بۆچی مام جلال بەرهەم ساڵح-ی هێنایەوە؟

دەلیل جەمال - 9-04-2018 - 6031 جار خوێندراوەتەوە

دیارە پاشوپێش هەیە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، بەڵام ڕوونتر تیشك ئەخەمەسەر ئەو دیوەی كە مام جلال بیری لێكردەوەو هەنگاوی بۆناو كاری بۆكرد، مام جلال ڕۆحی شاد، پیاوێكی وردو حەكیم و دورنمابوو، هەرئەمەش وای كردبوو، هێزێكی وەك و یەكێتی لە كۆمەڵێك دیدو ڕەهەندی جیا كۆبكاتەوەو لەچوارچێوەی یەكێتیدا ڕێكیان بخات و بەردەوام ئیدامەی ئەم هێزەبدات و بەجۆرێك بەردەوام بێت.

لەساڵانی ۲٠٠٠ ەكاندا دوای سڕكردنی شەڕی نێوان یەكێتی وپارتی بە جۆرێك ئارامی هاتبووە كایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا كوردستان هەر دووئیدارەبوو، لەم قۆناغەدا مام جلال هەستی یان زانیاری باشی هەبوو، كە كوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوەو پێویستە كار بۆئەو قۆناغە بكات، كە ئەوكات وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمەریكاش پشتیوانی حوكمێكی باش و دیموكراس و دادپەروەریان دەكرد.

هەربۆیە مام جلال لەوانەی كە هەبوون و بەدەوریدابوون، هی ئەوقۆناغە نەبوون كە دەبوو مام جلال ئامادەكاری بۆبكات و نمونەیەكی باش دوای شەڕی ناوخۆ نیشانی دنیابدات. هەربۆیە هەوڵی هێنانەوەی د.بەرهەم ساڵحی دا.

بۆچی مام جلال هەوڵی بەرهەم ساڵح داو هێنایەوەكوردستان؟

 ئەم پرسیارە جێی خۆیەتی چونكە كەسانی دیكە لەبەردەست بوون وئامادەبوون،بەڵام مام جلال  بیرو ڕووئیای دیكەی هەبوو،هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ مام جلال دوو ئامانجی هەبوو....

۱- بەرهەم ساڵح بەشێك نەبوو ل ەسیراع وململانێی ناوخۆیی و دەرەكی.

٢- بەشدارنەبوو لە مێژووی بەریەك كەوتن و شەڕی ناوخۆو ئەو قۆناغەی كە بە قۆناغی براكوژی و تێكشكان و سڕینەوەو ڕەشكردنەوەی یەكتر لەنێوان هێزە سیاسییەكان.

٣- شارەزایی و دەركەوتن و دیبلۆماسییەت و پەیوەندییە بەهێزە نێودەوڵەتییەكانی بەرهەم ساڵح كە بۆ خودی مام جلال و یەكێتی و كوردستانیش گرنگ و جێی بایەخ بوون و زەرورەتی قۆناغەكەش بوون

ئەمانە هەندێك لەو فاكتەرانە بوون كە بەرهەم ساڵحیان هێنایەوە كوردستان و كوردستانیش دوای ئەوقۆناغە ڕەش و براكوژییە كەسێكی دیكەی دەویست ڕابەرایەتی بكات و هەوڵی بونیاد نان و ئاوەدانی بدات ،كە دواجار لای لایەنە سیاسییەكانی دیكەش جێگەی متمانەبێت،

ئەگەر بەوردی سەیربكەین دروست مام جلال سەركەوتووبوو لەهەڵبژاردەكەی و هەم ئەو چەند ساڵەی حوكمڕانی بەرهەم ساڵح لە ئیدارەی سلێمانی و نمونەیەكی باشی حوكمڕانی بوو، هەم لە یەكگرتنەوەی دوئیدارەو ئەو دوساڵەی كە سەرۆكی حوكمەتی هەرێمی كوردستان بو بەهەردو ئیدارەكەیەوە.

مام جلال لەبەر دوو هۆكار بەرهەم ساڵحی هێنایەوە،كە هۆیەكییان بۆیەكێتی و هۆی دووەمیش بۆ حوكمڕانی بوو.

*مام جلال دەیزانی ئیدی قۆناغەكە گۆڕاوەو یەكێتی پێویستی بەكارەكتەری تەكنۆكرات و خوێندەوارو دیبلۆماس هەیەو وێنەیەكی دیكەی یەكێتی لە حیزبێكی شۆڕشگێڕی چەكدارییەوە بكاتە هێزێكی مەدەنی و كراوەو مۆدێرن، بۆئەم پلانە بەرهەم ساڵح هێنراو بەجۆرێك ڕابەرایەتی ئەم بیرۆكەیەی كردو، دەرئەنجام یەكێتی بویە هێزێكی سۆشیال دیموكرات و نەك تەنها لە عێراق بەڵك و لەناوچەكەو جیهان بۆیە هێزێكی كراوەو ناسراو، هەڵبەت خودی مام جلال هاوكارو پشتیوانێكی گەورەبوو، هەم بۆ بەرهەم ساڵح هەم بۆ خودی یەكێتی و ئەو ڕووئیایە، بەدیوێكی دیكەدا مەبەستی بوو بەرهەم ساڵح لە ئایندەدا ڕابەرایەتی یەكێتی بكات بۆئەوەی یەكێتی بەردەوام بێت و بۆقۆناغی نوێ بەگەورەیی بمێنێتەوەو وەڵامدەرەوەی  دۆخەكان بێت. بۆیە هەمیشە دەی ووت( بەرهەم زێڕە،بیپارێزن)

*هۆكاری دووەم لایەنی حوكمڕانی بوو،هەربۆیە بۆزۆربەی پۆستە حوكمییەكان بژاردەی یەكەم و ئاخر لای مام جلال بەرهەم ساڵح، تەنانەت بۆ عێراقیش، كە توانی نمونەیەكی باشی كوردبوو لە عێراق و زۆركاری بۆكورد كرد، كە هەوڵدەدەم لە وتارێكی دیكەدا ئاماژەی پێ بدەم، كەواتا مام جەلال سەركەوتووبوە، ئەوەتا بەدووساڵ نمونەی باشی حوكمڕانی بووە،هەموان  بێ ئایدۆلۆژیای حیزبی ئەو شاهیدییەدەدەن.

ڕاستەو خۆو ناڕاستەوخۆ مام جلال ئاماژەی بەو مەبەستەی داوە كەبۆچی بەرهەم ساڵحی هێناوەتەوە.


لەلایەنی دیبلۆماسییەوە كوردی لەقۆناغێكی داخراوو تەسكەوە،بردە قۆناغێكی نوێ چ لە ڕۆژئاوا چ لەئەمەریكاو وڵاتانی دیكە، هەرچەند ئەم ئەركە لەودۆخ و زروفەدا، قورس و گران بوو بەڵام دواجار بەرهەم ساڵح سەركەوتووبوو.

ئەكرێت پرسیارگەلێك هەبن بۆئەوەی بۆچی بەرهەم ساڵح بەردەوام نەبوو یان بۆچی یەكێتی نەگەیاندە كەناری كۆتایی و بۆچی خەونی مام جلال دوای خۆی كۆتایی هات و بۆچی ئێستا بەرهەم ساڵح لە شوێن و هێزێكی دیكەوە بەردەوامە؟.

وەڵامی تەواوی ئەم پرسیارانە ڕوونە و پێشم وانییە خوێنەری بەڕێز نەزانێت و بێزانیاری بێت، لەم بارەوە چونكە یەكێتی لە شاڕێی خۆی لادراوەو ئێستا ئەركە راستەقینەكەی خۆی جێبەجێ ناكات و هیوای مام جلیش ئەوەبوو ،حوكمێكی دیموكراس و دادپەروەر بێتە گۆڕێ، بەڵام بەداخەوە دوای مام جلال خەونی خۆی ویەكێتیش لە گۆڕنراو یەكێتیان گەیاندە ئەمڕۆو بەئاراستەیەكی دیكە برا، بەڕاستی بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی لە دوربین و خەونی مام جلال تێنەگشتن و تەنانەت  بەشێكیان تۆمەتباریان دەكرد بەوەی  بۆچی هێندە عەوداڵی  بەرهەم ساڵحەو بژاردەی  یەكەم وئاخری ئەوە؟ هەرئەمەش وای كرد دەبوونە كۆسپ لەبەردەم  سیاسەت و ئامانجی مام جلال و بەرهەم ساڵح  ئەوان زۆر دور و زۆربەرفراوان دەیان ڕوانیی و ئەمانیش  كورت و مەسڵەحەتی شەخسی دەیان ڕوانی .جا دەكرێت  ئێستا بەرهەم ساڵح لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بۆدیموكراسی ودادپەروەر بەردەوام بێت و هەم خەونی مام جلال و خەونی تەواوی كوردستانییان لەوێوە بێتە گۆڕێ بتوانرێت  حوكمڕانییەكی باش پێشكەش بكرێت.....


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP