بەپەلە

بایكۆت چەكێكی بێ كاریگەر

هیوا سەید سەلیم - 6-04-2018 - 2932 جار خوێندراوەتەوە


هەر كاتێك كە لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق نزیك دەبینەوە،  دەنگێك دەبیسترێت كە دەوترێت: (ناچین بۆ هەڵبژاردنەكان و بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكەین)،  بەو پێیەی دانگدان مافی تاكە، جابۆیە ئەگەر لاینە یاسایەكە وەرگرین تاك لە دەنگدان و دەنگنەدانیش ئازادە، بەڵام واقعی هەرێمی كوردستاندا ئەومان پێناڵێت،بگرە هەڵبژاردنی بژاردەی دووەم واتا دەنگنەدا وەك كارتێك لەبەرامبەر دەسەڵتداران، وەك دەربڕینێك لە بەرامبەر بێزاریت لە جۆری حوكمڕانی ئەو هەرێمە بژاردەیەكی یەكجار خراب دەبێت،  هەروەها دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەو لایەنی كە تۆی دەنگدەر لێی ناڕازی .

  هەموومان دەزانین كە جۆری هەلبژاردنەكان و ئەو میكانیزمەی كە لە عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی هەڵبژاردنی پێ ئەنجامدراوە،  كاریگەری زۆر نەرێنی  لەسەر دەنگدەر داناوە،  ئەویش بەوەی وایان تێگەیاندوە كە دەنگدانی ئەوە كاریگەری نابێت، ئەمەیان هەر بیركردنەوەیەكی خۆڕسكانە نیە لای دەنگدەری كورد درووست بووبێت، بگرە زۆر بەبەرنامە لە لایەن دەسەلاتدارانی هەرێمی كوردستان  كاری لەسەركراوە،  تا بۆشیان بلوێ لە بڵاوكردنەوەی ئەو قەناعەتە  درێخی ناكەن،  ئەویش تا بتوانن دەنگدەری كورد بێ ئیرادە و بێ باوەڕ بهێڵنەوە.

لە دونیایی دیموكراسی مەرج نیە هەموو تاكێكی دەنگدەر پیادەی ئەو مافە دیموكراسیانەی خۆی بكات، هەر بۆیەشە دەبینین لە زۆربەی هەلبژاردنەكانی ئەو كۆمەڵگایانە رێژەی بەشداری لە دەنگدان لە دەوروبەری 50% و شتێك زیاتر یان كەمتر دەبێت، ئەگەر ئەوە بۆ كۆمەڵگاكانی ئەوان ئاسایی بێت،  ئەوا  لای ئێمە دەچێتە خزمەتی دەسەڵاتدارانی كوردستان، چونكە ئەوەی لە كوردستان بیر لە بایكۆت دەكاتەوە دەنگدەری دەسەڵات نیە،  بگردەنگی ناڕازیە، دەنگی ناڕازیش چەندە دووربێت لە پرۆسەكە لەبەرامبەردا پاڵانسی بەرامبەر بەرزدەكاتەوە ئەمە هاوكێشەیەكی حسابی روونە.

لە ئێستادا كە هەرێم و ناوەند لەبەردەم دوو هەلبژاردنی گرنگ دانە، دیسان لە نێو خەلكێكی زۆر باس لە بایكۆت دەكرێت، ئەو باسە لە كوردستانیش گەرمە، بەڵام دیسان دووپاتی دەكەینەوە كە بایكۆتكردن لەبەر چەندین هۆكار دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەو دەسەلاتدارانەی كە نەك بەتەنیا خەڵكیان بێ متمانە كردووە بگرە لە رابردوودا هیچ بەهایەكیشیان بۆ دەنگی خەڵك دانەناوە، هەر لە دزی و فیزی لە كاتی دەنگدان بگرە،  تا بێ بەهاكردنی ئەو دەزگا هەستیارانەی كە خەڵك بەدەنگدان نوێنەری خۆی بۆ هەڵدەبژێرێت.

بێ كاریگەركردنی رۆڵی پەرلەمان لە كوردستان و دواتر داخستنی و تێوەگلاندنی لە ململانێ حزبیەكان،  باشترین نموونەی كاری بەرنامە بۆ كراوی ئەو دەسەڵاتە حزبیەیە كە جارگە سەدەیەكە حوكمی كوردستان دەكات،وە هەمیشەش هەوڵی داوە كە خەڵك متمانەی بە دەسەلاتەكانی یاسادانان و سیستەمی نوێنەرایەتی نەمێنێت، هەرێمی كوردستان نەبێتە هەرێمێكی دامەزراوەیی، چونكە خێر لای ئەوان لە دەسەڵاتی برابەشی حزبی دابووە، هەر بۆیەشە لە ئێستادا دەبینین كە بەشێك لە دەسەڵاتدارنی كوردستان،  قەوانێكی تر لێدەدەن،  ئەویش بەوەی ئەوان دەنگ بێن و دەنگ نەهێنن هەر میركوڕەكەی دەسەڵات دەمێنەوە،  چونكە خاوەنی هێز و شەرعیەتی شۆرشگێڕین.

لەبەرامبەر ئەو كارە بەرنامە بۆ دارێژراوانەی دەسەڵات لە ساردكردنەوەی خەڵك لە بەشداریكردن لە پرۆسەكانی هەلبژاردن،  دەبێت لایەنەكانی تری ناو پرۆسەی سیاسی كاربكەن بۆ پێچەوانەكەی، واتا هانی خەلك بدەن كە بەشداری لە هەلبژاردنەكان بكات و خاوەنداریەتی لە دەنگی خۆی بكات، بەم  كارەیان ئەو لایەنانە دوو ئامانجی گرنگ بەدەست دێنن.
یەكەمیان : بریتیە لە خاوەنداریەتیكردن لەو دەنگە ناڕەزایانەی كە تا ئەو ساتە بڕیاری بایكۆتیان داوە، هەروەها   بایكۆتیان پێدەگۆڕن بە دەنگێكی كاریگەری ناو پرۆسەی هەلبژاردن.
دووەمیش: رێگری دەكرێت لەوەی یاری بە دەنگی بایكۆتكراو بكرێت بۆ تەزویر و دەنگدان لە شوێنی ئەوانەی كە بایكۆتیان هەلبژاردووە، لە ڕابردوودا ئەەم شێوازە رێگاخۆشكەر بووە بۆ تەزویر و یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەلبژارن.

دواجار دەڵێین ئەركی قەوارە لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات و میدیاكانە لێرەوە تا رۆژی هەڵبژاردن كاربكەن لەسەر هاندانی خەلك بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەلبژاردنەكان و مەترسی بایكۆت بۆ هەموو لایەك روونبكرێتەوە،وە بشزانرێت كە بۆ كۆمەڵگای ئێمەی تازە و كەم شارەزا لە كلتووری هەلبژاردن بایكۆت چەكێكی بێ كاریگەری هەڵبژاردن دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP