۱۲ی٥ وەرنە مەیدان

سەپان ئەنوەر - 23-04-2018 - 1183 جار خوێندراوەتەوە


با ڕۆژی ٥/۱۲ بکەینە دەرفەتێک و کەرنەڤاڵێکی گەورە بۆ بونیادتنانەوەی کۆمەڵگە و رێکخستنەوەی سەرلەبەری پرۆسەی سیاسی بە سیستمێکی دیموکراسی بۆ هەمووان و یاساش لە سەرووی هەموان بێت، بۆئەوەی نیشتمانێک  بەبێ جیاوازی بۆ هەمووان دروسبکەین  و هەمووان بە راستەقینە بەشداربین له گۆرینی نەخشەی سیاسی و بریاری سیاسی  و دوور لە دەمارگیری ، بۆ ئەوەی چیتر حزب پیرۆز نەبیت و مرۆڤ سەنتەر و خۆشگوزەرانی ئامانج بێت پێویستە كۆیلەی هیچ ئەشخاس و دەستەو تاقمێک نەبین و هێزی هاوپەیمانی  بکەین بە هێزێکی سەتاسەری بۆ گەڕانەوەی رێرەوی سیاسەت بۆشوێنە راستەقینەکەی خۆی ،واتە سیاسەت دەربێنین لەدەست سیاسەتوانە بەرژەوەندخوازە چاوچنۆکەکانی  ووڵات ، بەواتایەکی تر سیاسەتكردن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ئەشخاس حزب بگۆرین بۆ بەرژەوەندی گشتی لە پێاو هێنانەدی حوکمڕانیەكی رەشید بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان و بە هێزکردنی بەها مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان و گەڕانەوەی کەرامە ت و شکۆی  شکاوی میللەتێک و لە پێناو پاراستنی مافە دەستورییەکانمان و پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی عیراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی دانپێدراو لە دەستوری عیراقدا. 

مەرد بن وەرنە مەیدان بۆ بەدیهێنانی  ئابوریەکی بەهێزو بازاڕێکی ئازاد و داراییەکی شەفاف ، دوور لە دەستی قۆرخکاری ، بۆ کۆتایی هاتنی کلتوری پاوانخوازی و زیادکردنی نفوسی حزبی  لە ژێر ناوی زۆنی سەوز و زەرد و نیلی و نەهێشتنی دابەشکاری جوگرافی و ناوچەگەری کۆمەڵایەتی ، با ٥/۱۲ بکەینە قۆناغی وەرچەرخانێکی مێژوویی نوێ لە رێگەی  پرۆژەی هاوپەیمانی لە پێناو رزگارکردنی کوردستان بەرەو گۆرانکارییەکی ریشەیی بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان لە نێوان سەرجەم  پێکهاتەکانی عیراق بەگشتی وکوردستان بەتایبەتی . 

وەرنە مەیدان  با  هاوپەمانی بكەینە ئامرازێكی کاریگەر بۆ و چارەسەرکردنی پرسی بەشە بوجەی هەرێم لە بودجەی عیراق و نە هێشتن و رێگەگرتن لە بەهەدەردانی  سامانی نیشتمانی و نەتەوەییمان و ریکخستنەوەی داهاتی گشتی بە یاسا و سەر لە نوێ و دابەشکردنەوەی بە شێوەیەکی عادیلانەو دادپەروەرانە بێت کە ببێتە چارەسەری موچەو قوتی خەلک چیتر ڕێگە نەدرێت موچەی خەڵک ببێتە دەستکەلای سیاسیە قومارچیەکان بێت  ، هەروها هاوپەیمانی بکەینە خواستێکی گشتی بۆ پڕکردنەوەی پیویستی و داخوازی تەواوی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە و ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ڕای گشتی کوردستان  . 
وەرنە مەیدان بۆ ئەوەی هاوپەیمانی هەل برەخسێنێت بۆ فراوانکردنی بازنەی چاکەخوازان  لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە  قەیراناویەی کە بە ئەنقەست دروستکراوە بۆ لە ناوبردنی هیواکانی کۆمەڵگە و دروستکردنی تاکێکی ترسنۆک و بێ ئیرادەو بێ بەرهەم  ، بەمەبەستی بێدەنگ بوونی کۆمەڵگە لەئاست هەراجکردنی خاک و نیشتمان .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP