لە غیابی دادپەروەری هاتینە مەیدان

هیوا سەید سەلیم - 13-04-2018 - 4179 جار خوێندراوەتەوە


ئەمەی سەرەوە ناونیشانی پۆستی یەكێك لە كاندیدەكانی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بوو كە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فێسبووك بڵاویكردبووەوە، ناونیشانەكە و ناوەرۆكی پۆستەی ئەو كاندیدەم بەلاوە سەرنج ڕاكیش بوو، بۆیە منیش لێرە بەكارم هێنایەوە، وا لێرە دەیكەمەوە ناونیشانی ئەو نووسینەم، تا هەر لێرە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بدەینە كە لێرەو لەوێ دەوروژێنرێن،  كە ئایا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆچی؟ 

هەمیشە وابووە كە لەبەرامبەر هەموو دیاردەیەكی تازە،  پرسیاری جدی درووست بێت و دیاردەكانیش پرسیای تازە بەدوای خۆی دابێنێت .

  بەرەی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری)ش لە نێو ئەو جەنجاڵیە سیاسیەی كوردستاندا،  دیاردەیەكی تازەی سیاسیە، كە لە بەرامبەر چەندین كێماسی دەسەڵات لە بوارەكانی  (سیاسی و ئیداری و ئابووری ) سەریانهەلداوە، ئەو جۆرە دیاردە نادرووستانەی نەی كە دەسەڵاتی حزبی لێیان بەرپرسیارە، دەسەڵاتێك كە ماوەی نیو چارەگە سەدەیە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دەكات و چەندین رەخنەی جدی رووبەڕوو بۆتەوە، هەر لە بەرپرسیارەتی ئەو دەسەڵاتە لە قەیرانە سیاسیە نێوخۆی و دەركیەكان بگرە تا قەیرانە ئابووریەكان و ژیان و گوزەرانی خەلك كە دواترینیان بریتی بوو لە دەستبردن بۆ مووچەو قووتی خەڵك، بۆیە دەبێت بزانین كە هاتنە مەیدانی  بزووتنەوەیەك،  وەیان بەرەیەك كە خەڵكانێكی عەدالەتخواز و دیموكرات پێشەنگایەتی دەكەن، ئاساییە بكەوێتە  بەر مقۆمقۆ و تەنانەت پەلاماردانیش بەتایبەت لەلایەن نەیارانی ئەو بزووتنەوەیە، ئەو نەیارانەی كە نانیان لە غیابی دیموكراسەت و نادادی دایە لە هەرێمی كوردستان!! 

لەو دۆخەی هەرێمی كوردستاندا كە دیموكراسیەت دەكەوێتە ژێر پرسیاری جدیەوە،  دەبێت بزووتنەوەیەكی سیاسی بێتە مەیدان تا كار بكات بۆ دامەزراندنی بنەماكانی دیموكراسی و بڵاوكردنەوەی مافە دیموكراسیەكانی تاكی كورد، كە لەو قۆناغەدا ئێمە وای دەبینین كە دەبێت ئەو بزووتنەوەیە كاری جدی بكات بۆ ئەوەی هانی خەلك بدات تا بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بكات  و لەسەر ئاستی پرۆسەكەش كاربكات بۆ زامنكردنی هەلبژاردنێكی پاك كە متمانەی خەڵك بەو پرۆسەیە بگەڕێتەوە  و دواتریش كاركردنی بەكردەوە بۆ ئامادەسازی بۆ دەستاودەستی ڕاستەقینەی دەسەڵات لە حاڵەتی گۆڕینی هاوكێشە سیاسیەكان لە رێگەی هەلبژاردن و دەنگداندا، چونكە ئاشكرایە بەبێ ئەمانە دیموكراسیەت هیچ بەهایەكی نابێت.

بەشی دووەمی ناو درووشمی هاوپەیمانی بریتیە لە دادپەروەری، كە ئەمەشیان ئەگەر لە دیموكراسەتەكە گرنگتر نەبێت كەمتر نیە، بگرە هەردووكیان گرێدراوی یەكترن، واتا لە سیستەمی دیموكراسیدا تاك دەتوانێت هەڵگری درووشمی ئازادی و دادپەروەری بێت.

هەموومان دەزانین كە لەو هەرێمەی ئێمەدا تا ئێستا لایەنی كەمی دادپەروەری بوونی نیە، لەسایەی حوكمڕانیەكی ناداپەروەردا چینێكی مشەخۆر لەسەر حسابی زۆرینەی خەڵك درووست بوونە،  كە دەستیانگرتووە بەسەر هەرچی سەروەت و سامانی ئەو هەرێمەیە، هەر لە سامانە نیشتمانیەكانەوە بگرە تا بازاڕ و كار، هەموو ئەمانەش بە خراب سوود وەرگرتن لە پێگە سیاسی و حكومیەكانیان ئەنجامدراوە.

دیاردەی زەقی گەندەڵی و مشەخۆری لە كوردستان كە گەراكەی دەستژێرێكی حوكمڕان لە كوردستان دایاناوە،  خەریكە پەردەستێنێت و دەبێتە مەترسی جدی لەسەر خەڵك و خودی ئەو دەسەلاتەش كە حوكمی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە بەری پێبگیرێت و خەڵكێكی دڵسۆز بۆی بێتە مەیدان و پێیان بڵێت ئیتر بەسە.

ئەمەشیان بەوە دەكرێت كە ناڕەزایەكان بكرێنە چەكێكی كاریگەر و بەكارهێنانی ئەو چەكە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆیە دەبێت بۆ ئەو شەڕە دیموكراسیەتە هەموومان بچینە مەیدان شەری دیموكراسیانەی خۆمان بۆ زامنكردنی دادپەروەری و یەكسانی بكەین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP