بەپەلە

هاوپەیمانی وەك پڕۆژەیەكی نیشتمانی نوێ

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 11-04-2018 - 2455 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراندنی هاوپەیمانی لە بارودۆخی ئێستای كوردستاندا، وەڵامدانەوەیە بۆ ئەو پۆشاییە سیاسیەی كە ئێستا دروست بووە، ئەوەش پاش ئەوە دێت كە هیچ یەك لە حیزبە تەقلیدیەكان نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی هاوڵاتیانی كوردستان بن بە هەموو چین و توێژە جیاوازەكانیەوە، پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان هەریەكەیان هەڵقوڵاوی بارودۆخێكی سیاسیی تایبەتن و شوناسی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەندێكیان سەرەتای دامەزراندنیان دەگەڕێتەوە بۆ نیوەكانی سەدەی رابردوو، هەندێكی تریشیان زادەی ململانێكانی شەڕی سارد و ئایدیۆلۆژیای چەپ و سەرمایەدارین و ناتوانن خۆیان رزگار بكەن لەو كاریگەریانە و هەتا ئێستاش بەلێدوان و مامەڵەی سەركردە پیرەكانیان و دواجار بەشێك لە گەنجەكانیانەوە دیارە، هەندێك لەو پارتانە زادەی دروست بوونی بارودۆخێكی تایبەتین و لە هەموو دۆخێكدا بە عەقڵیەتی شۆڕشگێڕی مامەڵە دەكەن، هەرئەمەش بوەهۆی ئەوەی كە لەدوای راپەڕین نەتوانرێت لە كوردستاندا دامەزراوە دیموكراسیەكان گەشە بكەن و كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستاندا بەهێز بێت ، هەندێك پارتی تریش كە بە پارتە ئیسلامیەكان ناسراون لە كاردانەوەی پارتە چەپ و ماركسیەكاندا دروست بوون و ئامانجی سەرەكیان هەتا ئێستاش وەستانەوەیە بەڕووی ئایدیۆلۆژیای چەپ و نادینی و پارێزگاریە لە شوناسی مسوڵمانێتی گەلی كورد، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو گوتاری سیاسیان خستۆتە خزمەتی ئەم ئامانجە و كەمتر توانیویانە پارتی سیاسیی وەك شوناسێكی نیشتمانی وێنا بكەن.


هەموو ئەو شێوازانە لە كاری سیاسی دواجار نەیتوانی ببێتە مایەی ئەوەی كە ژیانێكی سیاسی كراوەو پێشكەوتوو بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە ململانێی ئایدیۆلۆژیان و فیكری شۆڕشگێڕی بوە مایەی دروست بوونی ململانێیەكی توندوتیژ و زۆرجار خوێناوی و لە بواری حكومەتیشدا هەموو حكومەتە یەك لەدوایەكەكان لەدوای راپەڕینەوە نموونەبوون بۆ گەندەڵی و پێشێلكردنی یاسا و قۆرغكاری و بە حیزبكردنی هەموو دامەزراوەكان.


لەم بارودۆخە چەقبەستوو ناهەموار و ئاڵۆزیە سیاسیەدا هاوپیەمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دامەزرا ئەم بزاڤە سیاسیە نوێیە وەك لە پەیڕەو و پڕۆگرامدا لە ئامانجە گشتیەكانیشیدا هاتووە ،دەیەوێت كە هەموو ئەو تێڕوانین و بۆچوونانە تێپەڕێنێت و ئەزموونێكی نوێ‌ بە عەقڵێكی سیاسیی نوێ‌ پێكبهێنێت، لەم ئەزموونە سیاسیە نوێیەدا دەیەوێت وێنای عەقڵێكی جەماعی گەورە بكات و لە ئامانجە سیاسیەكاندا لە جیاتی چاوبڕین لە بازنەی خەو بە بەرژەوەندیە بچوكەكان، بچێتە سنورێكی گەورەتر و بەرژەوەندیەكان لەناو سنورە گەورەكەی نیشتمان و نەتەوەدا دابڕێژێتەوە، ئەگەر ئامانجەكانیش بەو شێوەیە بەرفراوان بن لە جیاتی پشت بەستن تەنها بە تواناكانی خۆ، پێویستی بە تواناو لێهاتوییەكانی هەموان هەیە لە هەموو پارتە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان و تەنانەت كەسایەتیە بێ‌ لایەن و سەربەخۆكانیش، واتە پلانی هاوپەیمانی لەسەر ئەوە دامەزراوە كە ئەم نیشتمانە پێویستی بە هاوكاری و تواناكانی هەموان هەیە بۆ بنیاتنانەوەو گەشەپێدان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، لەلایەكی تریشەوە هاوپەیمانی دەیەوێت بازنەكانی ئایدیۆلۆژیا تێپەڕێنێت و بازنەی ئامانجە نیشتمانیەكان و خەباتكردن بۆ هێنانەدی خەوە سیاسیەكانی گەلی كورد بكاتە ئامانجی هەموان و هەریەكە لە دید و تێڕوانینی خۆیەوە خەبات بكات بۆ سەرخستنی ئەو ئامانجانە.


لەم روانگەیەوە هاوپەیمانی دەیەوێت جیاوازیەكان بكاتە مایەی گەشەپێدان و لەیەكتر تێگەیشتنی زیاتر و ئاراستەكردنی تواناكان بۆ خزمەتكردن و زیاترقبوڵكردنی ییكترو و چەسپاندنی لێبوردەیی. كە ئەمەش مانای راستەقینەی دیموكراسیە، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە هاوپەیمانی پلانی هەیە بۆ كۆتایی هێنان بە ململانێ‌ توندەكان و رەخسانی بواری زیاتر بۆ تواناو لێهاتوویەكان، بەتایبەتی لەناو توێژی گەنجاندا.


كوردستان لەم كاتەدا زۆر پێویستی بە بزاڤێكی سیاسیی كراوەو خاوەن پلان و نائایدۆلۆژی بەم جۆرە هەیە، چونكە بە بۆچوونی هەموو سیاسیەكان و روناكبیران و نووسەران و شاعیران ، دووبەرەكی و یەكترنەخوێندنەوەو ململانێ‌ لەسەر بەرژەوەندیە بچوكەكان، خاڵی لاوازی بزاڤە سیاسیەكان بووەو هەتا ئێستاش هەر ئەمەیە خۆرەی نەگەیشتن بە ئامانجە باڵا نیشتمانیەكان.


لە ئێستاشدا كە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، هاوپەیمانی وەك تاكە قەوارەی سیاسیی دەرگای كراوەیە بۆ هەموو هاوپەیمانێتیەك و لەو بڕوایەشدایە كاتێك هەڵبژاردنەكان كاریگەر دەبن و توانای وەڵامدانەوەیان دەبێت بە خواستەكانی جەماوەر كە هێزە سیاسیەكان بەرەیەكی فراوان دژ بە دەسەڵاتدارە گەندەڵكارەكان دروست بكەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP