هەڵبژێرە بە ئارەزوی خۆم

دانا هەڵەبجەیی - 21-04-2018 - 1483 جار خوێندراوەتەوە


پرۆسەی هەڵبژراردن بە مانای بژرادن یان گوڵچین یان دیاریکردنی کەسێکە (کاندید) لەنێوان سەدان کەسدا، بە ئارەزوی کەسی هەڵبژیرەر یا دەنگدەرە، بۆ ئەوەی لە بری تۆ کار و ئەرکەکانت لە نێو پەرلەمان بۆ ڕاپەرێنێت و ئەو بەرنامەیەی کە هەیەتی پیادەی بکات.

 لەماوەی ئەم هەفتەیەی هەڵبژراردندا، ئەوەندە دیاردە و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی نەشیاو و نامۆ ناشارستانیم بینی، کە نەک سیمای هەڵمەتی هەڵبژاردنی تاڵ کرد، بەڵکو خودی پرۆسە دیموکراسییەکەشی لەکەدارکردوە..

دوو ڕواڵەتم بە زەقی لە کوردستان ڕەچاو کرد: 
یەکەم: دەنگدەری گیرۆدە
دەنگدەر وەک کەسێکی ئەندام و هەوادار و سودمەند و ناچارکراوی حیزبە، وە ملکەچانە ئەبێت بەگوێی حیزب بکات و  وەک فەرمانێک ئەبیت پابەند بێت بەوەی  حیزب چی ووت ئەبێت وابکات، ئەگینا وەک خائین و یان گەندەڵ و هەندێک ناوناتۆرەی تری ئەدرێتە پاڵ. 
دووەم: دەنگدەری ئازاد

دەنگدەر وەک کەسێکی بروا بەخۆ و ژیر، خۆی سەرپشکە بە کێ دەنگ ئەدات و بەرنامە ی حیزب و کاندیدی دڵخوازی خۆی بە ئارەزووی خۆی هەڵئەبژێرێت. ئەم جۆەرە کەسانە بە نهێنی دەنگ ئەدەن  و زۆر جار لە دژی حیزبەکەی خۆشیان دەنگ ئەدەن بە کاندیدی تر.

ئەوانەی یەکەم گیرۆدەی کولتوری بەحیزببونی کۆمەڵگەی کوردین، کە 27 سالە حیزب کاری بۆ کردووە، سەرکردە و حیزبەکەیان لا پیرۆزە و چاویان تەنیا خۆیان ئەبینێت. 

تەنانەت دوای مردنی لیدەرکانیشیان، هەر  لەسەر ڕێباز و کارێزمای ئەوان ئەژین. ئەم جۆرە لە مرۆڤەکان، یا سودمەندبوون لە حیزب، یا سۆزدارییانە بڕیار ئەدەن، یان حیزب وەک خێل و پێکهاتەیەکی کۆمەلایەتی ئەبینن نەک وەک دەستە و گروپێکی سیاسی.

حیزبەکانیان هەمیشە ڕووی دەمیان بۆ ئەمانە ئەم جۆرە لە گوتارەیە کە ڕێتمێکی نەگوڕی سەردەمانی شۆڕش و شەرعیەتی شۆڕش و فرۆشتنەوەی حەماسی پێشمەرگایەتییە بە ئەندامەکانیان.  گوتارە سواو  و  سەروەریی ڕابردوو و شانوباڵوی سەرۆک و بە ناپاک لەقەڵەمدانی ئەوانی ترە، وە  تەنیا باسی ئەوانی تر ئەکەن، کە خائین و گەندەڵ و ناپاک و هەڵە و نەشیاو و هتد ن.

قەد نایانپەرژێتە سەر بەرنامە و پلانی خۆیان، باسی ئەوە ناکەن من و ئێمە چیمان پێ ئەکریت و بەتەمای چین، بەڵکو تەنیا خەریکی سفرکردنەوە و ڕیسواکردن و ناوزڕاندن و ناشیرینکردنی حیزب و کەسەکانی ترن.

حیزب بە چاوێکی بێ ئاست ئەڕوانێتە ئەمانە، وەک پەندە هەورامییەکە ئەیانژمێرین ( پادار بگرە و بێ پا ماڵی خۆمانە ). ئەمانە لە هەموو دۆخێکدا ملکەچی حیزبەکانی خۆیانن و بۆیە حیزبکانیشیان وەک بێ پایەک و گیرۆدەیەکی خۆیان تەماشایان ئەکەن.
ڕێژەی ئەمانە لە  دەوروخولی %40ی دەنگدەران ئەسوڕێنەوە.

ئەم جۆر لە حیزب و ئەندامەکانی تا ئێستاش بە میتۆدی سەدەی ڕابردوو  هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەکەن، وەک:  پڕکردنەوەی شار و شەقام  لە پەڕۆ و لۆگۆ و نایلۆن و وێنە و ئاڵای حیزب، گێڕانی ئاهەنگ و هەڵپەرکێ و لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکاندا، کاروانی ئۆتۆمبیل و هۆڕن لێدان و شایی و لۆغان لەسەر شەقامەکان، پیاهەڵدان بە ڕابردوو و  سەرۆکی کۆچکردوو و وروژاندنی سۆزی خەڵک بە شەهید و قوربانیان و پێشمەرگە.

وەکوو بڵێی ئەم هەموو قوربانیدانە  ڕۆژێکی پرشنگداری بۆ خاوەن قوربانیان و هاوڵاتی مسەوگەر کردبێت، یا کەس ئەمانە ناناسێت، ئەگەر ئەم شڵتە و پڵەتەیە بە ئاسمانی شەقام و کۆڵاناندا، ئاوێزان نەکەن. 

هەر بۆێە حیزب بەو ئاستی عەقڵییەتە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیدا ئەکات، کە دەنگدەرانی هەیەتی، یانی ڕیکلام و پروگاندەی حیزبەکان ببینە و ئاستی ئەندام و دەنگدەرانت بۆ دەرئەکەوێت.

ئەم جۆرە لە حیزب ئەڵێن هەڵمانبژێرن بە ئارەزوی خۆمان، نازانن هەڵبژاردن واتە ئازادی لە بژارکردندا و لە کۆتاییدا هەر ئەبێت، دەنگدەر کاندیدی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت. 

دووەم، ئەو خەڵکە ئازادەن کە نەکەوتونەتە ژێر هەژمونی حیزب و سیاسەت، بەڵکو وەک هەر هاوڵاتییەک ئەرکی نیشتمانی و کۆمەڵاتیەتی و ئابوری خۆیان بەجێدێنن، نەوەیەکی نوێی  دوای ڕاپەڕین، کەسانێک کە ڕۆژانێک کاری سیاسیان کردووە و ئێستا بێ لایەنن، خەڵکی وریا کە ئەزمونی ئەم دەسەڵات و حیزبانەیان چەشتووە، لە کۆتاییدا، هەندێک کەس کە خۆبەخشانە دەنگیان بە حیزبی (ئەلف) داوە، وە ئێستا ئازادانە دەنگ بە حیزبی (بێ) ئەدات. ئەمانە لە %60 ی کۆمەڵەگەی کوردین کە ئارزوومەندانە و بە بیرکردنەوە و بژاردەی خۆیان دەنگ ئەدەن ، یا هەر بەشداری دەنگدان ناکەن.

هەر بۆیە هاوپەیمانی  و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکەی بە بەرنامە و هەڵمەتێکی شارستانی دەستی کردووە بە کەمپینەکەی، کە تا ئێستا بێ وێنە بووە لە کوردستان، جونکە هاوڵاتی وەک کەسێکی هۆشیار و خاوەن ئیرادی خۆی ئەژمار ئەکات، نەک وەک تاکێکی بێ ئاگا و بە قسەی باق و بریق، بە هوتاف و گەزاف گیرۆدەی بکات. گوڵێک بۆ هەتاو بڕوانێت، هەمیشە سەری بەرزە.
تا کۆتایی هەڵمەتەکە باسەکەمان گەرمتر ئەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP