بەپەلە

کوردستان و پێویستی حوکمی ڕەشید

چیا ئیسماعیل عوسمان - 6-03-2018 - 1170 جار خوێندراوەتەوە

 

به‌شى دووه‌م

وشەی (حوکم) بە واتای پیادە کردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئیدارە کردنی کاروباری کۆمەڵگا و داهاتەکانی، وە گەشەکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی دێت.
حوکم چەمکێکی فراوانترە لە حکومەت، چونکە کاری دامەزراوە فەرمیەکانی دەوڵەت دەگرێتەوە( دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری)، هاوکات کاری دامەزراوە نافەرمیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەتیش دەگرێتەوە، کە ئەم سێ لایەنە پێکەوە گرنگی زۆریان هەیە لە کردەی گەشەپێدانی مرۆیی بە شێوەیەکی بەردەوام، ئەرکی دەوڵەتیش لەم پرۆژەیەدا بریتی یە لە ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی و سیاسی پێویست بۆ ئەم گەشە کردنە.
وشەی (الرشید) لە (معجم الوسیط) دا هاتوە:
الرشید: یەکێکە لە ناوە پیرۆزەکانی خوای گەورە.
الرشید: بەکەسێک دەوترێت کە گەشتبێتە تەمەنی پێگەیشتویی.
هو رشید: واتە کەسێکی پێگەیشتو وە عاقڵ و سەنگینە.
الراشد: پێچەوانەی گومڕایی و ونبون (نقيض الضلال)
کەواتە حوکمی رەشید لە زمانی عەرەبیدا بە مانای حوکمڕانیەکی کامڵ و دروست دێت لە هەمو ڕویەکەوە.

حوکمی رەشید (Good governance ) لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا هاتوەتە کایەوە لەلایەن دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ساڵی دوو هەزارەوە بەکار هاتوە بە مەبەستی زیاد کردنی ڕەهەندە بەهایی یەکان ( أبعاد القیم) بۆ پیادە کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ئیدارە کردنی کاروباری کۆمەڵگاو لە چوار چێوەی پرەنسیپی گەشەپێدان.

پەیوەندی حوکمی ڕەشید و دیموکراتی:
ئەگەر دیموکراتی بە مانای حوکمی گەل بێت، ئەوا دەسەڵات و حوکمڕانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان بەشێوەی نا ڕاستەوخۆ لەلایەن نوێنەرانیانەوە بێت.
دیموکراتیەت کۆمەڵێک بیر و بنەمان کە پەیوەندیان بە ئازادیەوە هەیە، هەندێ مومارەسات و ڕێکاری سیاسی لە خۆ دەگرێت وەک نوێنەرایەتی دادپەروەرانەو هەڵبژاردنی ئازادانەو یەکسانی لە ماف و ئازادیەکانی تاک، لێپرسینەوەو لێبوردەیی.

هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر پێداویستی یەکانی دروست کردنی بڕیار و داڕشتنی سیاسەتی گشتی لە ڕێ ی گرنگی دان و بە توانا کردنی کەرتی گشتی و کارا کردنی ئەو ڕێکارانەی کە دەتوانن چوارچێوەیەک دابنێن بۆ شەرعیەت و توانست لە دروستکردن و داڕشتنی سیاسەتەکان، هەروەها شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و پیادە کردنی دادپەروەری و بەشداری کردنی خەڵک لە ئیدارەو بڕیاڕدا، دوا جاریش لە لێپرسینەوەدا، هەرچەندە ئەم بنەما ڕێکاریانە پێویستی زیاتریان بە بەها هەیە لە حوکمڕانیدا، وەک بەشداری چالاکانەی خەڵک لە دروستکردن و داڕشتنی سیاسەت و جیاکاری تەواو لە نێوان هەرسێ دەسەڵاتدا و وە ڕێز گرتنی بنەما یاسایی یەکان.
واتە دیموکراتیەت هۆکارێکە بۆ گەرەنتی بەشداری گەل لە ئیدارە و حوکمڕانی، بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دادپەروەری بە بێ خۆشگوزەرانی ( الرفاهیە) کە ئامانجی حوکمی ڕەشیدە.

ئەگەر حوکمی دیموکراتی هۆکارێکی سیاسی بێت بۆ بەدیهێنانی ئەجێندای لیبڕاڵیەت، ئەوا حوکمی ڕەشید بریتی یە لەو بەرنامەیەی یان ئەو هونەرەی کە هۆکارەکان بەکار دەهێنێت بە مەبەستی بەدیهێنانی گەشە کردن و بەرەو پێش چونی دەوڵەت لە هەمو کایەکاندا.
سەرئەنجام ناتوانین باس لە حوکمی ڕەشید بکەین بە بێ بونی دیموکراتی، چونکە پەیوەندیەکی وابەستەیی و پتەو هەیە لە نێوانیاندا، حوکمی ڕەشید بنیات نانرێت تەنها و تەنها لە ژێر سایەی بارو دۆخی دیموکراتیدا نەبێت، هەروەها دیموکراتیش پێویستی زیاتر و زیاتری هەیە بە هۆکارەکانی چاکسازی دامەزراوەیی و گەشەپێدانی مرۆیی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مرۆیی یەکان و چەسپاندنی ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتیەکەی.

پێوەرەکانی حوکمی ڕەشید:
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان (UNDP ) کۆمەڵێک پێوەری داناوە بۆ حوکمی ڕەشید:
- مافی بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا بۆ هاوڵاتیان بە بێ جیاوازی وە بونی ئازادی مافی کۆمەڵگا لە پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراو و سەندیکاکان کە زامنی ئازادیە گشتیەکان دەکەن.
- سەروەربونی یاسا، پێویستە یاسا مەرجەعێکی جێگیر و پتەو بێت بۆ سەرجەم هاوڵاتیان بێ جیاوازی، سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری و شەفاف بونی ، وە خێرایی یەکلا کردنەوەی کێشەکان بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری، لە پێداویستیەکانی حوکمی ڕەشیدن.
- شەفافیەت، واتە ڕونی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کە بوار دەڕەخسێنێت بۆ خستنە بەردەستی زانیاریەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا، لە ڕێگەی دروستکردنی کەناڵی کارا  لە نێوان هاوڵاتیان و بەرپرسان، لەسەر ئاستی هەر سێ دەسەڵاتەکان.
- وەڵامدانەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە خێرایی وەڵامی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ داواکاریەکانی هاوڵاتیان و هاوکاری کردنیان، ئەمەش یەکێکە لە سیما دیار و سەرەکیەکانی هەر پلان و بەرنامە ڕێژیەکی سەرکەوتو بۆ خزمەتی هاوڵاتی و چاکەی گشتی.
- یەکسانی، حوکمی ڕەشید سورە لەسەر بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانی سەبارەت بە ڕەخساندنی هەل بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا بێ هیچ جیاکاریەک لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئاین... هتد، تا ئەوەی سەرجەم چین و توێژەکان بگەن بە مافەکانیان.
- لێپرسینەوەو لێپێچینەوە، ئەمەش بە دانانی سیستەمێکی چاودێری چالاک بەسەر فەرمانبەر و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت بۆ ڕێگری لە گەندەڵی و قۆرخکاری و بە تاڵان بردنی ماڵی گشتی.
- دەستپاکی، کۆمەڵێک بەهای ئەخلاقی پەسەند کراوی کۆمەڵگا وەک ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، ئەمانەتداری، پیشەیی بون، بەرەنگار بونەوەی گەندەڵی ئیداری و خزم خزمێنەوە قۆرخ کردنی هەر دەسەڵات و پێگەیەک.
- ڕوانگەی ستراتیجی، بونی چەندین پلان و ستراتیجی ناوەند و دور مەودا بە مەبەستی هەڵسانەوەی کۆمەڵگاو گەشەسەندنی، کە خۆی دەبینێتەوە لە لیستی ئەو داخوازیانەی کە تاک و کۆمەڵگا و دەوڵەت پێکەوە هەوڵ دەدەن بۆ بەدیهێنانی لە ڕێگەی پابەند بون بە بنەماکانی حوکمی ڕەشید.
- بە حیزبی نەکردنی حکومەت لە ئیدارەی کاروباری دەوڵەت، واتە نابێت سیاسەتی حکومەت دابڕێژرێت لە ژێر ڕۆشنایی بەرژەوەندی تایبەتی حیزبێک یان چەند حیزبێک، بەڵکو سیاسەتی حکومەت دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستیەکان بێت بە ڕەچاو کردنی بەرژەوەندی گشتی تەواوی هاوڵاتیان.

لێرەوە دەردەکەوێت حوکمی ڕەشید، حوکمی کارا کردن و هاندان و گەشەپێدانی توانست و بەهرەی هاوڵاتیانە لە هەمو بوارەکانی ژیاندا، لە پێناو بنیاتنانی نیشتمانێکی خاوەن سەروەری و پاراستنی ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی،  وە بەرجەستەکەری پێکەوە ژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی بێت، وە تاکەکان خاوەنی تەواوی مافە کەسیەکانی خۆیان بن.

بە ڕوانین لە بارودۆخی ئێستای کوردستان، دەبینین دروستکردن و بە دیهێنانی حوکمی ڕەشید پێویستیەکی هەنوکەیی یە بۆ دەربازکردنی کۆمەڵگەی کوردی لەو هەمو قەیرانەی بەرۆکی گرتوە، ئەمەش ئەرکی لە پێشینەی دەستەبژێری سیاسی کوردستانە بە هەموو لایەنەکانەوە کە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە نزیک بونەوە لە حوکمی ڕەشید، بە پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و چالاک لە داهاتودا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP