ئەگەر دەنگ نەدەم، چی دەبێت؟

دڵشادی عومەر کاکی - 18-04-2018 - 1791 جار خوێندراوەتەوە

 لە دووڕیانێکدا وەستاوی، ناهەقت نیە، ئەوەندە لە نێوان شک ودڵنیایدا، ساتێک بێ دەنگ و ساتێکیش، ئەم هەمو دەنگەی دێتەوە و دەرگای ویژدانت دەکووتێ، ئیتر دیسانەوە دەبێ (سیزڤ) ئاسا،کڵۆڵی ئەم میللەتە بدەیتەوە بە کۆڵتداو کەمەربەندت توند کەیتەوەو دەست لە ئەژنۆ بەردەی هەستیتە سەرپێ وهیمەتێک لە چاوەڕێی سەرکەوتن  وەک قەندیلۆکەیەک لە دڵدا داگیرسێنی، ئەم نیشتیمانە، ئەم گەلەی من، ئاخر سەری پڕ لە ئازارو مەینەتیی، ڕەنگی پەڕیوی هەژارانی وڵاتەکەم، ئەو هەموو برسی و بێ دەرەتانە ئەو هەموو نەخۆش وبێلانەیە، ئەوگەنجە چاو گەشانە، کچە شەرمن و بێ نازەکانی نێو ماڵە تاریک بێدەنگەکان، ئیتر شەماڵێک سروەیەکی نیشتیمان، بۆنی نان و بۆنی خۆشیی ژیان دەمخاتەوە ڕێ و کەم کەم چرای کزی هیواکانم ڕوناکتر دەبێ و..

 

ئەوەندە بە ڕێوە لێکدانەوە دەکەم دەبینم شک وگومان و دوودڵیەکانم لە بن باڵی فڕین لە ئاسمانی نیشتیماندا هەڵوەریون، بێهیوا نیم و لەو ئاسمانەی فراوانەی کە جێگای تەوای خەونەکانی هەموومانی تێدا دەبێتەوە  فراوان بۆ فڕین و،بێ سنور بۆ ئومێدەکانی هەموومان دەستپێدەکەمەوە، گەرەکمە بە تۆش بڵێم وەرە لەو دوڕییانەدا مەوەستە  هەر نەبێ بجوڵێ و تا ئەژنۆکانمان تینی تێدایە ،هێشتاکە درەنگ نیە ئەوەتا لەم ڕێگایەدا کەسانێک ماون ودەکرێ ئەمانەت ومیراتی ئەم گەلە ی پێ بسپێرین .

 

هەروەک چۆن ئەو هەموو بێدادیی و خۆپەرستیە هەیبەتی گەلەکەمی داڕوشان، وەک چۆن هاوڕێکانمان ئێمەیان لەبیرچووەوە کەیلی سەفای خۆیان بوون، ئەوەتا من و تۆ هەین وهێشتاکە چاومان پڕە لە فرمێسکی تەڕو کەچی تەماشا دڵمان چۆن بۆ عەشقی نیشتیمان دڵەکوتەیەتی، ئاخر هەموو شتێک جێمانبهێڵێ ئەم نیشتیمانە هەر لێرەیە، بۆهەر کوێیەک بڕۆین، ئەوە نیشتیمانە بەکۆڵمانەوەیە، هەرچۆنێک بێدەنگ بین دەنگێک لەناودڵی بێ سروەماندا ناڵەی دێ چەند چاوەکانمان داخەین وخۆمان خامۆش کەین دیسانەوە پۆلە مەل و باڵندەی هیوا خەریکی فڕینن، کەواتە با کەمێ ئارام بینەوە پرسیار بکەین، ئەرێ من ..دەنگ بدەم ؟یان ئەگەر دەنگ نەدەم چی دەبێ ؟  ئاخۆ خەرمانێک بەم دەنگەی من شین دەبێ؟چ سودێک دەکەم دەنگ نەدەم؟ لێکدانەوەی زۆرم کرد لەم نێوانەدا. 

 

بە هاوکێشەیەک گەیشتم و کردمە دروشمێک و دەمەوێ هەر نەبێ بە گوێی هەموتانی ئاشناکەم، زۆرم هێناو زۆرم برد دەموت ئەگەر دەنگ نەدەم چی دەبێ؟ چی ڕوودەدات؟ ئیتر تەماشای سندوقە خاڵیەکانم دەکرد، لەو بێدەنگیە کە دەنگیان نەداوە بۆ نیشتیمان، بۆ دادو بۆ ئایندەیەک پڕ لە نوێخوازی دەبینم ئێمە کە دەمانەوێ هاوپەیمان بین و بە حوکمڕانی هاووڵاتیانەوە خەون دەبینین، سندوقمان خاڵی و، ئەوانی دیش سندوقیان پڕ، دەبینم لە پای ئەم بێدەنگبوونەم تەرازوی داد بە ئاسمانەوەیە و ئۆردوی بێدادی  لەسەر سنگی گەل پیادە دەبن، پێدەنێن بە سنگی نیشتیماندا، بۆیە بڕۆ دەنگ بدە.

 

دەنگ بدە بەو خەونانەی لەنێو باغچەی گەشی  چاوەکانتایە، دەنگ بدە بەو هیوایەی کەدەتەوێ بیبینی، بەوانەش بڵێ کە لەو دووڕییانەدا وەستاون بڵێ( ئەگەر دەنگ نەدەم بێدەنگیەکەم دەڕوات وسندوقی هیواکانمان خاڵی دەبێ دەنگە نەدراوەکەم دەچێتە نێو سندوقی زۆرینەو دەسەڵاتدارەکان، دەنگە نەدراوەکەم لەدەستی کەمینەی خاوەن ماف و خاوەن داد دەچێ)، ئەگەر دەنگ نەدەم ئەو دەنگەی کە دەبوو بیدەم بە دادو دیموکراسی لە سندوقی هەواکان چۆڵ دەبی و کەچی ئەو بێدەنگیەم دەچێتە نێو سندوقی بێدادی ودیسان خۆمان بۆ خۆمان دونیایەکی بێ دادو بێ فریاد ڕەس چێ دەکەین، دووبارە دەبێ گەل ناڵەی بێ .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP