خەباتی مەدەنی و ملكەچبوونی حكومەت

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 5-04-2018 - 1646 جار خوێندراوەتەوە

ئەو خۆپیشاندانانەی كە بۆ جارێكی تر لە 25/3/2018 دروست بوونەوە شتێكی كتوپڕ و ئاسایی نەبوو، بەڵكو لە ئەنجامی شكستی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوەبوو بەتایبەتیش لەدوای ساڵی 2014 و راگەیاندنی بڕیاری پاشەكەوت كردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەوانەیە هەتا ئەوكاتە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان زۆر هەستیان بە شكستەكانی حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی هەرێمی كوردستان نەكردبێ‌، یان لە بەرامبەریدا بێدەنگیان هەڵبژاردبێت، بەڵام لە دوای ئەو بڕیارەوە، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتداران هەموو سەروەت و سامانی هەرێمی كوردستان لە نەوت و گاز و هەموو سەرچاوە داراییەكانی تریان بە تونێلێكی رەشدا تێپەڕ كرد، بەڵام بەوەشەوە نەوەستان بەڵكو دەستیان برد بۆ گیرفانی فەرمانبەرانیش، بۆ ئەوەش كە ئەو سیاسەتی پاوانخوازیە بەباشی بڕواتەسەر پەرلەمانیان تووشی شەلەل كرد، حیزبەكانیان ناچار كرد لە حكومەت بچنە دەرەوە، میدیای ئازادیان لاواز كرد رۆڵی كۆمەڵگەی مەدەنیان نەهێشت، ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەم دەسەڵاتە دیعایەی دیموكراسی بوون و فرەیی و كراوەیی دەكات، بەڵام خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستاندا ئێستا گەلێكی هۆشیار و چاوكراوە هەیەو چیتر ناتوانرێت بەو شێوازە نامەدەنی و تاكڕەویانە كۆنترۆڵا بكرێت.

 خۆپیشاندانەكانی ئەم جارە تەعبیرە لەو هۆشیاریە سیاسیەی كە ئێستا لای تاك و فەرمانبەران دروست بووە، پێم وایە ئەمە هەنگاوێكی بۆ دروستبوونی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستاندا، چونكە ئەگەر سەیری دروشمەكانی بكەین هەمووی تەعبیربوو لە خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەو رزگاركردنی دەسەڵاتی سیاسیە لە دەست كۆمەڵە كەسانێك كە ناتوانن بەشێوەیەكی ئیجابی و باش ئیدارەی حوكم بكەن و بەم هۆیەشەوە چارەنووسی نیشتمان و گەلێكیان خستۆتە مەترسیەوەو گەلێكی خاوەن شكۆی خاوەن خەبات و جوامێر و بوێریان لەبەردەم بەغداو دوژمنانی دراوسێدا سوك و بێ‌ ئەرزش و بێ‌ سەنگ كردووە، لەلایەكی تریشەوە لەناوخۆدا سەرەڕای بوونی دەرامەت و سەرچاوەی داراییەكی باش و تەنانەت هاتنی بەشێك لە مووچەش لە بەغداوە، بەڵام جورئەتی ئەوەیان نیە كە كەمێك لە نەهامەتی چەند ساڵەی گەلەكەیان سوك بكەن و كۆتایی بە پاشەكەوتی مووچەی بهێنن. لەبەرئەوەی كە حكومەت خۆی ئەو هەستە نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستیەی نیە و نایەوێت لە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی تێ‌ بگات، كەواتە لێرەوە گەل بەهەموو چین و توێژەكانەوە دێتەوە سەر شەقام و داوای مافەكانیان دەكەن، دەسپێكردنەوەی ئەمجارەی خۆپیشاندانەكان لە جارانی پێشوو جیاوازە ئەمجارەیان فەرمانبەران و گەنجان و هاوڵاتیان بەشێوەیەكی گشتی بەشدارن، هەموویان دروشمی چاكسازیان بەرزكردۆتەوە كە سەرەتاكەی لە كۆتاییهێنان بە بڕیاری پاشەكەوتی مووچەوە دەست پێدەكات.

 بۆ ئەو مەبەستەش بە رێگەی بایكۆتی دەوام و خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەسەر شەقام و تۆڕەكانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا دەستی پێكردووە، ئێستا خۆپیشاندانەكان و داواكانی فەرمانبەران و بێ‌ باكی و بێ‌ وەڵامی دەسەڵات بوەتە جێگەی مشتومڕ و باس و خواسی هەموو خەڵك بە هەموو چین و توێژەكانیانەوە، ئەوەی زۆرتر مایەی دڵخۆشیە ئەمجارەیان جوڵانێكی سەرتاسەریە و لە هەولێر و دهۆك و ناوچەكانی تریش هاوشێوەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان هەموویان بەیەك دەنگ بەرەو رووی دەسەڵات بوونەوەو داوای چاكسازی و باشكردنی گوزەران و بەدەمەوەهاتنی داواكانی هاوڵاتیان دەكەن، هاتنەسەر شەقامی ناوچەكانی هەولێرو دهۆكیش توانی حكومەت ناچار بكات بە وەڵامدانەوە، چونكە درێژەپێدانی خۆپیشاندانەكان و بایكۆتی هەموو سێكتەرەكانی حكومەت خۆی مانای شكست پێهێنان و ئیفلیج كردنی حكومەتە، ئەوكاتەش حكومەت بەناچاری دەبێت گوێ‌ بۆ داوای هاوڵاتیان بگرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو شێوازی مامەڵەی هێزە ئەمنیەكانی هەولێر بوو لەگەڵا خۆپیشاندەران، كە بە زەبری هێز و گازی فرمێسك رێژ و هەڕەشە و لێدان و زیندانی كردن ویستیان ئەمجارەش خۆپیشاندانەكان كۆتایی پێ‌ بهێنن و دەنگی ناڕەزایی كپ بكەنەوە.

 لەراستیدا ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە چونكە وەڵامدانەوەی دەسەڵاتداران بەوشێوەیە و رێزنەگرتن لە كەرامەت و داوای هاوڵاتیان و سوكایەتی كردن بە مامۆستا و فەرمانبەران بەوشێوەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەبینرێت، مامەڵەیەكی نادیموكراسیبوو،بەڵام خۆشبەختانە  نەیتوانی ئاراستەی مەدەنیبوونی خۆپیشاندانەكان بگۆرێت، چونكە دەسەڵات هاو شێوەی جارانی پێشوو حەزی دەكرد كە خۆپیشاندانەكان بە لارێدا ببرێن و دواجار ئەویش بە زەبری هێز كۆتاییان پێبهێنێت، بەڵام لە روانگەی ئەم خۆپیشاندانانەوە دەركەوت كە ئەمە سەرەتایەكی باشە بۆ گەشەكردنی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردوستانداو بە شێوازی خەباتی مەدەنی و دور لە توندوتیژی زۆر باشتر دەتوانرێت فشار بۆ سەر دەسەڵات دروست بكرێت و لە ئەم رێگەیەشەوە هەموو چین و توێژەكان بەدەر لە حساباتی حیزب و ناوچەگەری بێنە مەیدان و داوای مافە ڕەواكانی خۆیان بكەن، دواجاریش بەدەنگەوە هاتنی حكومەت بۆ وەڵامدانەوەی بەشێك لە داواكاریەكانی خۆپیشاندەران ئەو راستیەی سەلماند كە خەباتی مەدەنی و سەرتاسەری باشترین هۆكارە بۆ ملكەچكردنی دە سە ڵات وئەوش سەلمێنرا كە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردوستان لە ئاستێكی بەرزی ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیدان و نایانەوێت ووڵات بەرەو فەوزابروات، بەڵام لە ئاست دواكردنی مافەكانیشیان بێدەنگ نابن و دواجار حكومەتیان ناچاركرد وەڵامی بەشێك داواكانیان بداتەوە . 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP