به‌ مه‌ده‌نیكردنى راپه‌ڕین

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 13-03-2018 - 1934 جار خوێندراوەتەوە


گه‌لى كورد به‌ درێژایى سه‌ده‌ى رابردوو له‌م هه‌رێمه‌دا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى چه‌وساندنه‌وه‌و جینۆساید و له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ى شوناسى دوژمناندا بووه‌، له‌پاش رزگاربوون له‌ كۆلۆنیالیزم و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق و دامه‌زراوه‌كانیشى ئه‌م ره‌وشه‌ هه‌ر درێژه‌ى هه‌بوو، كورد بۆئه‌وه‌ى بوونى خۆى بسه‌لمێنێت و پارێزگارى له‌ شوناسى كورد بوونى بكات له‌ ناوه‌ڕاستى شه‌سته‌كانه‌وه‌ ده‌ستى دایه‌ شۆڕشى چه‌كدارى، له‌وكاته‌شه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار قوربانى داوه‌و تووشى جینۆساید و ئه‌نفال و كوشتار و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندانیه‌كى زۆر بویه‌وه‌، ئه‌م ره‌وشه‌ درێژه‌ى هه‌بوو هه‌تا راپه‌ڕینى 1991، ئه‌وكاته‌ شۆڕش چووه‌ قۆناغێكى پێشكه‌وتووتر كه‌ ئه‌نجامدانى راپه‌ڕێنێكى چه‌كدارانه‌و شۆڕشگێڕانه‌بوو دژ به‌ داگیركه‌رى به‌عس و سه‌رئه‌نجام ئیداره‌یه‌كى كوردى به‌ ناوى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دروست بوو، له‌ هه‌ڵبژاردنى 1992 دا كورد به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كرد و به‌رپرسیارێتى سپارد به‌ دوو پارتى سه‌ره‌كى و له‌وكاته‌وه‌شه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌م دوو پارته‌ هه‌ر له‌ هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵاتدان، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونى 26 سالأ له‌ حوكمڕانى یه‌كێتى و پارتى، ئێستا كورد له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، هاوڵاتیانى كوردستان له‌ خراپترین دۆخدا ده‌ژین و له‌م ساڵیادى راپه‌ڕینه‌شدا ئه‌گه‌ر سه‌یرى تۆڕه‌كانى فه‌یسبوك و تویته‌ر و میدیاكان بكه‌ین زۆرینه‌ى هاوڵاتیان داواى گۆڕانكارى و ریفۆرم و زۆرجاریش راپه‌ڕینێكى تر ده‌كه‌ن، به‌ بیانوى ئه‌وه‌ى ئه‌م هێزه‌ سیاسیانه‌ى كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوون نه‌یانتوانیوه‌ به‌ به‌رپرسیارێتى سیاسیى خۆیان هه‌ڵسن و دواجاریش دۆخێكى سیاسى ناله‌بار و سیستمێكى گه‌نده‌لأ و سته‌مكار و نادیموكرات و بێ پلانیان به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌ له‌ ئێستادا شایه‌نى مانه‌وه‌ نین. به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا به‌ چ شێوازێك جه‌ماوه‌ر روبه‌ڕووى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ببێته‌وه‌، كه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ى كاولكارى و وێرانى و ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌ست بچێت وه‌ك له‌ به‌هارى عه‌ره‌بیدا رویدا؟
ئه‌وه‌ى له‌ به‌هارى عه‌ره‌بیدا رویدا ده‌توانرێت كورد وه‌ك ئه‌زموونێك كه‌ڵكى لێ وه‌ربگرێت، چونكه‌ ده‌بێت بگه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ى كه‌ ته‌نها ئه‌نجامدانى راپه‌ڕین نابێت ببێته‌ ئامانج، به‌ڵكو بوونى پلانێكى سه‌ركه‌وتوو بۆ بنیاتنانى سیستمێكى نوێ و حوكمڕانیه‌كى سه‌ركه‌وتوو دیموكراتیه‌تێكى گه‌شه‌كردوو ئامانج بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش ناكرێت بدرێته‌ ده‌ستى شه‌قام و له‌ شه‌قامه‌وه‌ رابه‌ڕایه‌تى بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكارى بێ ئه‌نجام بوونى راپه‌ڕینیه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى.

ئه‌گه‌ر سه‌یرى هه‌رێمى كوردستانیش بكه‌ین له‌ ماوه‌ى ساڵانى رابردوودا جۆره‌ها شێواز له‌لایه‌ن چین و توێژه‌ جۆربه‌جۆره‌كان و رێكخراوه‌كان و پارته‌ سیاسیه‌كان گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و ئه‌نجامدانى چاكسازى، به‌ڵام هه‌مووى بێ ئه‌نجام بووه‌و له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا كه‌ 26 سالأ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌نجامدانى راپه‌ڕیندا هه‌موو شتێك به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌و گه‌نده‌ڵیش له‌ چڵه‌پۆپه‌دایه‌و حكومه‌ت له‌ لاوازترین دۆخدایه‌و پارته‌ سیاسیه‌كانیش شكستیان خواردووه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ى هه‌ر رێگه‌چاره‌یه‌كدا بۆ رزگاركردنى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان له‌و بارودۆخه‌ى كه‌ ئێستا تیایدا ده‌ژین، كه‌واته‌ ئه‌م قۆناغه‌ زۆر هه‌ستیاره‌و هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كان و ناوه‌نده‌كانى بڕیارو كه‌سانى پسپۆڕ و ستراتیجى ده‌بێت زۆر به‌ وردى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى به‌ پلانێكى ستراتیجیه‌وه‌ بێنه‌ مه‌یدان و ئه‌مه‌ش بكرێته‌ سه‌ره‌تاى هه‌نگاوێك بۆ گۆڕانكارى و چاكسازى و بنیاتنانى سیستمێكى حوكمڕانى چاك له‌ ئاینده‌دا.

به‌ بڕواى به‌نده‌ له‌م دۆخه‌دا هه‌نگاونان بۆ بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى باشترین رێگه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین گه‌لى كورد به‌بێ توندوتیژى بگه‌یه‌نێته‌ كه‌نارى ئارامى و هه‌رێمه‌كه‌ش له‌ توندوتیژى و كاولكارى بپارێزێت و ده‌سه‌ڵاتدارانیش ناچار بكات ئه‌گه‌ر چاكسازیان پێ نه‌كرا كورسى ده‌سه‌ڵات به‌جێ بهێڵن.

كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى خاوه‌نى ئایدیۆلۆژیایه‌كى تایبه‌ت نیه‌ و ته‌عبیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گروپ و چین و مه‌زهه‌ب و توێژێكى تایبه‌ت ناكات، به‌ڵكو به‌ كۆى گشتى كه‌ خۆى بریتیه‌ له‌ سه‌ندیكاكان و رێكخراوه‌كان و یانه‌كان و پارته‌ سیاسیه‌كان و میدیاكاران ده‌بینێته‌وه‌، واته‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ خۆیانى تیا ده‌بیننه‌وه‌و ئامانجى سه‌ره‌كیش به‌رژه‌وه‌ندى گشتیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بوونى هه‌بێت له‌و شوێنه‌دا سته‌مكارى و گه‌نده‌ڵى و دواكه‌وتوویى ناتوانێت ببێت. چونكه‌ ئه‌ندامه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى وه‌ك تاكێكى خۆبه‌خش، خاوه‌نى ئینتیمایه‌كى نیشتمانین، خۆیان به‌ پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خه‌ڵك  و نه‌ته‌وه‌و نیشتمان ده‌زانن، واته‌ له‌لایه‌ك رێگه‌ ناده‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانێكى گه‌نده‌لأ حوكمڕان بن، له‌لایه‌كى تریش رێگه‌ به‌ هیچ پارت و لایه‌نێك ناده‌ن كه‌ خیانه‌ت له‌ نیشتمان بكه‌ن.

رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى وه‌ك حكومه‌تى سێبه‌ر وان كه‌ به‌رده‌وام چاودێرى به‌سه‌ر حكومه‌تى فه‌رمیه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ناهێڵن حكومه‌ت به‌ ئاره‌زووى خۆى حوكمڕانى بكات به‌ڵكو ده‌بێت حكومه‌ت به‌رپرسیارێتى خۆى به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیان و نیشتمان جێبه‌جێ بكات و ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ش نه‌كات، به‌شێوازى جۆراوجۆر له‌ رێگه‌ى مانگرتن و رێپێوان و جۆره‌ها شێوازى تر حكومه‌ت ئیفلیج ده‌كه‌ن و ناچار به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌كه‌ن.
كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى خاوه‌نى پلانى خۆیه‌تى بۆ گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵگه‌ و به‌گه‌ڕخستنى تواناكان و ره‌خساندنى بوارى یه‌كسان بۆ ژن و پیاو و گه‌نج و هه‌موو چین و توێژه‌كان، هه‌تا بتوانن وڵاتێكى خاوه‌ن شارستانیه‌ت و گه‌شه‌كردوو بنیات بنێن وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا له‌ رۆژئاواو هه‌ندێك وڵاتى پێشكه‌وتووى رۆژهه‌ڵاتدا ده‌بینرێت، به‌ڵام پرسیاره‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن هه‌رێمى كوردستان بگه‌یه‌نرێته‌ ئه‌و ئاسته‌و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ببنه‌ ئه‌و هیًزه‌ خاوه‌ن فشاره‌ى كه‌ حكومه‌ت ناچار بكه‌ن به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داواكاریه‌كان و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوو له‌ ده‌سه‌ڵات دوورى بخه‌نه‌وه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌تا پێویسته‌ لیژنه‌یه‌كى هاوكارى به‌ نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى دروست بكرێت، له‌پاشاندا پلانێك دابنرێت بۆئه‌وه‌ى ئه‌م رێكخراوانه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئامانجى هاوبه‌ش كۆبكاته‌وه‌، دواجار ئه‌و ئامانجانه‌ وه‌ك هۆشیاریه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ رێگه‌ى میدیاكان و سۆشیال میدیاوه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ هه‌تا له‌ناو خه‌ڵكدا رایه‌كى گشتى دروست بكات، له‌دواى ئه‌وه‌ پلانه‌كان به‌پێى قۆناغبه‌ندى A و B رێكبخرێت بۆئه‌وه‌ى پلانه‌كه‌ ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى بكرێت و له‌ ئه‌م رێگه‌یه‌وه‌ داواكاریه‌كان بگه‌یه‌نرێته‌ حكومه‌ت و ئه‌و پارتانه‌ى كه‌ به‌شداریان كردووه‌ له‌ پێكهاتنیدا، هه‌تا به‌ده‌م داواكاریه‌كانه‌وه‌ بێت و وه‌ڵامى راست و دروستیان بداته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌كرا، ئه‌وا پلانى B بگیرێته‌ به‌ر كه‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ روخاندنى حكومه‌ت به‌شێوازى مه‌ده‌نى و دوور له‌ توندوتیژى كه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانى په‌نابردنه‌ بۆ سندوقه‌كانى ده‌نگدان، چونكه‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌و به‌ شێوازێكى مه‌ده‌نى و دور له‌ هه‌ر توندوتیژیه‌ك جه‌ماوه‌ر ده‌توانێت سزاى پارته‌ گه‌نده‌ڵه‌كان بدات و له‌ كورسى ده‌سه‌ڵات دوریان بخاته‌وه‌و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تاى گۆڕانكاریه‌و هه‌نگاونانه‌ بۆ دروستكردنى سیستمێكى سیاسى دیموكرات و گه‌شه‌كردو بنیاتنانى و حكومه‌تێكى چاك.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP