ئەمریکا وەک مشەخۆرێک لە رۆژھەڵاتدا

نەبەز گۆران - 18-03-2018 - 5998 جار خوێندراوەتەوە

ھیچ دەوڵەتێک لە رۆژھەڵاتدا ناتوانێت بە وێنەی دۆست، وێنای ئەمریکا بکات. لەگەڵ ھاتنی سیستەمی سەرمایەداری بۆ رۆژھەڵات، مشەخۆرێکی زلھێزی لەگەڵ خۆیھێنا. ئەم زلھێزە مشەخۆرە جیھانی رۆژھەڵات بە بازارێک دەبینێت، ھەندێکجار ئەم بازارە لەرێگای ھەڵگیرسانی شەڕەوە دەستکەوت بەدەست دەھێنێت، ھەندێکجاریش لەرێگای ئاوەدانکردنەوە و بردنی نەوتەوە، لە ھەردوو دیوەکەدا رۆژھەڵات بەھەموو ئیشکالەکانی ناوخۆیەوە دەبێتە بازارێک بۆ مشەخۆرێک، کە زیاد لە سەدەیەکە تارماییەکانی بەسەر گشت دەوڵەتەکاندا بوونی ھەیە و، لەپێناو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی بەو جۆرە بیردەکاتەوە، کە پێویستە بیر بکاتەوە.
ئەکرێت ئیدی ئەو گوتارە کۆتایی ھاتبێت کە (ئەمریکا رزگار کەرە) لەبری ئەوە گوتاری( ئەمریکا بەرژەوەندی ھەیە) ھاتووەتە شوێنی. زۆربەی دەسەڵاتە ستەمکارەکانی سەدەی بیست و، سەدەی بیست و یەک، بریتین لەو دەسەڵاتانەی بەرژەوەندییەکانی ئەم زلھێزەیان پاراستووە و، تا ئەو شوێنەی نەبوونەتە مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی لەگەڵیاندا بووە و، لەو شوێنەش بوونەتە مەترسی بۆی بەجۆرێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ کردون. رەنگە کورد لەناو ئەم نەخشەیەدا زیاد لە ھەموو میلەتەکانی رۆژھەڵات، تەفسیری ھەڵەی بۆ ئەمریکا کردبێت. لەکاتێکدا کورد وەک میلەتێک، ھیچ نەبووە جگە لە کەرەستەیەکی بەکار ھاتوو بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەم زلھێزە مشەخۆرە.


نەخشە کۆنەکەی رۆژھەڵات، واتە: (دەوڵەتەکان) بەو ئاسانییە گۆڕانکاری بەسەردا ناھێت. وەستان بۆ پاراستنی ئەم نەخشە کۆنە مانای نائومێدی کورد نییە، مانای تێگەیشتنە لە بەرژەوەندییە گەورەکان. ھەتا لەم بەرژەوەندییانە تێنەگەین لە نەخشەکانیش تێناگەین. تەفسیری (ئەمریکای رزگار کەر) بە کەڵکی ئەم سەردەمە نایەت و، دەبێت لەبری ئەم تەفسیرە کلاسییکییە بێ بنەمایە، بەرژەوەندی بێتە شوێنەکەی. دوو رووداوی نزیک لە ئێستا بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین، کورد کەرەستەیە بۆ ئەمریکا نەک دۆست.


ھاتنەوەی (عێراق) بۆ ھەرێم، گەرچی بناغەی ھەڵە سیاسیی و ئابوورییەکەی لەو دەستەو تاقمەوە ھات نەیانتوانی لە بەرژەوەندییە گەورەکان تێبگەن، ئەما کردەکە بەشێک بوو لە ویستی ئەمریکا. لەروی ھەڵەی سیاسییەوە ئێمە گەر ریفراندۆمان نەکردایە، ئەم ویستە بەو ئاسانییە جێیەجێنەدەکرا، لانیکەم رێککەوتنێک دەکرا تا بەشێک لە ناوچە دابڕێنراوەکان کورد بیبات بەرێوە، ئەما کردەی ناتێگەیشتنی سیاسیی ریفراندۆم وایکرد لەبری ئەوەی شەرەکەمان لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان بێت، شەڕەکە ھاتەوە بۆ ناو شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و، ئێستا دەبێت بەرگری لە ئیدارەی ئەو دووشارە بکرێت!(گەرپێمانبکرێت) ئەم ھەڵە تێگەیشتنەش لەوەوە سەرچاوەی گرت، ئەو تاقمەی کەمپینی ریفرۆاندۆمیانکرد (ئەوانە نا کە دەنگیاندا، چونکە دەستەی کەمپین خاوەن ھەڵەکەن، نەک دەنگدەران) پێیانوابوو ئەمریکا دۆستی کوردە! لەکاتێکدا ئەمریکا بەپێی بەرژەوەندییەکانی سەیری دیمەنەکە دەکات و، مێژووی ئەم زلھێزە لە رۆژھەڵاتدا بەستراوە بە مشەخۆرییەوە، نەک دۆستایەتییەوە.


رووداوی دووھەم (عەفرینە) ھەر لەو ساتانەی کوردەکان چەپڵەیان لێدەدا ئەمریکا چەک بە رۆژئاوا دەدات، لەو ساتانەدا دنەی سوپایەکی گەورەی دەدا تا بجوڵێت و، بەھۆی گواستنەوەی چەند چەکێکەوە بۆ ھەرێمێکی بچوک، سەرلەنوێ بازارێکی نوێی سیاسیی و شەڕ، لەگەڵ تورکیا بکاتەوە. ھەموو جوڵەیەکی تورکیا دژی رۆژئاوا، کۆتاییەکەی بە رێککەوتنێک دەبێت لەگەڵ ئەمریکا و حوکومەتی ناوەندی سوریا: واتە: بەعس. یانی خزمەتکردن بە نەخشە کۆنەکە و کۆتایی ھێنان بەو وەھمەی کورد، کە پێی وابوو نەخشەکان دەگۆڕێن.


ئەمریکاییەکان تا ئەم چرکەساتەش کە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی باشوور کۆ دەبنەوە، وەڵامی ئەم سێ پرسیارەیان بەلاوە گرنگە:_لەگەڵ عێراقدا دەمێننەوە، برواتان بە کارکردن ھەیە لە چوار چێوەی عێراق_ ھەوڵی جیابوونەوەی یەکجارەکی نادەن. وەڵامی ئەم سێ پرسیارە بۆ رونکردنەوەی ئایندەی سیاسییە. ئەوان نایانەوێت دەسکاری نەخشەکە بکەن، دەشیانەوێت بەشێوەی ئیداری نەرم نەرم، سەر لەنوێ _عێراق_ و سوریا_ بگەرێننەوە ناو ھەرێمەکانی باشوور و رۆژئاوا.


ئەم زلھێزە مشەخۆرە بۆ رۆژھەڵات نە بروای بە ئازادی تاک و میلەتەکان ھەیە، نە بڕوای بە ماف و مافی مرۆڤ ھەیە، بروای بەوەیە لە بازارەکەی ئەودا چەند بەرژەوەندییەکانی دەپارێزی و چەند مەترسیت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی. لەھەرشوێنێکیش باسی ئازادی میلەتەکان و ماف بکات، بێگومان لەو شوێنەدا مەترسییەک لەسەر بەرژەوەندییەکانی ھەیە. ئەمڕۆ کوردەکانی رۆژئاوا لەناو شەرێکی گەورەدان، ھەر ھێزێک پێیوابێت ئەم شەڕە سەرنجی ئەمریکا رادەکێشێت و ھەوڵی چارەسەری دەدات لەبەرژەوەندی کورددا، بێگومان ئەو ھێزە ھێشتا لەوە تێنەگەیشتووە ئەم زلھێزە مشەخۆرەی رۆژھەڵات کوردی وەک کەرەستە دەبینێت نەک ئامانج.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP