هەواڵی ئەمڕۆ

ئامانج لە تێكدانی پەیوەندی هاوپەیمانی و گۆڕان

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 17-03-2018 - 3948 جار خوێندراوەتەوە


هەر هەوڵێك بۆ شێواندنی پەیوەندی نێوان گۆڕان ، كۆمەڵی ئیسلامی ، هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری ، جگە لەوەی خزمەتە بە مانەوەی دەسەڵاتی ستەم و نادادی ، تێكدانی ئامانجی دروستكردنی هاوپەیمانەتی گەورەشە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو سیستمە ناجۆرەی ئێستا ، هەڵبەت گەورەترین ئامانجی نەوشیروان مستەفا دروستكردنی هاوپەیمانەتیەكی بە هێز بوو بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی هەرێم .

ئەركی بزوتنەوەی گۆڕان ، كۆمەڵی ئیسلامی ، هاوپەیمانی ، ئەركێكی قورسە ، بەو پێیەی لە هەولێر بواری هەناسەدانی جیاواز بە تەواوەتی تەنگی پێهەڵچنراوەو رێگە بە ئازادی رادەربڕین نادرێت مەگەر بەو پێكەوە بوونە شتێك بكرێت ، بە بڕوای من دەبوو ئەو سێ‌ لایەنە لە هەولێر بەیەكەوە لیستیان دروستكردبا ، هەروەك دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئەو كارە بۆ دهۆك و هەولێر بكەن ، لە بەر ئەوەی تاكە رێگەیە بۆ شكاندنی تاپۆكە ، پارتی لە سەر ئاستی كوردستان بە هەموو تەزویرو فرت و فێڵێكەوە 38 كورسی هەیە ، خۆی و ئەوانەی دوای كەوتوون زۆر شانازی بەوەوە دەكەن كە حزبی زۆرینەیە ، لە كاتێكا پارتی تەنها لە دهۆك زۆرینەیە و لە هەولێریش لە نیوە كەمترە ، ئەو سێ‌ لایەنە ئەگەر دەنگی زۆرینەی هەولێر بەرن لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمدا ، كەواتە ئەمە بردنەوەیەكی گەورەیە ، لە سلێمانیش سەرەڕای قسەكانی مەلابەختیار كە گوتی كورسیەك بێنین و 100 بێنین ئێمە هەر دەسەڵاتین ، سەرەڕای دڵخۆش بوونی مەلابەختیار بەگەڕانەوەی چەند كەسێك بۆ ئەوەی ئەو ناوی ناوە ماڵە گەورەكەو لە گەورەیی كەوتوە ، بەو پێیەی جێگەی پیاوگەلی وەك نەوشیروان مستەفا ، عومەری سەید عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی و بەرهەم ساڵح و كوردۆ قاسم و هەزاران تێكۆشەری تیا نەما.

نیشاندانی گەڕانەوەی چەند كەسێك لە شكستەوە سەرچاوەی گرتوە نەك لە سەركەوتنەوە ، هەرچۆن رێگە نەدان بە دروستكردنی حزبی نوێ‌ و خۆپیشاندان و جیاوازی لە هەولێرو دهۆك لە ترس و دڵەڕاوكەوە سەرچاوەی گرتووە ،پەلاماردانی شاسوارو رێگری لە یوسف محەمەد و هەڵكوتانە سەر گۆڕان و هەموو ئەوانە نیشانەی شكستێكی گەورەن ، بۆیە بە باوەڕی من هەر هەوڵێك بۆ شێواندنی پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی و گۆڕان بۆ دەرباز بوونی حزبە شكستخواردوەكانی حوكمڕانی و بەڕێوە بردنەو كاركردنە بۆ مانەوەی ئەوان ، جا ئەوە كارەكتەری گۆڕان یان هاوپەیمانی بیكات .

خۆ رەنگە لە ناو هاوپەیمانی و گۆڕانیشدا كەسانێك هەبن لە گەڵ دیدو بۆچوونی یەكتر نەیەنەوەو دژی یەكتربن ، لێ‌ بواردان بۆ ئەوەی ئەو كەسانە ببنە زمانحاڵی ئەو دوو بزوتنەوە سیاسیە ، ئەوە كارێكی خراپ و ناجۆرە ، پارتی و یەكێتی لە 27 ساڵی رابردودا لە 100 كورسیەوە دابەزیوون بۆ 56 كورسی ، واتە نزیكەی نیوەی كورسیەكانیان لە دەست داوە ، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ لایەنەكانی تر ، هەروەها تا ڕادەیەكی زۆریش سەرە ڕای یەكتر تەخوین كردن و جنێو دان بە یەكتر لە ئاستی زۆر بەرزا، بەڵام هیچ جیاوازیەكی ئەو تۆ لە نێوانیاندا نەماوە لە ڕووی فكرو ئایدۆلۆژیەوە ، تا ئەو رادەیەی زۆر جار میرانی و مەلابەختیار ، قوبادو نێچیرڤان دەڵێی یەكترن كە قسە دەكەن.
 كاری هاوپەیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان لە وەگەورەترە لەوەدا كورتبكرێتەوە كە چی لە بارەی نەوشیروان مستەفا ، یان بەرهەم ساڵحەوە وتراو دەوترێ‌ .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP