مامۆستا گیان

دانا هەڵەبجەیی - 27-03-2018 - 2011 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لەو دەنگە پڕ جۆش و خرۆش و بێگەردی منداڵانەی کە هەمیشە لە یادی منداڵێم، وەک بروسکەیەکی نەرم، وەک ئاوازێکی خودایی، وەک شەپۆلێکی شل و مل، لە گوێمدایە؛ وشەی مامۆستایە، بەڵام بە دەنگی هاوپۆلەکانی منداڵیم کە پێکەوە بەڵام بە جودا، بە نەرمی و بە قیژە و بە ئەسپایی و بە بڵندی کە ئەمانووت: ( ماسا، ماسا، مۆستا، مامۆستا). ئەوکاتەی کە ئەمانویست وەڵامی پرسیارەکەی مامۆستا بدەینەوە.


کاتێک کە وەڵامی پرسیارێکی مامۆستامان ئەزانی، وامان ئەزانی دڵی دایک و سۆزی باوک ڕازی ئەکەین، کاتێک کە مامۆستا بزەیەکی پەسەندمەنی بۆ ئەکردین، وامان ئەزانی؛ ئاسمان ئامێزی خۆشەویستی بۆ کردوینەتەوە، زەوی هەمووی بووە بە یەک پارچە نێرگزەجار و بۆنی بەهاری لێئەهات.


ئەو ڕۆژەی دڵی مامۆستا خۆش بوو، یا دڵی مامۆستامان خۆش و شاد ئەکرد، تا ئەگەیشتینەوە ماڵەوە، هەموو شتێک پێئەکەنی، هەموو زارێک خەندان بوو؛ لە فەراشە توڕەکە و نۆکاوفرۆشە ناشیرینەکەوە تا ئەگاتە، بەقاڵە  قەڵەوەکە و قەساپە سمێل پان و دراوسێ شیکپۆشەکەی گەڕەک، هەمووی لەبەرچاومان ئەبوونە شارلی شاپلن و بەڕوماندا پێئەکەنین،،،،.


مامۆستا گیان، دونیایەکی جوانیان بۆ مناڵیمان دروست کردبوو، لەهاویندا و لە دەرەوەی قوتابخانە بمانبیننایە، لە هەزار کون خۆمان ئەشاردەوە، نەک لە ترسا، بەڵکو لە بەر ئەوی نەوەک لە شوێنێک و لە دۆخێکی نەشیاودا بین و دڵی مامۆستامان لی بڕەنجێت.


لە باوک و دایکمان زیاتر ڕێزمان لە مامۆستاکەمان ئەگرت، ئاخر ئەو نەک خۆشەویستی پێ ئەبەخشین، فێری ئەکردین، پەروەردەی ئەکردین، ئومید و هێوای پی ئەبەخشین، ئایندەی بۆ ئەهێناینە ناو پۆلەکەمان، لەسەر تەختە ڕەشەکە دونیایەکی سپی بۆ ئەنوسینەوە، لە سەر کورسیە ڕەقەکەی ژێرمان، نەرم و نیانی و پەشمەکی پێ ئەبەخشین،،.


کە گەورەش بووین، تاکە ئارەزومان ئەوە بوو، مامۆستاکانمان ببینین و پێی بڵین؛ مامۆستا گیان، تۆ مامۆستای من بوویت، ئەها کە پیاوێکی چاک و کەسێکی وا دەرچووین کە جێی ڕەزامەندی و جێی چاوەڕوانی تۆ بووین،،، ئەها مامۆستا ڕەنجمان بە فیڕۆ نەدایت، ئەها تۆ ئێمەت کردووە بە چ مرۆڤێکی سەرکەوتوو.


یادگاری مناڵی هیچ مناڵێک بێ بوونی مامۆستایەکی گەورە و جوان، بە یادگاری ئەژمار ناکرێت. کە دەباشیر، تەختەسڕ، بۆنی لاستیکی هێڵکوژێنەوە و سۆبەی ناو پۆل، پەنجەرە و دەرگای خوێندگە، گۆرانی و سرود و پشکنینی حەوشەی خوێندنگە و ڕاکردن و یارکردن و وێنەی ناو پەرتوکە بەرگ نایلۆنییەکان و ،،،، دێنەوە یادمان، مامۆستا جوان و گەورەکەمانی لەگەڵدا ئامادە ئەبێت.


بە داخەوە ئێستا شکۆ و سالار، پلە و پایە، ڕێز و بەرزی مامۆستایان هێناوەتە ئاستێک، شەرم لە منداڵی و هەرزەکاری و ئێستای خۆم ئەکەم، کە نەمتوانبێت ڕۆژێک مافی مامۆستاکانم بکەمەوە و سوپاسیان بکەم.


ئەو بێ ڕێزییەی ئەمڕۆ ئەو ئاسایشەی هەولێر بە مامۆستای کرد، وە ئەوەی  کە حکومەتی نادادپەروەر و شکستخواردووی هەرێم، بە مامۆستایانی ئەکات، شکۆ و حورمەت و فراز و فەرهەنگی مرۆڤی کوردی، شکاند و لە ناوی برد؛ بە کەس پەسەند ناکرێت.


هەر بۆیە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ و پایەی بڵندی مامۆستا و دکتۆر و فەمانبەر و هاوڵاتی، جگە لە هەڵگەڕانەوە و لەناوبردنی ئەو سیستەمە دەسەلاتدارییە، هیچ چارێکی دیکە نییە.


بۆ ئەوەی بەها و نۆرمی جوانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی کوردی بگەڕێنینەوە، پیویستە هاودەنگ بین لەگەڵ مامۆستایان.


ئەوان کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەوار و جاهیل، هاوڵاتییەکی نەخۆش و زەلیلیان ئەویت، بۆیە کارێکی وا ئەکەن کە مامۆستا و دکتۆر و فەرمانبەرانی تەندروستی نەچنەوە سەر کار.


بێ مامۆستا، میللەت نەخوێندەوار ئەبێت، بی دکتۆریش، میللەت نەخۆش ئەبن، ئەوسا ئەمانیش با ئاسانی ئەتوانن لەو دووانە کۆیلە دروست بکەن. هەر بۆێە نابێت هاولاتی کوردستان بەم دۆخە دروستکراوە و بەم پلانە ژەهراوییە ڕازی بێت.


بمبورە مامۆستا گیان،،،.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP