هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

دژه‌كانی دیموكراسیی

سالار مه‌حمود - 30-11-2016 - 2683 جار خوێندراوەتەوە

سالار مه‌حمود

وته‌بێژه‌كانی دیموكراسیی له‌كۆمه‌ڵی كورده‌وارییدا ئه‌وانه‌ن له‌ جه‌وھه‌ردا ئه‌نتی دیموكراسیین.
خۆ سه‌پێن و گوتار پڕ له‌جنێوو ته‌شعیر، مێژوو ئاوه‌ژوو كه‌ر. دیموكراسیی به‌ھایه‌ ئاكاره‌ پره‌نسپه‌، له‌ناو حزبی كوردیدا ئه‌وه‌ی غائیبه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م بنه‌مایانه‌ن.
به‌شی زۆری به‌ناو سه‌ركرده‌كانیان دوورن له‌ڕه‌فتاری دیموكراسیانه‌، له‌ دونیابینی دیموكراسیانه‌، له‌دیدی دیموكراسیانه‌ بۆ ئاراسته‌كردنی تواناكانی حزب بۆ چاكه‌ی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی. 
له‌كۆمه‌ڵگاكانی خاوه‌ن فره‌یی سیاسیی‌و حزبیدا، حزب ره‌وتێكی خێرایه‌ بۆ ململانێی دیموكراسیی‌و گه‌شه‌ی مه‌ده‌نی، حزب ھۆكارێكی گرنگی خه‌باتی مه‌ده‌نییه‌، له‌كوردستانی ئێستاماندا به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پێوه‌ره‌ زانستیه‌كانی سیاسه‌ت، حزب نه‌ك پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵگا نییه‌ به‌ئاراسته‌ی پێشكه‌وتن، به‌ڵكو حزب ته‌نێكی باره‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه‌، حزب گه‌نه‌ی هه‌ڵمژینی قووتی خه‌ڵكه‌، حزب رێگری سه‌ره‌كییه‌ له‌ به‌دامه‌زراوه‌بوونی دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كانی كوردستان. له‌ كوردستاندا حزب حكومه‌تی كردووه‌ته‌ كاڵای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ته‌سكه‌كانی ده‌سته‌ بژێرێكی خۆ سه‌پێن. سامانی سه‌ر زه‌مین‌و ژێر زه‌مینی نیشتمان‌و نه‌وه‌كانی داهاتووش به‌به‌رچاوی وته‌بێژه‌كانی دیموكراسیی‌و به‌شه‌ریكه‌ به‌شی چروكانه‌ی ئه‌وان به‌تاڵانبراو ده‌برێت!

ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ڕێگه‌ی حزبه‌وه‌ بۆ كوردستان‌و دیموكراسی‌و به‌دیهێنانی مافی چاره‌نووس‌و ژیانێكی شایسته‌ به‌مرۆڤی سه‌رده‌م، بووه‌ قوربانی حه‌زه‌ تێر نه‌بووه‌كانی كه‌مینه‌یه‌كی داماڵراو له‌هه‌موو به‌هایه‌كی دیموكراسیی.

به‌ چ شه‌رعیه‌ت‌و شكۆیه‌كه‌وه‌ خۆ باده‌ده‌ن له‌كاتێكدا ئاوڕ بده‌نه‌وه‌ چ دژیه‌كیه‌ك له‌ وتن و ره‌فتارتانا ھه‌یه‌. چ وێرانه‌یه‌كتان دروستكردوه‌ چ پاشاگه‌ردانیه‌كتان به‌سه‌ر ئه‌م نیشتمانه‌دا به‌ناوی شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕیه‌وه‌ دروستكرد. مێژوو به‌خه‌ڵكی كوردستان مه‌فرۆشنه‌وه‌، ئه‌و جوانیه‌ی ئه‌گه‌ر له‌م نیشتمانه‌دا مابێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌ستی ئێوه‌ی پێنه‌گه‌یشتووه‌ ئه‌ی ھه‌ڤاڵانی دیموكراسیی خواز!

دژه‌كانی دیموكراسیی له‌ناو حزبه‌كان هاوپه‌یمانێتییه‌كی شاراوه‌یان پێكهێناوه‌، دژه‌كانی دیموكراسیی به‌ره‌یه‌كی رانه‌گه‌یه‌نراویان هه‌یه‌. به‌یه‌ك ئاوازو به‌یه‌ك ریتمی نه‌شاز ده‌ڕێسن. دژه‌كانی دیموكراسیی پێك دێن له‌ھاوپه‌یمانێتی گه‌نده‌ڵكارانیش. توڕه‌یی ھاونیشتمانیان له‌ھه‌موو حزبه‌كان و له‌م مۆدێلی حزبایه‌تییه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م راستییه‌وه‌یه‌ كه‌ ھاوپه‌یمانێتییه‌كی شاراوه‌ی گه‌نده‌ڵكاران، به‌ره‌یه‌كی رانه‌گه‌یه‌نراوی دژه‌ دیموكراسیی له‌ھه‌ناوی حزبیی كوردییه‌وه‌ ھه‌ر گه‌را داده‌نێت. ئه‌مانه‌ بێشه‌رمن دێن باسی دیموكراسیش ده‌كه‌ن، فرمێسكی تیمساحیش بۆ بێده‌ره‌تانی خه‌ڵك ده‌ڕێژن.

ئه‌م ته‌رزه‌ به‌ ھه‌موو پێوه‌ره‌كانی حزبایه‌تی له‌ رووی سیاسیی و قانوونی و ئۆرگانی شه‌رعییه‌تی سه‌ركردایه‌تیان نه‌ماوه‌، به‌شێكیان ھه‌ر له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ بێشه‌رعیه‌ت و ته‌عینكراون. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ره‌وته‌ خۆسه‌پێن و ده‌مامكداره‌دا پشتیوانی له‌ به‌ ئاكام گه‌یشتنی ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و پشتیوانی كرداریی بۆ ھاتنه‌ ژێرباری داوا ره‌واكانیان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن له‌م دۆخه‌ لێڵكراوه‌ ئه‌ركێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسیه‌. گۆڕینی راسته‌قینه‌ له‌ مۆدێلی حزبایه‌تی شكستخواردوو، له‌ مۆدێلی حكومڕانی شكستخواردوو پێویستی به‌ھاوپه‌یمانێتی دڵسۆزان ھه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ر ھاوپه‌یمانێتی گه‌نده‌ڵكاراندا.

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP