بەپەلە

زوحاكە مۆدێرنەكانی كوردستان

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 28-03-2018 - 1757 جار خوێندراوەتەوە

كورد زۆر لە مێژە بەدەست تاكڕەوی و دیكتاتۆریەت و چەوسانەوەی نەتەوە باڵا دەستەكانەوە دەناڵێنێت، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵا و هەر لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتە گەورەكانەوە درێژەی هەبووە هەتا ئێستا، لەبەرئەوەش كە كورد وەك نەتەوە نەیتوانیوە لە چوارچێوەیەكی ناسیونالیستیدا وێنای خۆی بكات ، پشتی بە جۆرەها ئەفسانە بەستووە، وەك هەموو ناسیۆنالیستەكانی تر بۆ چەسپاندنی بوونی نەتەوەیی خۆی، لەم سەردەمەشدا كە كورد خاوەنی جۆرێك لە حوكمڕانی خۆیەتی لە باشوری كوردستاندا، دەسەڵات و تەنانەت زۆر لە پارتەكانی تریش لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنیانەوە هەر دەیانەوێت ئەو ئەفسانە مێژووییە دووبارە بكەنەوەو تەنانەت لە قوتابخانەكانیشدا هەربەهەمان شێوە دەخوێندرێت كە نەورۆز رۆژی سەركەوتنی كاوەی ئاسنگەرە بەسەر زوحاكی خوێن رێژ و مرۆڤ كوژ و ستەمكاردا، بە دووبارەكردنەوەی ئەم چیرۆكە ئەفسانەییەش ئەوە لەبیر خەڵك دەبەنەوە كە ئەوەی دەسەڵاتداران لە هەرێمی كوردستاندا بە گەلی كوردی دەكەن زۆر ناهەموارتر و خراپترە لەوەی كە زوحاك زوو بە گەلی كوردی كردووە، چونكە لە سەردەمی زوحاكدا ئالیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات زۆر سادە و ساكار بووەو تەنها وێنەی روون و بەرچاوی كوشتنی گەنجان و مژینی خوێنەكەیان بووە لەلایەن مارەكانی سەرشانیەوە، بەڵام ئەگەر سەیری زوحاكەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بكەین، كۆمەڵە بەرپرسێكن كە پشت بە پێشكەوتنەكانی مۆدرێنە دەبەستن و بەسود وەرگرتن لە بەرهەمەكانی سەردەمی بەجیهانی بوون زانست و تەكنۆلۆژیا و هەموو شتەكانی تر بەكار دەهێنن، سەرەڕای بواری ئەمنی پێشكەوتوو هۆكارەكانی چاودێری و سزادان و ئەشكەنجە هەروەها لە بواری سیاسیشدا سود لە هەموو تیۆرە سیاسیە پێشكەوتووەكان دەبینن لەپێناو قۆرغ كردنی دەسەڵات و سەپاندنی هەژموونی سیاسی و كۆنترۆڵكرنی تەواوی كۆمەڵگە لە رێگەی رێكخراوەكان و پارتە سیاسیەكانینان و میدیاو یانە و كۆمەڵە و تۆڕەكانی تری بواری كۆمەڵایەتی.

لەلایەكی ترەوە سەرەڕای بوونی ئەو هەموو سەرچاوە ئابوریە گرنگانەی وەك نەوت و گازو دەیان جۆر كانزای گرانبەها، بەڵام ئەمانە هەمووی لەلایەن تۆڕێكی ئاشكرا لە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار دەستی بسەردا گیراوەو بە پرۆسەیەكی گەندەڵی ئاشكرا بەرەو شوێنێكی نادیار دەبرێت، ئەگەر لە رابردوودا دوو مارەكەی سەرشانی زوحاك خوێنی گەنجانیان دەمژی، بەڵام لە ئەمڕۆدا گەنجان تووشی گەورەترین ریسوایی كراون لە بێ‌ كاری و خراپی گوزەران و نەبوونی پلانی خستنەگەڕی تواناكانیان، بەم هۆیەشەوە سەدان هەزار گەنجی ئەم وڵاتە لەبەردەم مەترسی نەخۆشی دەروونی و شكستی سایكۆلۆژی و بێ‌ هیوایی ژیان بەسەر دەبەن.

ئەم زوحاكانەی ئێستا هیچ پلانێكیان نیە بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵگە و بوژاندنەوەو دانانی پلانی ستراتیجی بۆ پێشكەوتنی هەمەلایەنە، بەڵكو تەنها مەبەستیان بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیانە، هەتا لەم رێگەیەوە زیاتر ئاستی پارەكانیان بەرز بكەنەوەو زیاتر لەناوخۆو دەرەوەدا گەشە بە ئاستی دەوڵەمەندی خۆیان بدەن، ئەم زوحاكە مۆدێرنانە، هیچ خەمێكی ئایندەی سیاسی گەلەكەیان نیە و هەر رۆژە بە بیانویەك خاكی كوردستان تەسلیمی دوژمنان دەكەن و رێكەوتنی ژێربەژێر ئیمزا دەكەن و لەپێناوی مانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵات هەموو جۆرە سازش و سەرشۆڕیەك قبوڵا دەكەن و هەموو ئەمانەش لەسەر حسابی زەلیل كردنی زیاتری گەلەكەیان تەواو دەبێت، بەتایبەتی لەڕووی دابەزاندنی ئاستی مووچە و خراپتركردنی باری گوزەران و بێ‌ هیواكردنی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە. كەواتە دەبێت ئەو راستیە بزانین كە مێژووی زوحاكەكان زۆر لە رابردوو خراپتر گەڕاونەتەوە، ئەم زوحاكانە مێژوو و كولتور و سیاسەت و دین و هەموو شتێكی كۆمەڵگە هەراج دەكەن و لەلایەن ئەوان شتێك نیە بەناوی نیشتمان و نەتەوەو شوناس و سەربەخۆیی و ئازادی و مافەكانی هاوڵاتی.

كەواتە لێرەوە نەورۆزیان كردۆتە بەستەڵەكی زیندان و كوردستانیان كردووە بە گۆڕستان و گەنجانی كوردیان وەك قەرەج پەرتەوازەی وڵات كردووە و هەزارانیان دەكەونە بەر مەترسی لەناوچوون و سوكایەتی پۆلیسی وڵاتان و بێ‌ هیوایی و رۆیشتن بەرەو مەرگ.

كەواتە لێرەدا هەموو گەنجان و چین و توێژی كۆمەڵگای كوردی دەبێت ئەو راستیانە بزانن و بە هۆشیاریەكی نوێوە مامەڵە لەگەڵا ئەم دۆخەدا بكەن و پلان دابنین هەتا بگەنە نەورۆزێكی تر و ئاگری رۆژێكی نوێ‌ بكەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP