ڕاپەڕین و پاڵتۆکەی گۆگۆل

ئارام قادر حەمەسور - 8-03-2018 - 1864 جار خوێندراوەتەوە


گرنگترین ڕووداوی سیاسی لە کوردستانی باشوردا ڕاپەڕینی ساڵی 1991بوو دژی ڕژێمی بەعس، حزبەکان بە هاوکاری و ئازایەتی خەڵک ئەم ڕووداوەیان دروستکرد. پێش ڕاپەڕین خەڵک چەندین خەونی گەورەی هەبووە  ڕزگاربوون لەدەستی بەعس گەورەترین خەون بوو، دەبینین ئەوکات منداڵەکان ناوییا لێدەنرا ڕزگار یان ئازاد. هەموو ئومێدەکان بریتی بوون لە ڕزگار بوون لە دەستی ستەمکاری بەعس و چونە ناو بەهەشتەکەی بەرەی کوردستانی! دوایی ڕاپەڕین بەماوەیەکی کورت حزبەکان هەڵبژاردنیان کردوو هەنگوینەکەی دەسەڵات و پارە یەکێتی و پارتی کرد بەدژی یەک، شەڕی ناوخۆ لەسەر پارە بوو نەک چەسپاندنی ئومێدەکانی ڕاپەڕین، شەڕی ناوخۆ سەرەتایی نائومێدیەکان بوو.

هۆشی منەی ڤێتنامی دەڵێت بۆ ئەوەی شۆڕشگێرەکان گەندەڵبکەیت غەرقیان بکە لەپارەدا، سەرکەوتنی ڕاپەڕین بەماوەیەکی کورت کوتایی ڕاپەڕین و ئامانجەکانی بوو، وەک علی وەردی دەڵێت سەرکەوتن گۆڕی شۆڕشە، واتا زۆرکات سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان کۆتایی خەون و ئومێدەکانی خەڵکە و سەرکەوتن دەبێتە گۆڕی ئامانجەکان، دەبینین لە دونیاشدا شۆڕشە گەورەکان دوای سەرکەوتن بوونەتەوە جەهەنەم وەک پێش شۆڕش، شۆڕشی فەرەنسا 1789 دوای خۆی ڕۆپسپیری ستەمکاری دروستکرد، شۆڕشی ئۆکتۆبەر 1917ی ڕوسیا ستالینی بەرهەمهێناو  بە ملیۆنان کەسی کوشت، شۆڕشی کوبای چیڤارا و ڤیدڵ کاسترۆ دواتر ڤیدڵ کاستڕۆی کردە ستەمکارێکی گەورەو تامردن کورسی دەسەڵاتی چۆڵنەکرد. لێرەدا سەرکەوتنەکان بونە سەرەتایی ستەمکاریەکی گەورەتر، دەبێت لەپاڵ هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا گومانی ستەمکاریمان هەبێت.

لەئەدەبیاتدا بەچەندین شێوە مەترسیەکانی  ستەمکاری دوای شوڕش و ڕاپەڕینەکان نیشاندراوە، نوسەری بەریتانی ( جۆرج ئۆرویل ) لە ساڵی 1944 ڕۆمانێك دەنوسێت بەناوی (كێڵگەی ئاژەڵان) پاش ڕێگرییەكی زۆر لە ساڵی 1945لە بەریتانیا بڵاو دەبێتەوە، ڕۆمانێكی واقعی مێژووی سیاسییە، ئەم ڕۆمانە باسی شۆڕش و دوای شۆڕش دەكات لە زمانی ئاژەڵانەوە، هەرچەندە ئەم ڕۆمانە گوزارشتە لە شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917ی روسیا و دواتر هاتنە سەر كاری ستالین و كوشتنی ملیۆنان كەس بەناوی شۆڕشەوە، بەڵام ئەم ڕۆمانە وێنادەكرێت بۆ گشت شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی دونیا، لە كێڵگەی ئاژەڵاندا چەندین ئاژەڵی وەك  ( بەرازو مەڕو بزن و كەرو ئەسپ و ماین و مریشك و قەلە ڕەش ) دەژین، بەرازیك خەون بە شۆڕش و ڕزگار بوون لە دەستی مرۆڤ دەبینێت و دواتر بۆ ئاژەڵەكانی دەگێڕێتەوە و دەمرێت، دواتر ئەو خەونە دێتەدی و ئاژەڵەكان شۆڕش دژی خاوەنی كێڵگەكە دەكەن كە مرۆڤە و دەست بەسەر كێڵگەكە دادەگرن، دوو لە بەرازەكان ڕابەرایەتی شۆڕشەكە دەكەن، بە ڕۆیشتنی ڕۆژگار هەنگوینی دەسەڵات بەرازەكان بەرەوفەرمانڕەوای و ستەمكاری و گەندەڵی دەبات،  بەناوی خیانەتەوە دوو بەرازەكە یەكتر تۆمەتبار دەكەن و تادوای بەرازێكیان لە كێڵگە دەردەكرێت و تاكە بەرازێك ڕابەرایەتی كێڵگەكە دەكات، هەرچی حەرامە حەڵاڵی دەكات بەتەنیا بۆ بەرازەكان، بەرازەكان بنەماكانی شۆڕش پشگوێ دەخەن، ئاژەڵەكانی تریش بێ ئیرادەن و تامردن دەبنە كۆیلەی بەرازەكان و خۆزگە بە سەردەمی پێش شۆڕش دەخوازن. ئۆرویڵ نیشانمان دەدات گوڕینی دەموچاوەکان گرنگ نیە و پێویست ناکات بە ڕوکەشەکان بڕوابکەین.

نیکۆلای گۆگۆل ڕۆماننوسی ڕوسی ساڵی 1842 چیرۆکێکی نوسیوە بەناوی (پاڵتۆ)، ئەم چیرۆکە کاردانەوەی زۆری هەبووە تا ئێستاش، بۆیە دۆستۆیفسکی دەڵێت هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆلەوە هاتوینەتە دەرەوە. ئەکاکی پاڵەوانی چیرۆکەکەیە و لە بەڕێوەبەرایەتیەکی حکومی فەرمانبەرە، ئەکاکی خاوەنی پاڵتۆیەکی کۆن و شڕە و ناتوانێت بیگۆڕێت، لەسەر ئەم پاڵتۆ شڕەی دەبێتە گاڵتەجاڕیی هاوڕێکانی، لەژێر ئەم گاڵتەجاڕییەدا ئەکاکی ئەم پاڵتۆیە دەگۆڕێت و پاڵتۆیەکی نوێ بەدروستکردن دەدات لەکاتێکدا ئەکاکی زۆر هەژارە، ئەکاکی پاڵتۆ تازەکە دەپۆشێت و ماوەیەک هەست بەئارامی دەکات، بەڵام شەوێک چەند کەسێک ڕێگە لە ئەکاکی دەگرن و پاڵتۆکەی لێدەسەنن، ئەمەش خەمێکی قوڵ بۆ ئەکاکی دروستدەکات و دواتر کاربەدەستان بەساردیی وەڵامی دەدەنە بۆ دۆزنەوەی پاڵتۆکەی، لەکۆتاییدا ئەکاکی بەم خەمەوە دەمرێت.

ئەم چیرۆکەی گۆگۆل ڕیالیزم و ڕەخنەگرانەیە و بەکۆمەڵگا دەڵێت بە ڕوکەش و ماسکەکان نەخەڵەتێن، لێرە پاڵتۆ هیمایە بۆ دەسەڵاتی سیاسی و کاتێک پاڵتۆکە کۆن و شڕ بووە ئەوا دەسەڵات بێکەڵک بووە، دواتر لەڕێگەی شۆڕش و ڕاپەڕینەوە ئەم پاڵتۆیە کە وێنای دەسەڵاتە  دەگۆڕێت بۆ پاڵتۆیەکی تازەتر بەڵام لە پاڵتۆ شڕەکە خراپتر دەبێت، گۆگۆل نیشانماندەدات دەبێت گومان دروستبکەین بۆ گۆڕانکارییەکان و مەرج نیە گۆڕانکاریەکان لە جەهەنەمەوە بمانبەن بۆ بەهەشت، زۆرکات شۆڕش و ڕاپەڕینەکان جەهەنەمێکی گەورەتر دروست دەکەن. 

دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەک لەڕاپەڕینی کوردستانی باشور ئەوەی دەیبینین جەهەنەمێکی دروستکراوی دەستی حزبەکانە بەتایبەتی یەکێتی و پارتی چونکە کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان کردووە، هەندێ حزبی تریش لە دیوەخانی ئەم دەسەڵاتەدا سەمادەکەن. مایکڵ ڕۆبن دەڵێت ئەوەی سەددام حسێن تەواوی نەکرد لەدوای ڕاپەڕین دەسەڵات تەواویکرد، ئەم دەسەڵاتە ستەمکارێکی تەواوەو مەترسیدارە و بۆ مانەوی خۆی ئامادەیە هەمووشت بکات، وەک مۆنتسکیۆ دەڵێت ستەمکار دارێک لەژێرەوە دەردێنێت بۆ لێکردنەوەی بەرەکەی، لەکۆتایدا ئەم دەسەڵاتەی دوای ڕاپەڕین کەمژدەی خۆشبەختی و ژیانێکی ئازاد و دیموکڕاسی هەڵگرتبوو کەوتە برسیکردنی خەڵکەکەی بەهۆی فەشەلی سیاسەتەکانی و کلیپتۆکڕاسی نەوت، جۆن لوک گوتی کاتێک دەسەڵات گەلەکەی هەژارو برسیبکات  لە ستەمکاری ئەو دەسەڵاتە گومانت  نەبێت.

 ڕاپەڕین بریتی بوو لە گۆڕینی ستەمکار بۆ ستەمکارێکی تر و ستەمکاریی بەردەوامە، لە ئێستادا هەموو خەونەکانی ڕاپەڕین کۆتاییان هاتووە و دەسەڵات بە بۆنی نەوت و دۆلار مەستبووە، دەبێت هۆشیارییەکی بەرز چەکوشێک بدات لە کەلـلەی ئەم دەسەڵاتەو خەبەری بکاتەوە، تاکەکان دەبێت دووبارە خۆیان ئەبدەیت بکەنەوە و گومانی زیاتر دروستبکەن لەسەر دەسەڵاتی دوای ڕاپەڕین، تا ئێستاش بەشێکی کۆمەڵگایە بۆتە دەست و قاچی دەسەڵات، ئاتین دۆلابۆتێ دەڵێت دەسەڵات هیچ نیە جگە لەوەی ئێمە پێمانداوە، دەستمان پێداوە تا بۆکسمان لێبدات و قاچمان پێداوە تا شەقمان لێبدا. پۆست ڕاپەڕین بریتیە لە دەسەڵاتێکی ستەمکارو جیاوازی چینایەتی گەورەی دروستکردووە و کۆمەڵگا و تاکی پارچە پارچە کردووە.
لەیادی ڕاپەریندا باچیتر بەیاننامەکانتان هەوری ڕەشی درۆ دروستنەکات  چونکە ئەزمونی شکستخواردوی دوای ڕاپەڕینتان دیارە، ئەم پاڵتۆیەش شڕ بووە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP