ ستاندارد (حكومه‌تی‌ چاك)ه‌، كه‌ حكومه‌تێكی‌ دامه‌زراوه‌ییه‌ و په‌رله‌مان رۆڵی‌ كارا ده‌گێڕێت و چاودێره‌ به‌سه‌ر حكومه‌ت و هه‌رده‌سه‌ڵاتێك به‌ جیا رۆڵی‌ به‌رچاوی‌ ئیجابی‌ هه‌یه‌ و حكومه‌ت خۆی‌ به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێت به‌رامبه‌ر به‌ چه‌سپاندنی‌ مافی‌ هاوڵاتیان و پارێزگاری‌ له‌ كه‌رامه‌تیان ده‌كات و لانی‌ كه‌می‌ پێداویستیه‌كانیان دابین ده‌كات ،له‌ ڕووی‌ داراییه‌وه‌ حكومه‌تێكی‌ شه‌فافه‌ و ئامانجی‌ گه‌وره‌ی‌ خزمه‌تكردنی‌ هاوڵاتیانه‌ و به‌ڕێزه‌وه‌ سه‌یری‌ رۆڵی‌ ئۆپۆزسیۆن و میدیای‌ ئازاد ده‌كات و وه‌ك یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی‌ سیستمی‌ دیموكراسی‌ سه‌یری‌ ده‌كات، پلانی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ هه‌یه‌ بۆ بواره‌ جیاوازه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ و ئابوری‌ و سیاسیی‌ و هاوڵاتیان به‌شداری‌ پێ‌ ده‌كات له‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ دا.

كاتێك ده‌مانه‌وێت ئاستی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌ت دیاری‌ بكه‌ین ده‌بێت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م بنه‌مایانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ چاكدا به‌راوردی‌ بكه‌ین، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین حكومه‌تی‌ هه‌رێم حكومه‌تێكی‌ نه‌خۆشه‌. ئه‌مه‌ش نابێت دڵگرانی‌ لای‌ كه‌س دروست بكات، چونكه‌ كه‌سێكی‌ وه‌ك ئه‌ریك فرۆم كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ نه‌خۆش ناوزه‌د ده‌كات، چونكه‌ هه‌موو حه‌زێكی‌ چووه‌ته‌ سه‌ر موڵكایه‌تی‌ و به‌ده‌ستهێنانی‌ سامان له‌هه‌ر رێگه‌یه‌كه‌وه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ین، نه‌خۆشیه‌كه‌ی‌ مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ كار له‌سه‌ر له‌ناوبردنی‌ خۆی‌ و لاوازكردنی‌ پێگه‌ گرنگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ ده‌كات له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا.

 ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌رێمی‌ كوردستان تێیدا ده‌ژی‌ له‌ په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان و پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌ و وێران بوونی‌ بازاڕ و كه‌رتی‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنی‌ باڵا و....هتد. هه‌موو ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی‌ كه‌ چین و توێژه‌كان تێیدا ده‌ژین و دواجاریش رژانه‌ سه‌ر شه‌قامی‌ چین و توێژه‌كان و داواكاری‌ بۆ چاكسازی‌، مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ و هه‌موو هاوڵاتیان هه‌ست به‌ ئازاره‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن و پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌كه‌ن و داوای‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن له‌ راستیدا دیموكراسیه‌ت چاره‌سه‌ره‌ بۆ بارودۆخه‌كه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیموكراسیه‌تیش كراوه‌ به‌ دیكۆر بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ و له‌ژێر سایه‌ی‌ بانگه‌شه‌ بۆ ئازادی‌ و دیموكراسی‌، زیاتر گه‌نده‌ڵی‌ په‌ره‌ی‌ سه‌ندووه‌ و هه‌موو جه‌سته‌ی‌ حكومه‌تی‌ گرتۆته‌وه‌و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی‌ پارته‌ سیاسیه‌كان و رێكخراوه‌كان و میدیاكانیش لێی‌ بێبه‌ش نه‌بوون.

لێره‌وه‌ هه‌موو كه‌س به‌ شوێن چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام چاره‌سه‌ره‌كانیش لای‌ ئێمه‌ چونكه‌ له‌ژێر رۆشنایی‌ پلانێكی‌ ستراتیجی‌ دا به‌ڕێوه‌ ناچێت و مه‌به‌ستێكی‌ بچوكی‌ حیزبی‌ له‌ دواوه‌یه‌ ناگه‌نه‌ ئامانج و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كا و هێزه‌ سیاسیه‌كانیش له‌ بازنه‌یه‌كدا خول ده‌خۆن و ناتوانن بگه‌نه‌ ئه‌و رێگه‌ چاره‌سه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ بگیرێته‌به‌ر، كه‌ تیایدا به‌رژه‌وه‌ندی‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ بخرێته‌ پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ تر.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP