بەپەلە

راپەڕین، نەوت و گەندەڵی!

موئمین یاسین زەڵمی - 6-03-2018 - 1256 جار خوێندراوەتەوە

بیستوشەش ساڵ بەسەر ڕاپەرینی گەورەی گەلی کورد لە باشوری کوردستان دژی ستەم و نادادگەری رژێمی بەعسی عێراقی تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک حکومەتێکی خۆماڵیی ئەرکی ڕاپەراندنی کارەکانی حکومەتداری ئەم هەرێمەی لە ئەستۆدایە.

سەرنجەکانم لەسەر حکومەتداری دوو لایەنەکەی دەسەڵاتە لە ساڵانی پاش ڕاپەرینەوە  چیان هەیە و چیان کردووە؟

سێرچێکی کورت لە هەر وێبگەیەکی ئەنتەرنێتدا بە خێرای وەڵامی ئەم دوو پرسیارەت دەداتەوە، بە نوسینی ناوی (کوردستان) بە زمانی کوردی یان هەر زمانێکیتر لە سێرچی وێبگەکاندا بەرامبەرت دەکاتەوە لەگەڵ هەر دوو وشەی (نەوت) و (گەندەڵی)، کەواتە هیچ سەخت نەبوو دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکان و بە ئاسانی توانیمان وەڵامی خۆمان وەربگرینەوە لەوەی دوو هێزەکە لە دەسەڵاتی خۆیاندا بوونەتە خاوەنی (نەوت) و (گەندەڵی)یان پێشکەشی گەلی کورد کردووە.

ڕاپەڕین وەک رووداوێکی ناوخۆیی کوردی بۆ روانگەی جیهانیی و نێودەوڵەتی پاڵنەری خۆی هەبوو، کە وەک چۆن هانی خەڵکی دەدا بۆ بەشداری فراوان و خۆبەختکردن ئاواش شەرعییەتی نێودەوڵەتی وەرگرت، ئەویش ستەم و زوڵمی لە ڕادەبەدەری رژێم بوو بەرامبەر بە گەلی کورد بە تایبەت کارەساتی (کیمیاییباران و ئەنفال) کە بوونە دوو رووداوی جیهانی و نێودەوڵەتی و سەرنجی دەوڵەتانیان بۆ پشتگیری ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی گەلی کورد راکێشا و بە هۆکارگەڵێکی بەهێزی ناوخۆییەشەوە لە پێش هەموویانەوە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان لایەنە سیاسییەکان راپەرین سەری گرت، بەڵام پاش بیست و شەش ساڵ ئێستا نە سەرنجە نێودەوڵەتییەکان لەسەرمان بەو شێوەیەن و نە هەماهەنگی ناوخۆییش بوونی ماوە، کەواتە بمانەوێ یان نەمانەوێ لە قەیرانێکی گەورەداین و زۆرن ئەو کەسانەش پەشیمانن لە راپەرین و خۆبەختکردن و قوربانیدان.

ڕاپەرین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و ژیانێکی خۆشی گەل کرا بەڵام ئێستا نە ژیان خۆشە و نە سەربەخۆیی وەرگیرا و نە ئازادی و مافی مرۆڤیش بوونیان هەیە، لە جیاتی هەموو ئەمانە (نەوت) هەیە.

نەوت بوویە پێناسەی کوردستانی باشوور بەڵام نەک بۆ خوشگوزەرانی هاوڵاتیان بەڵکو بۆ دەردیسەری و چاوتێبڕینی دراوسێ و وڵاتانی زلهێز، هەر ئەم رۆژانەی یادی ڕاپەڕین دەکەینەوە، (نەوت) کە یەکێکە لە بەرهەمەکانی (ڕاپەرین) خەریکە ژیان لە خەڵکی ئەم هەرێمە دسەنێتەوە! گەورەترین کێشەی نێوان بەغدا و کوردستان کە جاران هەستی نیشتیمانپەروەری بوو و پێشمەرگەکانی کوردستان قوربانییان بۆ دەدا ئێستا (نەوت) تێکیداوە و حزبە بازرگانەکان بوونەتە پارێزەری.

لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە، هوشیاری گشتی بگاتە ئاستێک  و هەموو رێگا مەدەنییەکان بگیردرێنە بەر تا بەرهەمەکانی ڕاپەرین بۆ خزمەتی خەڵک بن نەک بۆ خزمەتی حزب و هەوڵی تەبایی ناوخۆیی بدرێت و گەندەڵ بنبڕ بکرێت و ژیانێکی ئاسودە ببێتە بەشی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی کە خەریکبوو نەوت بمانخنکێنێ!.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP