پەنجەکەی ماسنجێر

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 13-03-2018 - 1878 جار خوێندراوەتەوە


پەنجەیەکی تەنیاو بێ کەسە....لە سەروو چوار پەنجەکەی ترە....سەربە نیشتیمانی ( دەستە)....بەڵام دانەبڕاوە لەو دەستەی، قورسایی هەموو پەنجەکانی تری خستۆتە سەر شانی خۆیەوە....پەنجەکانی تر قوچاون و دیار نین، بەڵام هێمای یەکبوونن و سەر بەیەک قەوارەن...

دەرکەوتنی پەنجەکەی ماسانجێر لە سەرووی هەموو پەنجەکانی ترەوە، چەندین هۆکارو ستراتیژی دیراسەکراو لە پشت دروست بوونیەوە هەن....ڕۆژی لە دایک بوونی دیار نیە....نەخۆش ناکەوێ...بێ ڕوح و بێ گیانە....بەڵام خاوەنی روحێکی شاراوەی نەمرە...خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و هەڵگری شوناسێکی ئەمریکیە....ئەگەر زانستی تێکنۆلۆژیای ئای تی و شۆڕشی سەرتاسەری تێکنۆلۆژیای زانیاری و جیهانی پەیوەندیەکان و هەوڵ و کۆششی زانست پەروەرانی ئەولا نەبوایە، ئەویش لە دایک نەدەبوو...

ڕەنگی شینە....شین لە زانستی کۆمیۆنیکەیشن، ڕێکڵام و جیهانی پەیوەندیەکان بە ڕەنگی بڕواو متمانە و دڵنیایی ناسراوە...هەڵبژاردنی ئەم ڕەنگە ستانداردە لە لایەن ماسنجێری باوک و دایکە فیس بووک، بە ڕێکەوت نەبووە....هاکەزایی یا بە شێوەیەکی خۆرسک نەهاتۆتە ناو باس وخواس و پلانەکانەوە....بەشێکی سەرەکیش نەبووبێ، یەکێک بووە لە و شتانەی بیری لێ کراوەتەوە لە پڕۆژەکەدا و لە دایک بوونیشی هاوکات بووە لە گەڵ هاتنە سەر دونیای هێماو نیشانە و ئاماژە ئەلێکترۆنیە کانی جیهانی مەجازیەوە...

پەنجەکەی ماسنجێر بێ ڕکابەرە....بێ بەرامبەرە.... هیچ مەبەستێکی شاراوەی ڕووخێنەر و خراپ و نەرێنی لە پشت درووست کردن و ئەفراندنیەوە نیە...دژی پەرتبوونە...بەڵام هەڵگری زۆرترین ماناو مەبەستە بە ئاراستەی گەیاندنی پەیامێک یا دواندن و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی بەرامبەرەوە...

بە پێی زانستی کۆمیۆنیکەیشن ( پەیوەندی کردن) هەر ئاماژەیەک، نیگایەک، وەستانێک، جووڵەیەک ( Bodily Comunicatiom)، هەڵگری زۆرترین پەیامە.... پەنجەکەی ماسنجێریش بەدەر نیە لەم ستراتیژیە و بە دەرکەوتنی لە سەر شاشەی مۆبایل و کۆمپیۆتێرو ئامێرە ئەلەکترۆنیەکانی  ترەوە ئەشێ لەم بوارانەی خوارەوەدا بەکار بهێنرێ:
 گەیشتنی پەیام، سوپاسنامە، ئاگادار بوون، وشیاری، پێزانین و  کورت کردنەوەی نووسین و واز هێنان لە هێماکانی تر و لە هەمووشی گرینگتر، پاشەکەوت کردنی کات و کاردانەوە پیشاندانە لە ساتەوەختە گونجاوو خێراکاندا...

بەکورتی پەنجەکەی ماسنجێر کورت کراوەی زۆر شتە....بە قەوارە بچوکە بەڵام لە ناواخنیدا دەریایەکی بێ بنی پڕ لە مانایە....شوێن گرەوەی نیە....یاسای نیە....بێ دەستوورە....هەرچەندە خاوەنی شوناسێکی ئەمریکیە، بەڵام جیهانیە و سنوربەزێنە....سەری پەل دەی، خیانەت لە پەنجەکانی ترناکات....بێ نووسینگە و سکرتێر و بەڕێوەبەری نووسین ولەشکرێک پاسەوان و دەرگەوان و مامە حەمەو پیاوانی تێهەڵدانە.....تاک و تەنیاو هێمای زیندوو بوون و هەناسە دانە....بێ ئازارو مێهرەبانە....بە سۆزو پەیمانەو هەزاران جاربەکاریش بێت، ماندوو نابێ و لە حاڵەتی کۆڵنەدان و بێ وچانە....



ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP