كورد له‌حكومه‌تى زۆرینه‌ بترسێ؟

مەریوان عەلی محەممەد - 1-05-2018 - 791 جار خوێندراوەتەوە


نه‌ریتى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌موو وڵاتێكدا وه‌یسله‌بووه‌ بۆ گه‌یشتن و سه‌ركه‌وتنى لایه‌نى براوه‌ و گرتنه‌ ده‌ستى ده‌سه‌ڵات , براوه‌ له‌هه‌ڵبژاردنیشدا   هه‌میشه‌  له‌لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێكى هاوپه‌یمان پێكهاتووه‌ كه‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى گه‌لى به‌ده‌ستهێناوه‌, گرتنه‌ ده‌ستى ده‌سه‌ڵاتیش دوو جه‌مسه‌رییه‌, جه‌مسه‌رى یه‌كه‌م بۆ گرتنه‌ ده‌ستى ده‌سه‌ڵات پشت به‌ فاكته‌رى زۆینه‌ ده‌به‌ستێت  , جا ئه‌و زۆرینه‌یه‌ چ یه‌ك لایه‌نی به‌هێز به‌ده‌ستى بێنێ  یاخود چه‌ند لایه‌نێكى هاوپه‌یمان , تیایدا به‌بێ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ حكومه‌ت ته‌شكیل ده‌كرێت و به‌پێى به‌رنامه‌ و ستراتیژییه‌تى خۆیان حكومه‌ت به‌رێوه‌ده‌به‌ن و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا.  ئه‌م نه‌ریته‌ حكومه‌رانییه‌ش له‌وڵاتێكدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ كه‌  پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ و دانیشتوانه‌كانى له‌ رووى كۆمه‌ڵایه‌تی و مافى هاوڵاتیی بوون و یه‌كسانیی له‌ئه‌رك ماف و ئیمتیازات و به‌خشیندا هاوشان و هاوشێوه‌بن و به‌یه‌ك دووریی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تاكدا بكرێ.

جه‌مسه‌رى دوومیش بریتیه‌ له‌حكومه‌تى هاپه‌یمانى نیشتمانیی یاخود حكومه‌تى ته‌وافوقیی, نه‌ریتى ئه‌م جۆره‌ حكومه‌ته‌ بریتیه‌ له‌ به‌شداریی پێكردنى به‌شى هه‌ره‌ زۆرى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان , بۆ ئه‌م به‌مه‌سته‌ پێكهێنه‌رى حكومه‌ت ناچارده‌بێت ژماره‌یه‌كى زۆرى وه‌زاره‌ت دروستبكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو به‌شداربوه‌كان  وه‌زاره‌ت یاخود بریكارى وه‌زارتیان به‌ركه‌وێ, ئه‌مجه‌مسه‌ره‌ش له‌و وڵاتانه‌دا په‌یره‌و ده‌كرێ كه‌ ئۆقره‌یی سیاسیی تیادا به‌رجه‌سته‌ نه‌كرابێ , نه‌بوونى ئۆقره‌ییش له‌و وڵاتانه‌دا  مه‌رج نییه‌ هه‌موو كاتێك به‌هۆى له‌دایكبونى حكومه‌تێكه‌وه‌ بێت كه‌ به‌كوده‌تا ده‌سه‌ڵاتى گرتبێته‌ ده‌ست به‌ڵكو ناوچه‌ هه‌یه‌ له‌یه‌ك نه‌ته‌وه‌ش پێكهاتوون به‌ڵام ده‌یان ساڵه‌ پشت به‌حكومه‌تى زۆریه‌نه‌ ده‌به‌ستن وه‌كو فه‌له‌ستین كه‌ تا ئێستانه‌یان توانیوه‌  دوو ئیدارییه‌كه‌یان بكه‌نه‌ یه‌ك حكومه‌ت , عیراقیش هاوشێوه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ له‌دواى رژێمه‌كه‌ى سه‌دامه‌وه‌ پشتى به‌ حكومه‌تى ته‌وافوقیی به‌ستوه‌ له‌ به‌رێوه‌بردندا چونكه‌ پێكهاته‌كانى ئه‌م وڵاته‌ له‌ماوه‌ى حكومرانیی سه‌دامدا هێنده‌ ئازاردراون , هیچ لایه‌نێك ئاماده‌نییه‌ چاره‌نوس و جڵه‌وى نه‌ته‌وه‌كه‌ى  راده‌ستى ئه‌وى دی بكات , بۆیه‌ كه‌شى وڵاتى له‌مجۆره‌ واپێویست ده‌كات بۆ  20 ساڵى دیكه‌ش تا ئه‌وكاته‌ى متمانه‌ له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا دره‌ستده‌بێته‌وه‌  واده‌خوازرێت جۆره‌ حكومه‌تێك دروست بكرێت كه‌ هه‌موو پێكهاته‌جیاوازه‌كانى تیایدا شه‌ریك بێ نه‌ك به‌شدار بێ .

لێره‌دا پرسیاره‌جه‌وهه‌رییه‌كه‌ بۆ كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌, ئایا له‌دواى 2003 ه‌وه‌ شێوازى حكومرانیی له‌ عیراق ئه‌رگه‌رچی ته‌وافوقیشه‌ له‌ ده‌ركردنى بریار و یاساكاندا پشتى به‌ جه‌مسه‌رى یه‌كه‌م به‌ستوه‌ كه‌  زۆرینه‌یه‌ یاخود دووه‌م كه‌ ته‌وافوقییه‌, ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ناوته‌وافوقییه‌ى ئیًستا ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ى به‌پێى پره‌نسپى زۆرینه‌ له‌دژى كورددا ده‌ركردووه‌:-

1- یاساى بودجه‌ , به‌بێ به‌شداریى كورد ده‌ركرا ,به‌وپێه‌ى له‌عیراقدا سه‌رژمێریی نه‌كراوه‌  بۆیه‌ به‌پێى بریارێكى ته‌وافوقیی  رێژه‌ى له‌ 17%ى كۆى داهاتى عیراق بۆكورد ئه‌ژماركرا , كه‌چى به‌پێى پره‌نسیپى زۆرینه‌ ئه‌و رێژه‌یان بۆ له‌ 12% كه‌مكرده‌وه‌
2- پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستوردا وه‌ك به‌شێك له‌ مه‌نزومه‌ى دیفاعى عیراق هاتووه‌ به‌ڵام به‌هۆى پشتبه‌ستن به‌ پره‌نسیپى زۆرینه‌ له‌وناوپه‌رله‌ماندا نه‌ بودجه‌ى بۆ دانراوه‌ نه‌ له‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ پشكدارده‌كرێ كه‌ بۆ سوپاى عیراق ده‌كردرێ
3- له‌ده‌ستوردا مادده‌ى ژماره‌ 140 په‌سه‌ندكراوه‌ كه‌ به‌پێى یاساكه‌ كێشه‌ى ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ندێ ناوچه‌ى دیكه‌ى باشوورى  عیراق چاره‌سه‌ر ده‌كات به‌ڵام به‌هۆى به‌كارهێنانى سستمى زۆرینه‌ تا ئێستا ئه‌و مادده‌یه‌كه‌ كورد داواى جێبه‌جێكردنى ده‌كات , ته‌نیا برگه‌یه‌كیشى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌

4- یاساى نه‌وت و غاز كه‌ تیایدا پشكداریی هه‌رێمى كوردستانى له‌ فرۆشتن و هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى بۆدیارى ده‌كرێت , له‌مه‌شدا به‌هۆى روو له‌ زۆینه‌كردن له‌په‌رماندا ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌

ئه‌مانه‌ و چه‌ندین مادده‌ى ده‌ستووریی دیكه‌ هه‌ن كه‌ كورد خوازیاره‌ جێبه‌جێ بكرێن به‌ڵام  له‌ كۆى پرسه‌كانى تایبه‌ت به‌كورد سه‌رجه‌م نه‌یاره‌كان ده‌بنه‌ هاوپه‌یمان و زۆرینه‌ له‌په‌رله‌مان دروستده‌كه‌ن بۆ فه‌رامۆشكردنى ئه‌و ماددانه‌ى كه‌ ده‌ستوور بۆ كوردى فه‌راهه‌مكردووه‌. بۆیه‌ با كورد هێنده‌ى له‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌م لایه‌ن ئاخود ئه‌و لایه‌ن نه‌ترسێ كه‌ نیازى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرنه‌ن له‌عیراقدا چونكه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا ئه‌م حكومه‌ته‌ و حكومه‌ته‌كانى رابردوو و به‌داهاتووشه‌وه‌ هه‌ر به‌ زۆرینه‌ كارده‌كه‌ن , ئه‌وه‌شى له‌ رابردوو كورد له‌ عیراقدا به‌ده‌ستى هێناوه‌ ته‌نیا ته‌نیا به‌هۆى حنكه‌ى سیاسی سه‌رۆك مامجه‌لاله‌وه‌ بوو كه‌ وێراى ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار پۆستێكى ته‌شریفاتیی بوو به‌ڵام به‌هۆى قورسایی سیاسیی خۆى توانی له‌زۆر پرسی تایبه‌ت به‌كورددا  به‌ ته‌وافوقیی بریار ویاساكان ده‌ربكرێ , له‌داهاتووشدا ئه‌گه‌ر چی بریاره‌كان به‌زۆرینه‌ ده‌ره‌كرێن به‌ڵام ته‌نیا به‌ یه‌كرزیی و یه‌كهه‌ڵه‌وێستییه‌ كه‌ كورد بتوانێ مافی خۆى له‌ نێو  زۆینه‌ی عیراقدا بپارێزێ و هێچى تر.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP