بەرهەم ساڵح: سیاسییەک بۆ قۆناخێکی دژوار یاریزانێک لە کێشی قورس

بەهرۆز جەعفەر - 27-03-2018 - 2441 جار خوێندراوەتەوە

ئیشی ئەم وتارە ئەوەیە ڕوئیایەک نیشانی جەماوەرێکی سەر لێشێواو بدات، تەنانەت هاوکاری دروستکەرانی بڕیاری سیاسیی لە "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەری" بکات لە بینا کردنی ستراتیژ و خیتابی سیاسیی خۆیاندا، ئەوەش لە چەند ڕوویەکەوە: 

یەکەم: بە ڕەهایی هەموو هێزەکانی سەر ساحەی سیاسیی کوردستان بەشێکن لە کوشتنی ڕوئیا و دروستکردنی قەیران لە کوردستان دا، مێژووی نزیکی یەکێتی ئەگەر بە بوێری دەستی بۆ ببەی سەتا سەتی سەروەرییەکانی ئەگەڕێتەوە بۆ کاراکتەرێکی وەک "بەرهەم ساڵەح"، یەکێتی بێ بەرهەم ساڵەح یانی فەوزایەکی دەروونی و کۆمەڵێ سەروچاو کە تەنها ئیشیان ئەوەیە یەکتری بەدارو بەرددا بدەن!. لە ساڵی (۲۰۰۱) ەوە هەرچی کراوە بەرهەم ساڵەح کردویەتی، زانکۆی ئەمریکی کە هەزاران گەنجی ئەم نیشتیمانەی کرد بە خاوەن کەسێتی و پرۆژەی خۆی، پرۆژەی تواناسازیی کە هەزاران گەنجی خێر لە خۆ نەدیوی گەیاندە ناوەندە زانستییەکانی جیهان، جیاکردنەوەی دەستی حیزب لە بازاڕو زانکۆ بەرهەم ساڵەح کردی کەچی ئێستا زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکان بونەتە بارەگای ئەمنی نەک حزبیش!.

بڕینی بودجەی ڕێکخراوە دیموکراتی و پیشەییەکانی حیزب کە ڕقی لە ناخی چەندین بەرپرسی حیزبیدا لەو کاتەوە تا ئێستا دژی "دکتۆر بەرهەم" دروستکردووە، کردنەوەی فڕۆکەخانەی سولەیمانی و دابین کردنی مووچە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و.... زۆر بواری تر.

لە هەمووی ئەولاتر بۆ یەکەمجار "بەرهەم ساڵەح" پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپاو دەوڵەتانی درواسێ گەیاندە ئاستێکی باڵا، کەچی دوای بەرهەم ساڵەح هەموو ئەمانە تێکدرانەوە.

لە ماوەی ساڵی (۲۰۰٦ بۆ ۲۰۱۱) ەوە تا ئێستاش نزیکەی (۲۷٥۰) ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی لەناوچەی سولەیمانی و دەوروبەری لەسەر دەستی پیاوە سپیەکەی کوردستان "جەلالی سام ئاغا" سەرۆکی ئەوکاتی دیوانی چاودێری دارایی ئامادەکراوە، بەندە بە قەد بناگوێ هەم لە سەرۆکی دیوان و هەم لە پاراستنی شکۆی دەستگاکەوە نزیکم (بووم)،  یەک دانە لاپەڕەی گەندەڵی لەسەر بەرهەم ساڵەح تیا نییە، لە کاتێکدا سەدان بەرپرسی یەکێتی و گۆڕان لە گەندەڵییەوە گلاون و ناوەکانیشیان لای داواکاری گشتی هەیە، تیایدا خودی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بەگەندەڵی و زیادەڕەویی بە ماڵی گشتیەوە بەڵگەو دۆکیۆمێنتی لەسەرە. 

دووەم: قەیرانەکانی کوردستان و مەترسییە دەرەکییەکان کە بەخێرایی ڕو لە هەرێمی کوردستان ئەکەن، بە تیمی بەهێز و ناسراو و لیبراڵی وەک "بەرهەم ساڵەح" نەبێت مەحاڵە چارەسەر بن، ئەوە گۆڕان ڕوئیایەکی سیاسی ئەوتۆی نییە لە دوای کۆچی کاک نەوشیروان و بەشێکن لە تەوریسی سیاسیی و حیزبی بنەماڵەیی کلاسیکی لە ناوچەکە، بگرە بە دەم تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە خەون و ڕۆحیەتی "گۆڕان" یان لە کۆمەڵی کوردیدا کوشت، ئەوە یەکێتی جگە لە کوشتنی ڕۆژنامەنووس و شەریکە بەشکردنی داهاتی کوردستان تەنانەت ناتوانن کۆبونەوەیەک بۆ خۆیان بەسەرکەوتویی بکەن چ جای کۆنگرەیەک بۆ نوێبونەوە، ئەوە پارتی بە ئاشکرا بێدەربەستە بەرانبەر بۆگەنبونی سیاسەت لە کوردستاندا. 

کورد پێویستی بە ڕوئیایە، کە دیدگایەکی هەبوو ئیتر کێشەکان هەرچەندە قورس بن چارەسەری ئاسانە، قەرزەکان هەرچەندە قەبەو زۆر بن ئەدرێنەوە، لێرەوە زۆر ئاساییە "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری"کۆمەڵگەی کوردی و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان لە دەوری گردبنەوەو کار بۆ سەرخستنی بکەن، بۆ نا...
هیچ لەو قسەیە بێ ماناتر نییە کە ئەڵێن "دکتۆر بەرهەم ساڵەح" کەسێکە پێشوتر تاقی کراوەتەوەو....فڵان و فیسار پۆستی هەبووە، ئەردۆگان لە تورکیا لەگەڵ "نەجمەدین ئەربەکان" چوار حیزبی تاقی کردەوە "حیزبی  نیزامی نیشتیمانی" و "حیزبی سەلامەی نیشتیمانی" و "حیزبی ڕەفاە" و دواتر " حیزبی فەزیلە" و ماوەیەکی کەمیش لە "حیزبی سەعادەت" دا بوون، ئینجا لە کۆتاییدا ئەردۆگان و هاوڕێکانی  کە پێشوتر لە حیزبی فەزیلەو حیزبی سەعادەت بوون "پارتی دادوگەشەپێدان- ئاکەپە" یان لە (۱٤ی ئابی ۲۰۰۱) دا پێکهێناو ئەردۆگان کە پێشوتر سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بوو بوو بە سەرۆکی ئاکەپە. دوای دروستبونی ئەم ڕەوتە تازەیە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا  لە (نۆڤەمبەری ۲۰۰۲) ئەردۆگان و حیزبەکەی سەرکەوتنێکی بێوێنەیان لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمارکرد.

ئەو ڕۆژەی ئاکپارتی و ئەردۆگان دەستەڵاتیان گرتە دەست کەس نەیوت ئەمانە واو وایان کردووە پێشوتر، بەمەرجێ لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا (۲۰۰۲) تورکیا لە ئیفلاسی مالی و ئەمنی و سیاسیدا بوو، ئەو ڕۆژانە تورکیا (٤۳۷)  ملیار دۆلار قەرزار بو کە ساڵانە ئەو قەرزانە (٥٫۷) ملیار سوو ئەچووه سەری، لەماوەی تەنها پێج ساڵ دا کۆی قەرزەکان درایەوە و ئابوری تورکیاش گەشەی کرد، تا ئەوەی ناویان نا موعجیزەی ئابوری لە جیهان.

بەرهەم ساڵەح یش سەروەتێکی وایە بۆ کورد ئەکرێت بواری بدرێ و، ڕێگە نەدرێ کەسانێک کە بونەتە پەڵە بەسەر مێژووی سیاسیی کوردەوە دەنگە دەنگ دروست بکەنەوەو، خەڵکیش ئەوە تێ بگەن کە لەم نوسینەدا هاتووە.

خاڵی لەمە گرنگتر ئەوەیە خەڵک و حیزبەکان لە خۆیان بپرسن ئێستای (۲۰۱۸) سەرچاوەی داهات و هەناردەی نەوت زۆره یان ئەو ساڵانەی بەرهەم ساڵەح ئیشی ئەکرد؟. ئەی بۆ خەڵک برسییەو هەڕەشەی جۆراو جۆریش لەسەر ژیانی هەیە ئێستا؟. چونکە سیاسیەکانی کوردستان و کۆی هێزەکان هیچ یان بەرهەم نە هێناوە جگە لە قسەکردن ڕوئیا یەکیان نییەو نەبووە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP