هاوپەیمانی، كلیلی دەرگا داخراوەكان

هیوا سەید سەلیم - 24-04-2018 - 2269 جار خوێندراوەتەوە

زۆر پرسیار لەسەر هۆكاری درووستبوونی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەكرێت و جاری واش هەیە پرسیارەكان بە ئاڕاستەی گومان خستنە سەر پرۆژەی هاوپەیمانی دەوروژێنرێن، نا بێت گلەی بكەین خەلك مافی خۆیەتی بپرسێت كە ئایا هاوپەیمانی بۆچی، ئایا هاوپەیمانی هاتووە چی بگۆڕێت و چ جیاوازیەكی لەگەل ئەوانی تر دەبێت؟


ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر بە مافی خەڵكی تر دەزانین، ئاخر ئەوان لە پێش  هاتنە مەیدانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ئەزموونی خرابیان بینیووە و بەلێنی زۆریان بینیوە كە نەبۆتە كردار و حزبایەتیەكی خراب هەبووە كە گەڵای بێ ئومێدی لای خەڵك چاندووە، بۆیە دەبێت هاوپەیمانی بەڕوونی وەڵامی بۆ ئەو پرسیارانە هەبێت و بە كردەوەش قسەو بەڵێن بكاتە كردار كە دەشیكاتێ.


هەموومان دەزانین كە ئەركی هەر لە پێشی ئێستای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری چوونە ناو كێبركێی هەلبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بۆیە دەبێت بە خەڵك روونبكرێتەوە كە هاوپەیمانی بۆ ئەو ئەركە كارو پرۆژەی چی دەبێت كە ئەمەشیان پێویستە لەسەر دوو تەوەرە كاربكات.


یەكەمیان پرۆژەی سیاسی هاوپەیمانی بۆ ئەو تیمەی كە دەیگەیەنێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جۆری ئەو كەسانەی كە نوێنەرایەتی ئەو كارنامە سیاسیەی هاوپەیمانیەتیە دەكەن.


پرۆژەی سیاسی بۆ خستنەڕووی چارەسەری كێشەكانی حوكمڕانی لە عێراق و لەنێویشیاندا كێشەكانی ناوەند و هەرێمی كوردستان و مافە دەستووریەكانی خەڵكی كوردستان بەڕوونی لە كارنامەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاتووە، ئەوەی كە دەمێنێتەوە ئەوەیە كە دەپرسین كە كێن ئەوانەی دەتوانن كاری تەواو بكەن لەسەر جێبەجێكردنی ئەو كارنامە سیاسیە؟


ئاشكرایە كە لە خوولەكانی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێك لە كۆسپەكانی بەردەم چارەسەری ئەو كێشانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی كارنامەی هاوبەشی فراكسیۆنە كوردستانیەكان و لاوازی و بێ ئەزموونی هەندێك لەو نوێنەرانەوە  و كاركردن بۆ بەرژەوندیە حزبی و تایبەتەكان و پەرشوبڵاوی نوێنەرانی كورد لە بەغدا، بۆیە نابێت جارێكی تر ئەو ئەزموونە خرابە تاقی بكرێتەوە چونكە دەركەوت چ زیانێكی بۆ تەواوی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە.


لە تێكچوونی باری ئەمنی لە بەشی هەرزۆری خاكی عێراق و سەرهەڵدانی دیاردەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش  تا درووستبوونی قەیرانی دارایی و تەنانەت پشتكردنە دەستووری عێراق لە چارەسەری كێشەكانی ناوەند و هەرێم.


بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەزموونەی ڕابردوو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاتووە بە پرۆژەوە چارەسەر بۆ ئەو دۆخە دەخاتەڕوو، هەروەها مەبەستیەتی كە كێشەكان لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور چارەسەر بكرێن، تا چیتر گەڵانی عێراق بەگشتی و خەڵكی كوردستان نەبنە قوربانی ملاملانێی نێوان حزب و پێكهاتەكان كە ملاملانێیەكە بۆ دەستكەوتی حزبی و تاكەكەسی.


واتا دەتوانین بڵێین هاوپەیمانی بەوەرگرتنی متمانەی خەلك لەو هەڵبژاردنەوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێتە كلیلی چارەسەری ئەو دەرگا داخراوانەی كە پێشتر بە كەسانی كەم ئەزموون نەكراونەتەوە، ئەمەشیان لە بانگەشەی لیستی هاوپیمانی بەڕوونی خراوەتە ڕوو كاتێك لەسەر زاری سەرۆكی هاوپەیمانیەتیەكە دەووترێت بەكردارەكانمان هەلمان بسەنگێنن. 


بۆیە دەڵێین كاتی ئەوە هاتووە كە دەنگدەری كوردستان بەكردارەكان لیست و قەوارەكان هەڵبسەنگێنێت و دەنگ دانیشی لەسەر بنەمای كاروكردەوكان بێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP