دەسەڵات لە نێوان نان و ئازادی خەڵك

هیوا سەید سەلیم - 3-04-2018 - 2680 جار خوێندراوەتەوە

  ئەوەی لە خۆپیشاندانی چەند رۆژەی مامۆستایان و باقی فەرمانبەرانی شاری هەولێر جێگای سەرنج و رەخنەی دەسەڵات بوو ، گۆڕینی درووشمی خۆپیشاندەران بووە لە داخوازی پێدانی مووچە و هەڵگرتنی یەكجارەكی پاشەكەوتی مووچە،  بۆ ووتنەوەی درووشمی ئازادی، هەلگرتنی درووشمی ئازادی لای بەرپرسانی حزبی و حكومی،  وا لێكدەدرایەوە كە ئەوە پرسە گۆڕاوە بۆ پرسێكی حزبی بەڵگەشیان هەڵگرتنی درووشمی ئازادی بووە.


  با بێین بزانین بۆچی ئازادی؟ وە  ئایا راستە كە حزبەكان لە پشتی گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكان بوونە و دەستی تێخستووە؟  ئایا مەحكوم كردنی حزب بەوەی بۆی نیە دەستی لە خۆپیشاندانەكان هەبێت قسەیەكی ڕەوایە؟


 یان ئەوەیان زمانێكە كە دەسەلات هەڕەشەی پێ دەكات تا حزبەكان بەروون و ئاشكرا نەتوانن پێشەنگایەتی لە ناڕەزایەكانی چین و توێژەكان بكەن، زۆرێك لەو پرسیارانە پێویستیان بە شیكردنەوە و وەڵامی ڕاشكاوانە هەیە.


  پێش ئەوەی بچینە سەر هۆكاری گۆڕینی درووشمەكان، دێین ئەوە یەكلادەكەینەوە كە ئایا ئەركی حزبی سیاسیە كە داخوازیەكانی خەڵك بگەیەنێت بە لایەنەكانی دەسەڵات یانا؟ 


 گەیاندی داخوازیەكانی خەڵك بە لایەنی پەیوەندار   چەندین ڕێگا و شێواز هەیە، بۆ نموونە لە سیستەمی پەرلەمانی چالاكدا پەرلەمانتار كە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵك دەكەن دەبێتە گەیەنەری ئەو داخوازیانە و سەكۆی پەرلەمان دەكاتە وێستگەی داكۆكی لە داخەوازیەكانی چین و توێژەكان، شێوازێكی تریش بریتیە لە گەیاندنی ئەو داخوازیانە لە رێگای سەندیكاكان و ڕای گشتی، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینیە ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستان بە بەرنامە دەسەڵات كارێكی وای كردووە كە هیچ یەك لەو دوو میكانیزمە نەتوانن ببنە گەیەنەری باشی داخوازیەكانی خەڵك.


  هەموولایەك دەزانین كە قەیرانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان بارە قورسەكەی خستۆتە سەر شانی مووچە خۆران،  لە نێویشیاندا چەند چین و توێژێك هەیە كە زۆرترین قوربانیان داوە، هەر بۆیەشە لە بارودۆخی بەردەوامی ئەو دۆخە سەختە كە رووبەڕووی  ژیانوگوزەرانی خەڵك بۆتەوە،  وە لە غیابی چارەسەری گونجاو لە لایەن بەرپرسانی هەرێم، هەروەها گوێنەگرتن لە داخوازیەكانی خەلك و كۆسپ درووستكردن لەبەردەم چارەسەری ئەو دۆخە لەنێو پەرلەمان و ناكارابوونی سەندیكاكان، دەبینین  خەڵك دەرژێتە سەرشەقام و داوای مافەكانی خۆی دەكات.


  ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە ئایا بە رژانە سەرشەقامی خەڵك و بەردەوامی دان بە خۆپیشاندانەكان حزبەكان لەكوێی ئەو ڕەوشە دەبن؟ 
 دەبێت بووترێت كە ئەوانەی كە تا ئەمرۆش پێیان وایە نابێت حزبەكان ئەو دۆخە بقۆزنەوە و تێكەڵاوی داخوازیەكانی خەڵك بن ئەوا بە هەڵەداچوون و لە ململانێی درووستی حزبەكان تێناگەن، چونكە لە ئەساسدا وەزیفەی حزبە كە  چاودێری ئەدای دەسەڵات بكات و كێماسیەكانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە و لێی لە هەڵابدات ، دووەمەیش دەبێت حزب پێشنیا و پرۆژەی هەبێت بۆ چارەسەری قەیرانەكان كە ئەمەشیان لەو ڕێگایانە دەخرێنە روو كە پێشتر باسمانكرد(پەرلەمان – سەندیكاكان) دواجار لە رێگای ڕای گشتی و خۆپیشاندانیش.


لەو بارەیەوە زانای بواری زانستی سیاسی ( دیڤید ئیستۆن) نەزەڕیەكی زۆر روونی هەیە كە لەوێ باس لە رۆڵی حزب و رێكخراوەكان دەكات بۆ گەیاندنی داخوازیەكانی خەڵك، بە خوێندنەوەی ئەو نەزەڕیە كە بە (مدخلات و مخرجات) ناسراوە لەوە تێدەگەین كە نەك هەر ڕەوایە حزب بچێتە پشت داخوازیەكانی خەڵك بكرە ئەوە ئەركی سەرەكی حزبی سیاسیشە.


 كە ئەو ئەركە لە حزبی سیاسی دەسەنرێتەوە و هەوڵیش دەدرێت خۆپیشاندەر جا مۆماۆستا بێت یان فەرمانبەر بێ پشت و پەنا و ڕابەر بێت ئازادیەكان قەتیس دەكرێن و فشارەكان بۆسەر خوپیاندەر رۆژبەرۆ زیاددەبن، لێرەدا تێدەگەین ئەوە خودی دەسەلاتە كە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە خۆپیشاندەران درووشمەكانیان لە داخوازی مووچە بۆ ئازادی بگۆڕن، چونكە هەمیشە وایە ئەوە داوادەكەی كە لێت زەوت دەكرێت، بۆیە دەسەڵات بە زەوتكردتی ئازادیەكانی خەڵك لە داخوازی ڕەوای  دابینكردنی مووچەی شایستە چین و توێژەكان هاندەدات درووشمەكانیان بگۆڕن و داوای نان و ئازادی بكەن،  وەك ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوو لە هەولێر خۆیشاندەران داوایان دەكرد.



ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP