کێ هەنگاوی سێهەم دەنێت؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 26-11-2016 - 12161 جار خوێندراوەتەوە


سلێمان عەبدوڵا یونس 

ئێستا دوای ئەوەی بارزانی دەسپێشخەری کرد و هەنگاوی یەکەمینی هاویشت و گۆڕانیش بەرپرسیارێتی نواند و وەڵامێکی ئەرێنی دایەوە، ئیدی یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بەرپرسیارێتیەکی سێ قۆڵی گەورەیان لەسەرشانە.

ڕاستە پارتی و گۆڕان بەرپرسیاری یەکەم و دووەمی دۆخەکەن، بەڵام ئەو سێ هێزەش وەزیفەیانە دلێرانەتر خۆیان بنوێن و هەوڵبدەن لەڕۆڵی نێوەندگیری لاواز بێنەدەر و میکانیزمی لەیەکتری تێگەیشتنی گۆڕان و پارتی وردتر و ڕێگاکانی چارەسەر و بەیەکتری گەیشتنیان کورتر بکەنەوە و هەنگاوی سێهەم بنێن.

ئاخر لەکاتی خۆیشیدا، خۆ یەکێتی دەیتوانی، بەهاوکاری کۆمەڵ و یەکگرتوو، ڕۆڵی گەورەتر بگێڕێت وگەمارۆی گەورەبونی قەیرانەکان بدات. چونکە ڕاستە ئەوە پارتی بوو پارلەمانی پەکخست و خراپەکەی هەڵبژارد، بەڵام خۆ یەکێتیش دەیتوانی دەنگ هەڵبڕێ و لەکاتی خۆیدا باشەکە هەڵبژێرێ.

ڕێکەوتن چارەسەرە و سازان سەرکەوتنە و تەبایی ماکی بردنەوەیە بۆ هەموان. چونکە بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، هەریەکێک لەهێزەکان، خەریکە شتێکی گەورەتریان لەدەست دەچێت لەوەی بەدەستیان هێناوە. پارتی قەزیە گەورەکە و گۆڕان خواستە گشتیەکە و یەکێتی شوناس و ئیسلامیەکانیش ئیمان و هەموشیان ڕەزامەندی خودا و دەنگی خەڵک.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP