هەواڵی ئەمڕۆ

بۆچی دكتۆر به‌رهه‌م بۆ به‌غدا پێویسته‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 8-03-2018 - 5878 جار خوێندراوەتەوە

له‌ 2014تا 2017 ساڵانێكی زۆر خراپمان به‌ ڕێكرد ، ساڵانێك كه‌ له‌ باشوری كوردستان عه‌ره‌بانه‌كه‌ سه‌رو خوار ده‌ڕۆی و غلۆر ده‌بووه‌وه‌ ، نه‌ك به‌ ئاراسته‌ی سه‌ركه‌وتن و له‌نگه‌ر گرتن ، هۆكار بۆ ئه‌وه‌ زۆر بوو ، وه‌ك پێویست نه‌ناسینی نوری مالكی و شه‌ڕی شه‌خسی له‌ ته‌كیا ، په‌نا بردنه‌ به‌ر هه‌ڕاجی نه‌وت به‌ بیانوی ئابوری سه‌ربه‌خۆ ، ده‌سگرتنی بێ پرس و ڕا به‌ سه‌ر كه‌ركوكا ، دڵخۆش بوون به‌ هاتن و سه‌رهه‌ڵدانی داعش له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ریفراندۆم و ئه‌و روداوانه‌ش كه‌ به‌ دوایدا هات ، له‌ 25ی 9ی 2017 تا 15ی 10، ڕوداو گه‌لی ناخۆش ڕویاندا ، له‌ 29ی مانگ فڕگه‌كان داخران ، توركیاو ئێران له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌وتنه‌ هه‌ڕه‌شه‌، عه‌بادی فشاری زۆری بۆ كورد هێنا ، دیار بوو خوێندنه‌وه‌ی كورد زۆر كورتبینانه‌ بوو ، نێچیرڤان بارزانی پێداگری له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد عێراق ناتوانێ هیچ بكات ، مامیشی ده‌یگوت حساب بۆ كه‌س ناكه‌ین ، ئه‌نجامی هه‌موو یاریه‌كه‌مان بینی ، چۆن ئه‌م بارو دۆخه‌ وه‌ربچه‌رخێنینه‌وه‌ .

راسته‌ له‌ به‌غدا ستافێكی كوردی هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمارو جێگری سه‌رۆكی پارله‌مان وپارله‌مانتارو وه‌زیرو زۆری تر ده‌گرێته‌وه‌ ، به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هۆی بارو دۆخی هه‌رێم و ململانێی حزبایه‌تی و هتد ئه‌وان هه‌رگیز یه‌ك تیم نه‌بوون و وه‌ك یه‌ك تیم كاریان نه‌كرد ، ئێستاش ئه‌و پرش و بڵاویه‌ به‌رده‌وامه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ تێپه‌ڕێنین ، پێویسته‌ كورد جارێكی تر له‌ به‌غدا تێهه‌ڵچێته‌وه‌ ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ڵبه‌ت به‌ باوه‌ڕی من ناردنی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح بۆ به‌غدا رۆڵی باشی ده‌بێت له‌ وه‌رچه‌رخانی دۆخه‌كه‌ ، به‌ مه‌رجێك لێره‌ له‌ كوردستان پشتگیری هه‌بێت ، نه‌ك كار بۆ سه‌رنه‌كه‌وتنی بكرێ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارو جێگری سه‌رۆكی پارله‌مانیش كراوه‌ .

ئێمه‌ ئه‌گه‌ر واز له‌ ململانێی حزبی و تانه‌و ته‌شه‌ر دان له‌ یه‌كتر بێنین و له‌ سه‌ر پرسی سه‌ره‌كی بوه‌ستین كه‌ مه‌سه‌له‌ی كورده‌ ، لام وایه‌ به‌رهه‌م ساڵح  جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێشتر له‌ به‌غدا بووه‌ و ئه‌زمونی هه‌یه‌ ، له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌و به‌ غداش كه‌سێكی دیبلۆمات و شاره‌زایه‌و دۆست و نزیكی له‌ ده‌ره‌وه‌ش زۆره‌ ده‌كرێت سود له‌و توانایانه‌ ببینرێت ، به‌ تایبه‌ت له‌ ئێستادا كه‌ كورد له‌ عێراقدا به‌ دۆخێكی زۆر هه‌ستیاردا گوزه‌ر ده‌كات .

ئه‌كرێت له‌ ساڵی 2018 به‌ دواوه‌ كه‌مێك ده‌سبه‌رداری ئایدۆلۆژیا حزبیه‌كه‌مان بین و خه‌مه‌ گشتیه‌كه‌ له‌ به‌ر چاو بگرین ، لانی  كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌یران و ناجۆریه‌ ده‌ربچێت كه‌ خۆمان به‌رپرسیاری سه‌ره‌كی دروستكردنین ، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌یه‌ له‌ عێراقدا كار له‌ سه‌ر پرسه‌ سه‌ره‌كیه‌كان بكه‌ین ، پرسی چه‌سپاندنی فیدراڵی ، پرسی مافه‌كانمان له‌ ده‌ستوری عێراقدا ، پرسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و هتد ، بۆ ئه‌م پرسانه‌ش پێویستمان به‌ تیمی شاره‌زاو به‌ هێزه‌ ، چونكه‌ نه‌یاره‌كانمان سورن له‌ سه‌ر كه‌وتنی ئێمه‌ ، ره‌نگه‌ به‌رهه‌م ساڵح شانسی له‌ هه‌موو ئه‌وانی تر باشتر بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ی پێبسپێردرێت .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP