دیموکراسی و هەڵبژاردن

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 5-04-2018 - 1494 جار خوێندراوەتەوە

دیموکراسی و گشت پرەنسیپگەلی پەیوەست بەم چەمکە، لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی خۆرسکی کۆمەڵایەتی یا شۆڕش و گۆڕانکاری جەبریەوە ناهێنە و بەرهەڤکردن و ئەفراندن. یا لە ئەنجامی هەوڵ و کۆششی بێوچان و بەردەوامی نوخبە و چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا، لەوانە ڕۆناکبیران، نووسەران، قوتابیان یا فەیلەسوفەکانەوە لە دایک نابێت و ئاراستە ناکرێت. 


بەڵکو فۆرم گرتنی ئەم چەمک و شێوازە لە حوکمڕانیە، دەرەنجامی هەوڵی هەموو کۆمەڵگەیە بە حوکمڕان و هاووڵاتیانەوە و پڕۆسەیەکە هەمووان لە گەڵاڵەکردن و پتەوکردن و پاراستن و بەرەوپێشەوەبردنیدا بەشدارن.


یەکێک لە مەرجە هەرە گرینگ و بایەخدارەکانی ئەم فۆڕم گرتن و گەشە کردنە،بریتیە لە بوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و هزری لای تاکەکانی کۆمەڵگا. بەو پێیەی مەرجی گەشە و پاراستنی دیموکراسی و پڕەنسیپەکانی زیاتر پەیوەستە بە جۆرو بنەما فکریەکانی ئەو کۆمەڵگایەی تیایدا نشونوما دەکات و ئەو زەمینە هزریەی پێویستە بۆ پاراسستنی و مانەوەی بە بە هێزیەوە.   


یەکێکی تر لەو مەرجانەی پەیوەستە بە گەشەی دیموکراسی و نکۆڵی لێوە ناکرێت، کەشو هەواو فەزاو ئەو کۆنتێکستەیە، ئایدیای دیموکراسی تێیدا گفتوگۆ دەکرێت و بۆچۆنە جیاوازەکان دەخرێنە بەر گەنگەشەو نەشتەرگەری و تاوتوێ کردنەوە.


پەیوەست بەو کۆمەڵگایانەی ساڵانێک بەهۆی شەڕو ئاشوب و دۆخی سیاسی سەخت و ناهەموارەوە گیرۆدەی دەیان کێشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنین، گەشە کردنی هزری دیموکراسی لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا، تا ڕادەیەکی بەرچاو کردەیەکی ئەستەم و ماندووکەرە. 


نەبوونی متمانە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵ و نزم بوونی ئاستی هۆشیاری یاسایی و سیاسی بە گشتی و ئەو نوخبەیەی دوای ڕزگاری نیشتیمانی و ئازادیەوە بە هۆیەک لە هۆیەکانی بابەتی و جەبریەوە خۆیان بە شایستەی بێ ڕکابەری گرتنە دەستی دەسەڵات لەقەڵەم دەدەن و هەموو ئامرازێکی یاسایی و دەستوری و تەنانەت ئابوریش بۆ هێشتنەوەی خۆیان لە هەرەمی دەسەڵات، بەکار دەهێنن، وادەکات دۆخێک بێتە کایەوە، دیموکراسی زۆر بە خاوی گەشە بکات و لە زۆر قۆناغێشدا دووچاری پاشاگەردانی بێت.


لەبەرامبەر ئەمانیشدا کۆمەڵێک ڕەنگە پەنا بۆ هەموو مێتۆد و شێوازێکی نادیموکراسی و نا عەقڵانی و نالۆژیکیەوە بەرن و بیانەوێ بە هەر نرخێک بێت، بەڕەکەی حوکمڕانی لە ژێر پێی دەسەڵاتدارانەوە دەربێنن و بکەونە ململانێیەکی تووند و پڕ لە پشێویەوە و هێندەی تر کۆمەڵگە دووچاری ئاڵۆزیەوە بکەن.


ململانێی دیموکراسی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاند بۆ دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، لە دەرو تەوەرێکی زۆر گرینگ و ژیاریدا ئە خولێتەوە.  هەرچەندە نکۆڵی لەوەش ناکرێت تێکڕای پارت و لایەنە سیاسیەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات سوود لە گشت ئامرازەکانی پروپاگندە و ڕاگەیاندنی نووسراوو بینراوو بیستراوەوە وەردەگرن و بە درێژایی چوارساڵی دەسەڵاتدارێتیانەوە هەوڵی ڕەخساندنی ئەم بارودۆخە ئابوریە، کۆمەڵایەتیە خزمەتگوزاریە ئەدەن، لە کاتی بانگەشەکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، بانگەشەیان بۆ کردوون.


لەم وڵاتانەدا ( وڵاتە پێشکەوتووە پێگەیشتووەکان)، گەل بە لایەوە گرینگ نیە کێ وەزیرە، کوری کێیە، چەند خوشک و براو خاڵۆزاو ئامۆزا و خوشکەزای هەیە و چ جل و بەرگێک ئەکاتە بەر خۆی، کوڕە هەژارە یا کورە دەوڵەمەند و ئاغا زادەیە و  خەڵکی چ دەڤەرێکە و سەربە کام خێڵ و عەشیرەت و ناوچەیە و پلەی خوێندەواری چەندە و تەنانەت سەرەک وەزیران چ ساڵێک لە دایک بووەو ئاستی خوێنەواری چەندە.  یا ئەم بەڕێزە سەر بە کام بنەماڵەیە و تا کو ئێستا لەم بنەماڵەیەدا چەند کەس لە حکومەت  و پاکێجی پۆست و پلە و پایە و دەسکەوتە جۆراوجۆرەکانەوە سوودمەند ( مستفید) بوونە.


ئەڵبەتە ئەم حاڵەتەی کاندیدکردن لە کوردستاندا هەنووکە بۆتە کلتورو تێگەیشتنێکی چەسپاوی فەرهەنگی و هزری و لەکاتی کاندید کردنی خەڵک بۆ پۆستەکانی پەڕلەمان و حکومەت زۆر بە زەقی پێڕەوی لێ دەکرێت و وادیارە هیچ پاشگەز بوونەوەشی تێدا بەدی ناکرێت و بەردەوامی پێدەدرێت.


ئەندام پەڕلەمان و وەزیر هەیە بە هۆی ڕادەی بلیمەتی و ڕاستگۆیی و سەرکەوتنی لە کارەکایەدا بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو، لە چەندین خولی جیا جیادا، پۆست و بەرپرسیارەتی جۆراوجۆری پێ دراوە.


لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەوەی بەلای هاوڵاتی و دەنگدەرانەوە جێی بایەخ و گرینگی پێدانە، سێ تەوەری سەرەکی و پەیوەندیدارە بە ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیانەوە. لەوانە کەرتی پەروەردە، کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاریە تەندرووستیەکان و درووست کردنی دەرفەتی کاری گونجاو بۆ  چینی بێکار.


هەر پارت یا هاوپەیمانێتیەک بتوانێ لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، ڕێکترین، بەرفراوانترین، پڕ متمانەترین و ڕاستگۆترین پرۆگرام پێشکەشی جەماوەر بکات وبکارێ متمانەی دەنگدەرەکان بە لای پرۆگرامی هەڵبژاردنیدا ڕابکێشێ و هەوڵ بۆ جێ بەجێ کردنی بدات (بە بێ دواکەوتن و لە خشتەبردن و چەواشەکاری و درۆو بەڵێنی بێ کردارەوە)، ئەوا لە هەڵبژاردنەکاندا بەختی مسۆگەر کردنی سەرکەوتنی لەوانیتر زیاترە.

بە واتایەکی تر، دەنگدەر لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە پلەی یەکەم متمانە ئەدات بە بەرنامەی حزبەکان، نەک بە کەسایەتی و پێشینەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و شان وباڵ وبەژن و قیافە و ڕابردووی کاندیدەکان و ئەو لایەنە سیاسیانەی لە پشت کاندید کردنی کەسایەتیەکانەوەن. 


مەبەست و ئامانجی سەرەکی لە هەڵبژاردن، دەست نیشان کردنی ئەو دەستەبژێرەیە بتوانێ بە باشترین شێوەو بە پەری ڕاستگۆییەوە خزمەت بە کۆمەڵگا و نیشتیمان بکات و چارەسەر بۆ کەمو کورتیەکان بدۆزێتەوە و کار بۆ فەراهەم کردنی رەفاهەیەتی گشتی کۆمەڵایەتی بکات، نەک دروێنەوەی دەسکەوتە شەخسیەکان.


 بەدەر لەمە هەر پێوەرێکی تر بۆ دەست نیشان کردنی کاندیدەکان لە لایەن حزبەکانەوە، ئامانجی خۆی ناپێکێت و ئەگەری شکستی لە سەرکەوتن زۆر بە هێزترە.  هەر حزبێکیش متمانەی خۆی بە دەنگدەران دۆڕاند و نەیتوانی پردی پەیوەندیەکی بەهێزی متمانەپێکراو لەگەڵ دەنگدەراندا درووست بکات، لە هەڵبژاردنەکاندا سەر ناکەوێ و ئەدۆڕێنێ. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP