چۆن ئەھریمەن میرو گزیری بە کەرکوک کرد؟!.

بەهرۆز جەعفەر - 28-04-2018 - 1722 جار خوێندراوەتەوە

 ووردەکاری لاقەکردنی کەرکوک "ئۆرشەلیمەکەی کورد" لەم نووسینەدا، لەلایەن بەرپرسانی حیزبی و پیاوەکانی خێڵ و بنەماڵەوە، نەک ئەیسەلمێنێت پانزە ساڵ کورد ھیچی بۆ کەرکوک نەکردووەو، بە تیمێکی سیاسی و ئەمنی و میدیایی و ئیداری لاواز و پیسخۆر چونەتە شارەکەوە، بەڵکو نیشانی ئەدات بۆ ھەتا ھەتایە بەدەستی کورد گورز لە کوردستانی بونی کەرکوک دراوە:
یەکەم: بودجەو  داھاتی پیترۆدۆلاری کەرکوک
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای کەرکوک لەساڵی (٢٠١٤) ەدا (٩٠٠.٠٠٠) نۆسەت ھەزارکەس بووە، لە (٢٠١٧) ەدا گەیشتوەتە (١.٢٥٩.٥٦١) یەک ملیۆن و دووسەت و پەنجاو نۆ ھەزار و پێنج سەدو شەست و یەک کەس. ساڵی (٢٠١٠) پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای پیترۆدۆلاری تێپەڕاند کە بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت لەپارێزگاکان بەرھەم دێت بڕی (١) دۆلاری  بۆ ئیدارەی شارەکە بێت، ئەوەش بۆ بونیادنانی ژێرخانی تەندروستی و پەروەردەیی و پاراستنی ژینگە، ھەرچەندە چ پیترۆ-دۆلار وە چی "موڵکانە- الریع" پێچەوانەی ماددەی (١١١)ی دەستوری عێراقە، کە ئەڵێت: "داھاتی نەوتی عێراق بەیەکسانی بۆ ھەموو عێراقییەکانە". باسی ساڵی (٢٠١٠ و ٢٠١١ و ٢٠١٢) ناکەین بە کە خەمڵاندن ھەر ڕۆژێک ئەم شارە (٢٠٠.٠٠٠) ھەزار دۆلاری پیترۆدۆلاری ھەبووە، ساڵانە لە نێوان (٧٣ بۆ ٧٥) ملیۆن دۆلار داھاتی پیترۆدۆلار بووە.
 لە ساڵی (٢٠١٣) ەوە داھاتی پیترۆ دۆلار بۆ ھەر (١) بەرمیل نەوت زیادکرا بۆ (٥) دۆلاری ئەمریکی  بۆ خەڵکی شارەکە ، بە پێی وەزارەتی نەوت لە (٢٠١٣) ەدا بە تێکڕا ڕۆژانە (٣٢٥٠٠٠) سێ سەت و بیستو پێنج ھەزار بەرمیل نەوت چۆتەدەرەوە لەڕێگەی بۆڕی کەرکوک- جەیھان ەوە، واتە ھەموو ڕۆژێک ئیدارەی شارەکە تەنھا لە پارەی پیترۆدۆلار (١.٦٢٥.٠٠٠) یەک ملیۆن و شەش سەت و بیستوپێنج ھەزار دۆلاری ھەبووە، بەگشتی ساڵی (٢٠١٣ و ٢٠١٤) ئیدارەی پارێزگا (١.١٨٩.٥٠٠.٠٠٠) یەک ملیارو سەت و ھەشتاو نۆ ملیۆن و پێنج سەت ھەزار دۆلاری  تەنھا لە پیترۆدۆلار ھەبووە.


بەرزترین بودجە و داھاتی کەرکوک لەنێوان (٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤) ەدا بووە، کە لە مێژوودا کەرکوک داھاتی وای بەخۆیەوە نەبینیووە، لەوساڵەدا بودجەی دیاریکراوی کەرکوک لە بودجەی ساڵانەی عێراق کە لە بەغداوە دێت بڕی  (٨٤٣) ملیار دیناری عێراقی بووە، بەگشتی شاری کەرکوک چوار جۆر بودجە (وە سەرچاوەی ئیراداتی) ھەبووە:
یەکەم: بودجەی سالانە کە لە مەرکەزەوە دێت بۆ پارێزگاکان
دووەم: داھاتی پیترۆ-دۆلار
سێھەم: بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە تا (٢٠١٧) ھەر درێژەی ھەبوە لە عێراقدا.
چوارەم: ھاوکارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا
تەنھا بودجەی پیترۆدۆلارەکەی بگرین، ئەتوانرا داھات و مووچەی کوردستانی پێ دابین بکرێت ئەگەر سەرمایەگوزاری تیا کرابایە، بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ساڵی (٢٠١٤) داھاتی پیترۆدۆلاری کەرکوک (١ تریلیۆن و دووسەت و شەست و شەش ملیار دینار بووە)  کوا؟. تەنانەت  (٥٠٠) کەس لەدەرچوانی شارەکە حکومەتی عێراق بە گرێبەست دایمەزراندن لەسەر بودجەی پیترۆدۆلار دواجار پارێزگاری شارەکە (لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بو) ھەمویانی دەرکردو نانبڕاوی کردن.

دووەم: قۆناغی دوای ھاتنی داعش: قاچاخچێتی و دانانی پاڵاوگەو قۆرخکردنی کێڵگەکان
 لەگەڵ دەست پێکردنی شەڕی داعش لە (٢٠١٤ ەوە تا ناوەڕاستی ٢٠١٦) نزیکەی (١٠٠.٠٠٠) سەت ھەزار خێزانی عەرەب ھاتونەتە کەرکوکەوە،  بەدەیان دۆنم زەویشیان بەسەردا دابەشکرا، وەک ئەوەی لەگەڕەکی (وەحدە) ی کەرکوک ئیفرازکرا. (١٤) ساڵ کەرکوک بەدەست کوردەوە بو نەیانتوانی (١) ژووری عەمەلیاتی ھاوبەش پێک بھێنن، نەیانتوانی (١) ھەواڵگری و دەزگای ئاسایشیان ھەبێت، بەپێی ڕاپرسییە زارەکییەکان لە خەڵکی کەرکوک بەدرێژایی ئەو چواردەساڵە تەنھا یەک بەڕێوەبەری پۆلیس نەبووە کە بەرتیلی لە کاسبکاران و دەوڵەمەندەکان وەر نەگرتبێت، چەندین داوای قەزائی لەسەر بەرپرسانی شارەکە ھەیە سەبارەت بە شاردنەوەی تیرۆریستان یاخود عەرەب و تورکمانەکان پاشان ئازادکردنیان بە بڕێک پارەی زۆر، خودی پارێزگاری کەرکوک " کە کوردو یەکێتی بو" (٦٤) شەستوچوار داوای قەزائی لەسەرە.


لەساڵی (١٩٥٩) لە سەردەمی حکومەتەکەی "عەبدولکەریم قاسم" کورد دەستکەوتی زۆری بەدەستھێنا، یەکێکیان لە ماددەی (٣) لەدەستوری کاتی چەسپێنرا کە "کوردو عەرەب شەریکن لە خاکی عێراق"، ھەروەھا بڕیاڕیش درا "دائیرەتولمەعاریفی کەرکوک" بکرێتەوە کە ئەبووە ناسنامەی کوردستانی بونی کەرکوک، بەڵام لەسەردەمی حوکمی دەستەڵاتدارێتی حیزبی کوردیدا لەدوای (٢٠٠٣) ەوە ڕێکخراوی بەدریان ھێنایە شارەکەوە نمایشی سەربازی بکات، تەنھا یەک مەرکەزی گەورەی ڕۆشنبیری بۆ کەرکوک دروستکرا، ئەویش لەسەردەمی کابینەی شەشی حکومەتی ھەرێم دا، کەچی تاھەنوکە (٢٠١٨)  یە نەکراوەتەوەو، لە دوو ھەڵبژاردنیشدا کردویانە بەشوێنی بانگەشەو کۆبونەوەی حیزبی.


قۆناغی دوای ھاتنی داعش، کەرکوکی کردە جێگەی کۆمەڵێ گروپ- گروپی مافیای جۆراوجۆر، ئەکرێت بەمشێوەیەی لای خوارەوە وێنایان بکەین:
یەکەم: لەگەڵ ھاتنی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ عێراق و سوریا، سوپای عێراق تێکشکاو توانای بەرگری کردنی نەما، پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرەبەیانێکدا لە (١٤/٨/٢٠١٤) بەناوی پۆلیسی نەوت و گاز دەستی گرت بەسەر ھەردوو کێڵگەی (ئاڤاناو بای حەسەن) دا، کۆمپانیای (کارگروپ)ی لێ جێگیرکرد، ھەفتەی دواتر پەیوەندییەکانی پارێزگاری شارەکە "دکتۆر نەجمەدین کەریم" کە ھاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی (ی،ن،ک) بو، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا سەتو ھەشتا پلە گۆڕاو، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتییەکان پێکەوە سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیایان کرد، ئیتر ھەموو ڕۆژێک لە (٢٠١٤ ەوە تا ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ئەمانە (٣٠٠.٠٠٠) ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکیان فرۆشتووە، پارەکەی نە گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی مەرکەزی، تەنھا (١٨%) ی ھاتۆتە سەر بودجەی ھەرێم بۆ مووچە، وە نە ئەو داھاتە چووەتە سەر ھەژماری پارێزگای کەرکوک بۆ خزمەتی دانیشتوانی شارەکە، بەھەمان شێوە لە کێڵگەی سحیلا لەدەشتی نەینەوا لەنێوان (٣٠ بۆ ٥٠) ھەزار بەرمیل لەو ماوەیە فرۆشراوەو داھاتەکەی بۆ کەسی دیاری ناو حیزب بووە.


حکومەتی عێراق پێش (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) دەیان جار ئیدارەی ئەمریکاو حکومەتی ھەرێمی ئاگادارکردۆتەوەو بێزاری خۆی نیشان داوە، گوێی پێ نەدرا، تا ئەوەی حکومەتی عێراق لە شەڕی تیرۆر و داعش قوتاری بو، ھێزەکانی خۆی کۆکردەوەو بە ڕێگای ھێز کۆنترۆڵی کەرکوک و سەرجەم کێڵگەکانی کردەوە.
دووەم: ساڵی (٢٠١٧) دەنگدان بەیاسای حەشدی شەعبی داھێنانی پەرلەمانتارە کوردەکانی کەرکوک بوو لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەش لەبەرانبەر ئەوەی حکومەتی عێراق کە لە (٢٠١٤) ەوە بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی ھەرێمەوە بودجەی بڕیبو، ساڵی (٢٠١٧) پەرلەمانتارە کوردەکانیان فریودا ئەگەر دەنگ بە یاسای حەشدی شەعبی بدەن، ئەوا حکومەتی عێراقیش لەبەرانبەردا بودجە بۆ ھەرێم دابین ئەکا، دواتر (پارتی دیموکراتی کوردستان) ئەمەی ڕەتکردەوە، ئیتر پەرلەمانتارەکانی یەکێتی ھەم دەنگیان دا بە ناساندنی حەشدی شەعبی وەک بەشێک لەسیستەمی بەرگری عێراق ، وە ھەم بودجەکەش نەھات!.


سێھەم: حیزبی کوردی زۆر بەئاسانی ئەیتوانی بە داھاتی کەرکوک دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بباتە ڕێوە (ئەمەش لەکاتی خۆیدا پێشکەشمان کردووە تەنانەت بەڕێز عارف قوربانی وتارێکیشی لەسەر ئەم پێشنیارە نووسی و بەرزی نرخاند واتە بابەتێک نییە بۆ بانگەشە بێت). بەڵام نەک ئەمەیان نەکرد، بۆ پشت شکاندنی یەکتر لەناوخۆی ھەرێم ئەچوون بودجەکەی ھەرێم یان ئەبڕی، تا ئەو پارانەی خۆیان کە لەبانکەکاندا ھەیانە بەھای زیاتر ی ھەبێت.
چوارەم: لەماوەی (١٤) ساڵی فەرمانڕەوایی کورد لەکەرکوک نەیانتوانی یەک پاڵێوگەی حکومی بکەنەوە، وە یەک بەنزینخانەی حکومیشیان نەکردەوە بەنزین بدەن بە ھاوڵاتیانی شارەکە، بەڵام (١٣) پاڵێوگەی نافەرمی بەرپرسان و دەیان بەنزینخانەی بەرپرسەکان دانرا، ھاوڵاتیانیش بۆ (٢٠) لیتر بەنزین ھەندێ جار بەچەندین کیلۆمەتر لەبەر گەرمای کەرکوک بە ئۆتۆمبیلەکانیانەوە ڕیزیان ئەبەست. بۆ؟. لەبەرئەوەی بەرپرسەکانی حیزب نەوتی خاوی کەرکوک بنێرن بۆ تورکیاو ئێران بە تەنکەر، کوڕەکانی خۆیان ئەرکی گواستنەوەی بەنزین و پێکھاتەکانی تری ئەو نەوتە خامە بگرنە ئەستۆ، ئایا قەت ڕوویداوە تۆ مریشکێکت ھەبێت ھێڵکە بکات و، بیدەی بە خەڵکی شارێکی تر ھێڵکەکەت بۆ  بکوڵێنن و بۆت بھێننەوە؟!.


چیرۆکی کوشتن و بڕین و مافیاگەرێتی حیزبە کوردییەکان لە (٢٠٠٣) ەوە ھەتا (٢٠١٨) زۆر دوورو درێژە، مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک (٣٩) جێگر مەڵبەندی ھەبووە، زیاتر لە (٥٠) کارگێڕ مەڵبەندو سەدان ئەندام مەڵبەندی ھەبووە، چەند دانەیەک لەمانە قاچاخچێتی لەگەڵ داعش ئەکەن، ئەو داعشەی (٣٢٠٠) پێشمەرگەی کوردی شەھیدکرد، ئەوەی دیلە پێشمەرگەکانی سەر ئەبڕی، کەیسەکە ھەتا پەرلەمانی کوردستان  چوو، بەڵام  داخرا!. تەنانەت ئەو خاکەی بە خوێنی پێشمەرگە لەدەستی داعش لە ڕۆژئاوای داقووق ڕزگارکرا، نزیکەی (٢٠٠٠) دۆنم زەوی (١) بەرپرس تەلبەندی کردووەو کارگەی بلۆک و غەسالەو بابەتی جۆراوجۆری تیاداناوە، ئینجا ھەریەک لەم گروپانە زیندانی تایبەتیان ھەبووە...تادوایی. ئەمە حاڵی کەرکوکێک بووە کە ھەزاران ساڵە کورد شەڕ لەسەر ناسنامەکەی ئەکات و، ئەھریمەن (شەیتان و خودان خراپەکان) ەکانی حیزب و خزم ئاوھایان پێ کردووە!.


دواجار کەرکوک گرفتی ناسنامەی ھەیەو ھێشتا یەکلایی نەبۆتەوە، مەترسی ئەوەی ھەیە ھەموو خەڵکەکەی چەندین جاری تر بکەونەوە بەر ئافاتی لەناوچوون، مەرگ و شەڕی دەروونی لەدۆخێکی وادا ھەڕەشە لەتاکەکانی ئەکات، ھێزگەلێک کە ئەوانەی سەرەوە تەنھا تنۆکێک بن لە ڕەفتارو تاوانەکانیان ناکرێ و ناتواندرێت متمانەیان ھەبێت لەوشارەدا، ئەوانەی لە (١٦ی ئۆکتۆبەر) گەڕەک بەگەڕەک کەوتبونە پێش حەشدی شەعبی و ھێنایان بۆ کەرکوک جارێکی تر خۆیان کاندید کردۆتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق!. جان جاک ڕۆسۆ ئەڵێت : گەلێک بێ مەرج خۆی بخاتە دەستی ھەر دەستەڵاتێکەوە، ھیچ وەرناگرێت لەباتی ". لەزاری "د.بەرھەم ساڵەح" یشەوە چەند جارێک گوێم لە گێڕانەوەی دەقێکی "مەحوی" بووە کە بۆ "شێخ مەحمودی نەمر"ی ناردووەو، ئەڵێت:
شەوێ کەوتە دەست ئەھریمەن خاتەمی موڵکی سولەیمانی
  کــــەچـی مـیـروگـزیری پـێ کرد قـەدری نــــەزانی 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP